کوژرانی ئیسماعیل هەنییە رەوشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات

31 July 2024
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە رەوشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە و ئێران و ئیسرائیل ئاستی هەڕەشەکانیان بەرزدەکەنەوە.
رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: حەماس توانی کۆتایی بە ئەفسانەی ئیسرائیل بهێنێت کە خاکەکەی پارێزراوە و هاوڵاتی ئیسرائیلی خرانە دۆخێکەوە کە هەست بە نائارامی بکەن.
گوتیشی: هێرشەکانی حەماس ئیسرائیلی لە قۆناخی بەرگرییەوە بردە قۆناخی هێرشبردن و ئیسرائیل دەزانێت بەرزکردنەوەی توانای سەربازیی حەماس ئێرانی لەپشتە بەڵام ئێران نایەوێت بکەوێتە جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.
بە گوتەی بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، ئیسرائیل تاکە ئاستەنگی بەردەم سەپاندنی هەژموونی ئێرانە لە ناوچەکە و کوژرانی هەنییەش لە تاران پەیامێکی روون و تووندی بۆ ئێران لەخۆی گرتبوو کە پێدەچێت دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ببات.
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. حەیدەر بەرزنجی، بەرپرسی ناوندی نەرامسین کە لە عەممانەوە بەشداریی بەرنامەکەی کردبوو گوتی: ئیسماعیل هەنییە کەسێکی سەربازیی شاراوە نەبوو تاکو بەوشێوەیە بکوژرێت و ئیسرائیل دەیەوێت وڵاتانی دیکە لە شەڕ تێوەبگلێنێت.
گوتیشی: ئەمریکا پابەند نییە بە ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئیسرائیل ئێستا لەوپەڕی لاوازیدایە و بەرەو نەمان دەچێت بۆیە دەیانەوێت وڵاتانی دیکە لە جەنگ و نائارامی تێوەبگلێنن.