حەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان

حەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان
لە ساڵی 1988 دا لە هەڵمەتێکی سەربازی گەورەو پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا لە رێی 8 قۆناخی جیاوازەوە پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد، وەکو جێبەجێ کردنێکی وردی سیاسەتی جینۆسایدی کورد و سوتماککردنی گوندەکانی کوردستان.

بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران لە تۆپزاوا کۆکراونەتەوەو دواتر گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و پیرو بەتەمەنەکانیش لە لایەکی دیکە جیا کراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەتی بەرەو چاڵەکانی مەرگ رەوانە کراون و ئەوانی دیکەش بەرەو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان گواستراونەتەوە لەوپەڕی باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە.

ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان گواسترانەوە زیاتر لە پێنج مانگ لەو زیندانە  ترسناک و خاڵی لە هەموو پێوەرەکانی ژیان، دەستبەسەر بوون، دواتر زۆربەی ئەو خێزانە هەڵەبجەییانەش، کە لە ئێران دەگەڕانەوە دەهێنرێنە نوگرە سەلمان.

ئەو هەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون رۆژانە ئازاری دەستی جەلادێک دەچێژن، کە دۆزەخی زیندانی نوگرە سەلمانی تاڵتر و بەسوێ تر کردبوو.

ئەو جەلادە ناوی عەجاج تکریتی بوو کە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەکانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێ و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بوو، وێنەی ئەو جەلادە تەنیا لە نێو یادەوەری ئەنفالدیدەکاندا هەیە، ئێمە لەم بەدواداچونەماندا دەمانەوێ تاکە وێنەی ئەو جەلادە بدۆزینەوە کە لەسەر دەستی ئەودا ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەنفالدیدەکانی داوەو بە سەدان کەس بەرگەی ئەو ئازارانەی نەگرت و هەر لە نوگرە سەلمان گیانی پاکی سپارد.

یەکەم وێستگەی ئەو گەشتەمان لە شاری بەسرەوە دەست پێدەکات، لێرە بەڕێکەوت زانیاری ئەوەمان لە چەند کەسێک وەرگرت، کە عەجاج تکریتی جەلادە دڵ رەقەکەی نوگرە سەلمان، دوو وێنەی لای کەسێک هەیە.