پەروەردەی چینی: نەریت و تەکنەلۆژیا بۆ داهاتوو

پەروەردەی چینی: نەریت و تەکنەلۆژیا بۆ داهاتوو

گەورەترین سیستەمی پەروەردەیی جیهان چۆن کار دەکات؟ مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە چین سەردانی چەند قوتابخانەیەکی کردووە لە وڵاتی چین و لە نزیکەوە ئاشنابووە بە چۆنیەتی کارکردنی ئەم سیستەمە کە خاوەنی زیاتر لە 2700 زانکۆ و ملیۆنان قوتابییە.

وەبەرهێنانێکی گەورە لە پەروەردە

حکومەتی چین ساڵانە زیاتر لە 4٪‏ی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکەی تەرخان دەکات بۆ پەروەردە، کە دەکاتە زیاتر لە 850 ملیار دۆلار - ژمارەیەک کە بەردەوام لە زیادبووندایە.

"لە ژێر رێنمایی حکومەت و سەرکردەکان، تەواوی قوتابخانەکان لە خەمی گەشەسەندنی تەندروستانەی گەنجاندان،" بەم شێوەیە شێن لی فێنگ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی پەکین لە وتووێژی تایبەتدا بۆ رووداو دەدوێت.

درێژترین رۆژی قوتابخانە لە جیهاندا

مەهدی فەرەج چووەتە ناو پۆلەکانی قوتابخانەیەکی چینی و دەڵێت: قوتابیان لە چین 5 رۆژ لە هەفتەدا دەچنە قوتابخانە، لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تاوەکو 5:30ی ئێوارە، کە درێژترین مەودای مانەوەیە لە قوتابخانە لە سەرانسەری جیهاندا.

خشتەی رۆژانەی قوتابخانەکان بە شێوەیەکی ورد رێکخراوە:
*   وەرزشی بەیانیان وەکو دەستپێک
*   وانەی 30 خولەکی بەیانیان
*   15 خولەک پشوو لە نێوان وانەکان
*   40 خولەک چالاکیی دەرەوە لە نیوەڕۆدا
*   خواردنی ژەمی نیوەڕۆ لە قوتابخانە

لە قوتابخانەکانی چین قوتابیان کاتێکی زۆریان هەیە بۆ چالاکی وەرزشی. کاتێک زوو دەگەنە قوتابخانە، دەتوانن بچن بۆ ڕاکردنی بەیانیان. 15 خولەکمان لە نێوان وانەکاندا هەیە، و منداڵان دەتوانن بچنە گۆڕەپانی یارییەکان بۆ چالاکییەکان.

تەکنەلۆژیای نوێ و کەلتووری کۆن پێکەوە

پەیامنێری رووداو سەردانی قوتابخانەی فو شوێ هوتۆنگی بنەڕەتی کردووە و لەگەڵ یوان ڕی شێ، مامۆستای چینی قسەی کردووە کە دەڵێت: "ئێمە بە هەموو توانامانەوە هەوڵ دەدەین شێوازی فێرکاری مۆدێرنتر بەکاربهێنین، تێکەڵیان بکەین لەگەڵ کولتوورمان. بۆ نموونە ئێمە نوێترین تەکنەلۆژیای AI لەگەڵ پەروەردەی شیعری کۆندا تێکەڵمان کردووە."

بە پێی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە 90٪‏ی قوتابخانەکانی چین، تەنانەت لە ناوچە دوورەکان، دەستیان بە ئینتەرنێتی خێرا دەگات و سوود لە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد وەردەگرن، کە بە پێی دەستپێشخەری "ئینتەرنێت + پەروەردە" جێبەجێدەکرێت.

STEM و زمانی بیانی لە پێشەوەن

لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، گو وێن، قوتابیەک لە پۆلی شەشەم دەڵێت: "بەزۆری فێری زانیارییەکی زۆری بیرکاری دەبین. مامۆستا ڕێکمان دەخات بۆ بەشداریکردن لە چەندین چالاکیی بیرکاری سەرنجڕاکێشدا، وەکو نۆ لینک، لاساییکردن، سودۆکو و هتد."

بە پێی لێکۆڵینەوەی رووداو، جگە لە STEM، گرنگی زۆر بە فێربوونی کولتووری و نیشتیمانپەروەریش دەدرێت، هەروەها گرنگی بە زمانی بیانی دەدرێت کە قوتابیان تێیدا فێری زمانی ئینگلیزی، ژاپۆنی، رووسی، فەرەنسی و ئیسپانی دەبن.

پەیوەندی نێوان مامۆستا، قوتابی و خێزان

کیان جی، مامۆستایە لە قوتابخانەی فو شوێ هوتۆنگ کە 18 ساڵە خەریکی وانەگوتنەوەیە. دەڵێت: "قوتابخانەکەمان بە بەردەوامی کۆنفرانسی دایک و باوک و مامۆستا ساز دەکات بۆ ئەوەی دایک و باوکان ئاگاداری فێربوون و بارودۆخی ژیانی منداڵەکەیان بن لە قوتابخانە. مامۆستایان بە بەردەوامی سەردانی ماڵی قوتابیانیش دەکەن بۆ ئەوەی لە بارودۆخی ژیانیان تێبگەن."

ئامارەکان و ئاڵنگارییەکان

ڕێژەی خوێندەواری لە چین گەیشتووەتە 99.8٪، ڕێژەی ناونوسکردنی خوێندنی سەرەتایی 99.9٪ و ناوەندی زیاتر لە 94٪، و ڕێژەی ناونوسکردنی ئامادەیی (کە ناچاری نییە) نزیکەی 89٪‏ە.

بەڵام سیستەمەکە بەبێ ئاڵنگاری نییە. گوشاری ئەکادیمی، بەتایبەت سەبارەت بە تاقیکردنەوەی گاوکاو بۆ وەرگرتن لە زانکۆ، کە ساڵانە نزیکەی 13 ملیۆن خوێندکار بەشداری تێدا دەکەن، گەورەترین ئاڵنگارییە.

لە ساڵی 2021، چین سیاسەتی "دوو هێندە کەمکردنەوە"ی خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ئەکادیمی لەسەر خوێندکاران، کە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەرکی ماڵەوە و سنووردارکردنی وانەوتنەوە تایبەتەکانە.

مووچەی مامۆستایان و خزمەتگوزاری خواردن

رووداو زانیاری لەسەر موچەی مامۆستایان لە چین کۆکردووەتەوە کە دەڵێت: مووچەی مامۆستا لە چین نزیکەی موچەی خزمەتگوزاریی مەدەنییە، لە شارە گەورەکان لە نێوان 1100 بۆ 1500 دۆلارە و لە ناوچە گوندنشینەکان لە نێوان 400 بۆ 800 دۆلارە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی قوتابخانەکانی چین ئەوەیە کە هەموو خواردنێکی بەکوالێتی بە نرخێکی زۆر کەم (کەمتر لە 2 دۆلار بۆ ژەمێک) یان بەخۆڕایی لە ناوچە گوندییەکان پێشکێش دەکرێت.

نەوەی داهاتوو لەسەر فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس

قوتابییەکی پۆلی شەشەم بە ناوی یانگ های تۆنگ دەڵێت: "زۆر حەزم لە مامۆستاکانمانە. زۆرجار لە ناو کەمپەسدا هەندێک رێوڕەسمی ڕێزگرتن ئەنجامدەدەین. هەمیشە ئەو گوتە کۆنەی رێزگرتن لە مامۆستایان و بەهادان بە رێگاکەمان لەبیرە."