هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ کوالێتی و بێ گەرەنتی

هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ کوالێتی و بێ گەرەنتی

 لەم بەرنامەیەدا بەدواداچوون بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ کوالیتی و بێ گەرەنتی (زەمان) دەکرێت، کە بەشێکی زۆری بازرگانەکان لە دوبەی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هاوردەی هەرێمی کوردستانیان دەکەن.

ئەوەی لە بەرنامەکەدا تیشکی خراوەتەسەر؛ هاوردەکردنی هەم ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانە، هەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی زۆربەی خەڵکی باشووری کوردستان لایان گونجاوە بەتایبەت هەردوو جۆری تویۆتا و نیسان.

لە نێوەڕۆکی بەرنامەکەدا دوو گەورە بازرگانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەردەکەون، کە یەکێکیان ئۆتۆمبێلی لاند رۆڤەر و جاگوار هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات ئۆتۆمبێلەکان بەپێی کەشوهەوا و  کوالێتی رێگەوبان و بەنزینی ئەو وڵاتە دروستکراون کە تایبەت بۆی دروستدەکرێت، بەڵام ئۆتۆمبێلە بێ زەمانەکان کە بۆ وڵاتێکی دیکە دروستکراون، بۆ بەکارهێنان ناشێن لە وڵاتی عێراق، بەو بیانووەی زوو خراپ دەبن و کۆمپانیاکەی ئەوانیش ناتوانێت وەک پێویست خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ئۆتۆمبێلانە بکات، چونکە وەک خۆی دەڵێت زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان دزراون، پاشان هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.

سەردار، یەکێک لە گەورە بازرگانەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات و، تاکە بریکاری ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەیە لە عێراق، ئەو باس لەوە دەکات کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، بەپێی پێویست باج نادەنە حکومەت و، پارچەی ئۆتۆمبێلەکان ستۆک بوون، ئەو ئێرباگی نزیکەی چل هەزار ئۆتۆمبێلی جۆری تویۆتا بە نموونە دەهێنێتەوە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەسووڕێنەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی لەنێو بەرنامەکەدا باس لەوە دەکات: نزیکەی 200 کۆمپانیای هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن، بازاڕەکە ئازادە و بازرگانەکان ئازادن لە هاوردەکردنی جۆری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە دڵخوازی خۆیانە.

بەشێکی وێنەگرتنی بەرنامەکە لەنێو پێشانگەکانی ئۆتۆمبێلە لە هەولێر، یەکێک لە بازرگانەکانیش نایشارێتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکان هاوردەدەکرێن، دەستکاری دەکرێن و بەشێک لە پارچەکانیان ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.

تۆپ ستۆری، بەرنامەیەكی بنكۆڵكاری تۆڕی میدیایی رووداوە، مژاری گەرمی هەفتە بەدواداچوونی وردی رۆژنامەوانیی بۆ دەكرێت و هەموو پێنجشەممەیەك كاژێر 10:30 خولەكی شەو لەلایەن بەهرۆز فەرەیدوون، پێشكەش دەكرێت.