شێخ مارفی نۆدێ و مێژووی شارباژێر

30 April 2021
شێخ مارفی نۆدێ و مێژووی شارباژێر

حەسەن مەحموود حەمەکەریم، لێکۆڵەری مێژووی کورد لە ئەڵقەی سێزدەیەمی بەرنامەی (خاکی پیرۆز)دا کە بەرنامەیەکی مەیدانیی تۆڕی میدیایی رووداوە و چیرۆکە نەزانراوەکانى پشت شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و کەسایەتییە دیارەکان دەگێڕێتەوە، ئەمجارە دەچێتە گوندی (نۆدێ) لە شارباژێر بۆئەوەی باس لە گرنگیی ئەو ناوچەیە لەڕووی مێژوویی و ژیانی کەسایەتییە ئاینییەکانی ئەو دەڤەرە بکات، لەوانە شێخ مارفی نۆدێ. گوندی نۆدێ بە کۆمەڵێک قەڵای مێژوویی زۆر کۆن دەورە دراوە، لەوانە قەڵا سارم، قەڵای کەچەڵی، قەڵای گێڵەرە، قەڵای کاژاو و قەڵای سرۆچک. بوونی ئەو هەموو قەڵایەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حوکمڕانییەکی زۆر کۆن لەو ناوچەیە هەبووە. مێژووی ئەو ناوچەیە بۆ نزیکەی 3 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی حەسەن مەحموود، حوکمڕانییەکی زۆر کۆن لە پێش ئیسلام لە دێی چنگیان کە دەکەوێتە پاڵ گوندی نۆدێ هەبووە. لە پاڵ گوندی نۆدێ چیایەک هەیە بەناوی چیای کەتوو، کە چیرۆکی خولە پیزە لەو شوێنە کۆتاییهات و بە دەستی حکومەتی عێراق کوژرا.
دەشگوترێ گۆڕی مالیکی ئەژدەر، کە یەکێک بووە لە سەرکردەکانی ئیمامی عەلی و پێکەوە لە دژی خەواریج شەڕیان کردووە، دوایی لەوێ شەهید بووە. لە دەوروبەری گۆڕەکەی مالیکی ئەژدەر سێ گردی گەورە هەن کە نزیکەی 50 هەزار تەرمیان تێدایە، گۆڕستانەکەش زۆر کۆنە و مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. گۆڕەکەی پیری شەوکێڵ-یش کە ئامۆزای پیرمەگروونە، هەر لەوێیە. لە پشتی ئەو دێی هەرمن هەیە کە شارێکی گەورە بووە.

سەبارەت بە شارباژێڕیش دەڵێ: ئەوەی تاوەکو ئێستا بزرە و مێژوونووسان زانیارییان لەسەری نییە، ئەوەیە کە ئەو شتەی شارباژێری بەناونراوە نازانن لە کوێیە، بەڵام ئەوەی من بزانم لە بناری شاخی کەتوو لە بەردەمی دێی هەرمن، ئاسەواری شارێکی گەورە بە شاخی کەتوودا سەرکەوتووە، دەڵێن گوایە زەردەشت لەو شارە بریندار بووە، بە برینداری گواستراوەتەوە شاری سەردەشت و لەوێ کۆچی دوایی کردووە. گوندی نۆدێ، مەڵبەندی زانست و عیرفان و شێخایەتییە، شێخایەتی قادری وەکو لە مێژوودا باسی لێوەکراوە لەو ناوچەیەوە دەستیپێکردووە، شێخ ئیسماعیلی ولیانی مامی شێخ مارفی نۆدێ دەخاتە سەر تەریقەتی قادری، لەوێوە شێخ مارف ئەو تەریقەتە وەردەگرێت، پێموابێت نۆدێ دەبێتە یەکەم مەڵبەندی بڵاوکردنەوەی رێبازی قادری لە سلێمانی و پاشان ناوچەی شارەزوور تاوەکو دەگاتە شام.

لە باسی ئەو کەسایەتیە ئایینیانەی کە لەو ناوچەیە ژیاون، حەسەن مەحموود باسی شێخ مارفی نۆدێ دەکات و دەڵێت: پیاوێکی زانای زۆر گەورە بووە لە سەردەمی بابانەکاندا، ساڵی 1753 لە گوندی نۆدێ لەدایکبووە و ساڵی 1838 کۆچی دوایی کردووە.
شێخ مارف کوڕی شێخ مستەفای شێخ ئەحمەدی شێخ محەممەدی کبریتی سوورە، شێخ مارف بە 13 پشت دەگەڕێتەوە سەر شێخ عیسای بەرزنجی. ماوەی چوار ساڵ لای ئیبن حاج وانەکانی مەنتیق و عەقیدە دەخوێنێت، دواتر باوکی داوا لە ئیبراهیم پاشای بابان دەکات بیهێنێتەوە بۆ قەڵاچۆلان، ئیبراهیم پاشا دەیهێنتێەوە بۆ قەڵاچۆلان و لەوێ دەیکاتە بەرپرسی هەموو قوتابخانەکانی قەڵاچۆلان و دەبێتە ئیمامی مزگەوت.

کاتێک کە ئیبراهیم پاشا بوو بە میری بابان، بیری لەوە کردەوە پایتەخت لە قەڵاچۆلانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێک، سەرەتا بیریان بۆ ئەوە چوو بیبەن بۆ سەر سیت لە پێش چوارتا، بەڵام چەند کەسێک پێیانگوت دەشتی سلێمانی لە هەموو شوێنێک گونجاوترە و دەکەوێتە نێوان دوو دۆڵ و کانیاوی زۆری تێدایە، بۆیە بڕیاریاندا پایتەختی میرنشینی بابان لە قەڵاچۆلانەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی. یەکەم کاری ئیبراهیم پاشا دروستکردنی مزگەوتێکی گەورە بوو بۆ شێخ مارفی نۆدێ لە سلێمانی، کتێبخانە گەورەکەی قەڵاچۆلانی بۆ هێنا و کردی بە بەرپرسی کتێبخانە و قوتابخانەکە، هاوکات کردی بە ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی سلێمانی.

شێخ مارف نووسەر و شاعیر بووە، 59 کتێبی لەسەر فیقهـ و فەرموودە و راڤە هەیە، 870 پارچە شیعریشی هەیە کە قەسیدەی ئایینین. دوای کۆچی دوایی شێخ مارفی نۆدێ، ئەو کتێبخانە گەورەیەی لە سلێمانیدا هەبوو زۆربەی فەوتا کە خەزێنەیەکی گەورەی میرنشینی بابان بوو.
شێخ محەممەدی خاڵ دەڵێ کە چوومە مزگەوتی گەورە، بینیم کتێبخانەکە کەوتووەتە ژێر دارو پەردوو، هەر کەس دێ بە ئارەزووی خۆی دەستنووس و کتێب دەبات، منیش داوام لە شێخ مەحموودی نەمر کرد بەڵکو کتێبخانەیەکی بۆ دروست بکەین، شێخ مەحموودیش پارەی بۆ تەرخانکرد، کتێبخانەیەکی گەورەمان بۆ دروستکرد و کتێبەکانمان سەرلەنوێ بەرگکردنەوە، بەو شێوەیە کتێبخانەی سلێمانیمان دووبارە دروستکردەوە و رادەستی ئەوقافی سلێمانیمان کرد.

بەرهەمی ساڵی 2021