ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی 2024

31 January 2025
ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی 2024
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیوادارم رۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی یەک لە بەغداوە بنێردرێت." وەزیر قسەکانی لە بەغداوە کرد، کە ئێستا لەگەڵ شاندێکی گەورە لەوێیە و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و شاندی عێراق لەسەر پرسی مووچە کۆبوونەوە، دەڵێن کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
 
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "چارەسەری کێشەی مووچە گرفتی تەکنیکیی هەیە، دەنا بە یاسای بودجە و بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، مووچە گەرەنتی کراوە."
 
گوتیشی، "لێکتێگەیشتنی مانگی یەک دەبێتە بنەما بۆ هەموو مووچەکانی 2025 و چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنی ئەمجارە کێشەی مووچەی 2025 چارەسەر بکات."
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ خالید بابە رەسووڵ، شارەزای سیستمی مووچە و بودجە و ئەژماری راژە گوتی، "لیستی مووچە و راژە دەستنیشان کراون، بەڵام گرفتی مووچە گرفتێکی سیاسییە."
 
خالید بابە رەسووڵ گوتیشی، "هەولێر و بەغدا وەکو دوو دەوڵەتی جیاواز مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکەن و ململانێی سیاسی بە بەرگی ئیداری و حکومییەوە دەکرێت لەنێوانیان."
 
هاوکات د. نەوزاد هەمەوەندی، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە دارایی و ژمێریاری ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو حکومەت و کۆمپانیایەک پێویستە بودجەی ساڵانەی هەبێت و تەرازووی پێداچوونەوە بۆ یەکسانکردنی داهات و خەرجییە."
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەیشی خستەڕوو، "لێبڕینی خانەنشینی لە تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان جێگەی نەکراوەتەوە و کەموکوڕیی تەرازووی پێداچوونەوە بەهانە دەداتە حکومەتی عێراق."