هاوردەكردن و بازرگانیكردن بە مۆتۆرسكیل لە هەرێمی كوردستان

هاوردەكردن و بازرگانیكردن بە مۆتۆرسكیل لە هەرێمی كوردستان

 

لەم بەرنامەیەدا بەدواداچوون بۆ هاوردەكردن و بازرگانیكردن بە مۆتۆرسكیل دەكرێت لە هەرێمی كوردستان.

تۆماركردنی بەرنامەكە لەكاتێكدایە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی مۆتۆرسكیل لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، هەڵمەتێك کە لە هەرێمی كوردستان، لە شارێكی وەكو سلێمانی چڕترە.

نێوەڕۆكی بەرنامەكەو زۆرینەی بەدواداچوونەكان لەنێو شاری سلێمانیدایە، دەردەكەوێت قایمقامی سلێمانی پشتئەستوور بە یاسایەك هەڵمەتەكە دەستیپێكردووە و دەشڵێت بەهۆی مۆتۆرسكیلەوە كێشە ئەمنی و كۆمەڵایەتییەكان زیادیان كردووە.

هەڵمەتەكە بەو شێوەیەیە، دەستبەسەر هەر مۆتۆرسكیلێكدا دەگیرێت كە لەسەر شەقام دەكەوێتە بۆسەی پیاوانی پۆلیسی هاتووچۆ، بەدواداچوونی بەرنامەكەش بەڕوونی ئەوەی تێدا دەردەكەوێت، بۆچی مۆتۆرسكیل لەسەر شەقامەكان قەدەخەیە، بەڵام لەنێو پێشانگەكان و ئەو دووكانانە قەدەخە نییە كە كڕین و فرۆشتن بە مۆتۆرسكیلەكانەوە دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، دانبەوەدا دەنێت كە لێخوڕینی مۆتۆرسكیل بەشێوە گشتییەكەی ئاوها نایاسایی و قەدەخە نییە، چونكە وەكو خۆی دەڵێت ژمارەیەك مۆتۆرسكیل تۆماركراون لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و وەك خۆی باسی دەكات ژمارەیەك شۆفێریش مۆڵەتی لێخوڕینی مۆتۆرسكیلیان هەیە.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێدانی مۆڵەتی لێخوڕین و تۆماركردنی مۆتۆرسكیل قەدەخە كراوە، بەڵام بازرگانییەكە رانەگیراوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ نایشارێتەوە كە تووشی سەرسوڕمان بووە كاتێك بینیویەتی لە پێشانگەو دووكانەكانی مامەڵەكردن بە مۆتۆرسكیل بەردەوامە، ئەو راشكاوانە دەڵێت، هەموو بازرگانییەك بە مۆتۆرسكیل نایاساییە و پۆلیسی هاتووچۆ دەتوانێت لەنێو دووكانەكانیشدا لێپێچینەوە بكات و رێگری لە بازرگانییەكە بكەن و دووكانەكەش دابخەن.

تۆپ ستۆری، بەرنامەیەكی بنكۆڵكاری تۆڕی میدیایی رووداوە، مژاری گەرمی هەفتە بەدواداچوونی وردی رۆژنامەوانیی بۆ دەكرێت و هەموو پێنجشەممەیەك كاژێر 10:30 خولەكی شەو لەلایەن بەهرۆز فەرەیدوون، پێشكەش دەكرێت.