ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حیزبی دەعوە: مووچە و بژێویی خەڵک لە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حیزبی دەعوە دەڵێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆر ئاستدا زۆر پتەوە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ زۆرێک لە پرس و کێشەکان هەیە، بەو تێگەیشتنە هاوبەشەیش زۆرێک لە گرفتەکانی عێراق چارەسەر کراون.
فەزڵ فەرەجوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "پەیوەندییەکی مێژوویمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە" و دان بەوەشدا دەنێت، جۆرە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە و لە زۆرێک لە پرسە هەستیارەکان هاوبۆچوونن بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەعوە لە بەشێکی گوتەکانیدا باس لە کێشەی مووچە و بودجە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی دەکات و دەڵێت، "ئێمە هیچکات لەگەڵ بڕینی مووچە و قووتی ژیانی خەڵکی هەریمی کوردستان نین، بەڵام بەردەوام داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە هاوشێوەی حکومەتی ئیتیحادی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەکو ئەوەی لە رێککەوتنەکان هاتووە، تاوەکو بتوانین داکۆکییان لێبکەین و ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت."
بە گوتەی فەرەجوڵڵا، بەرپرسانی حیزبی دەعوە پاڵپشتیی هەڵوێستی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە شەڕی غەززە و لوبنان و دەڵێت، "هەڵوێستەکە روون و دیارە و سیستمی سیاسیی عێراق بەلای ئێمەوە هێڵی سوورە و نامانەوێت زیانی بەربکەوێت."
بهشی بكه لە