"189 سکاڵا لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆمارکراون"

30 October 2024
"189 سکاڵا لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆمارکراون"
 
پسپۆڕێکی هەڵبژاردن دەڵێت: زۆریی ژمارەی دەنگی پووچەڵ لەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، 3 هۆکاری هەیە، بەشێکیان پەیوەندییان بە هەڵەی دەنگدەر و بەشێکیشیان پەیوەندییان بە ئامێرەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
د. ئارام برادۆستی، پسپۆڕی هەڵبژاردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لەم هەڵبژاردنە دا رێژەیەکی زۆر دەنگ پووچەڵ بوون، ئەوەش جگە لە هەڵەی بەشێکی دەنگدەران، بەشێکی دەنگدەرانیش بە مەبەست دەنگی خۆیان سووتاندووە، هاوکات بەپێی زانیارییەکان بەشێک لە پووچەڵکردنەوەی دەنگەکان پەیوەندیی بە گرفتی تەکنیکیی ئامێری پیکۆس هەیە کە لە هەڵبژاردنەکەدا بەکارهێنراوە.
 
هاوکات هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: دەنگی پووچەڵ 10%ـی کۆی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانە و لایەنەکان 3 رۆژیان لەبەردەمە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن.
 
گوتیشی: لە هەڵەبجە کەمترین دەنگی پووچەڵ هەبوون و رێژەی تێپەڕاندنی پەنجەمۆر کەمتر 5% بووە، 135.260 کەس بەبێ پەنجەمۆر لەم هەڵبژاردنە دەنگیان داوە.
 
بە گوتەی هۆگر چەتۆ، 189 سکاڵا لەسەر هەڵبژاردن تۆمارکراون، بەڵام هیچ سکاڵایەک نەچووەتە پلەی سوور بۆیە ئەنجامەکان راگەیەندران.