رووداوی ئەمڕۆ؛ ئەمریکا تیمێکی 103 کەسی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنێرێت
رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن دەڵێت زیاتر لە 12 دامەزراوەی جیاواز و 6 کۆنسووڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کە پێکدێن لە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڵەستین و یەکێتیی ئەورووپاش پاڵپشتی رێکخراوەکانی چاودێرییکردن دەکات و چاوەڕوان دەکرێت کەنەدا و فەرەنساش چاودێر بنێرن بۆ چاودێریی پرۆسەکە.
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: تاوەکو ئەمڕۆ (دووشەممە 30.9.2024) زیاتر لە 480 کەس وەکو چاودێری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و لەو ژمارەیەدا 103 چاودێریان ئەمریکین.
گوتیشی: وڵاتانی ئەمریکا و رووسیا و تورکیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڵەستین داواکارییان پێشکێشکردووە بۆ چاودێریی هەڵبژاردن و وڵاتانی فەرەنسا و کەنەداش لەسەر هێڵن و چاوەڕوان دەکرێت ئەوانیش چاودێر بنێرن بۆ پرۆسەکە.
هاوکات، هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای هەڵبژاردن کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی بەشداریی رووداوی ئەمڕۆ بوو گوتی: جگە لە چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراو و دامەزراوەکانی چاودێریی، 5 هەزار و 24 کەس وەکو بریکاری پارتە سیاسییەکان تۆمارکراون، کە ئەوانیش رۆژی هەڵبژاردن چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.
"240 سەرپێچی و 16 سکاڵا"
لە بەشێکی گوتەکانیدا رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەماوەی 6 رۆژی بانگەشەکەدا تۆمارکراون و گوتی: پێش دەستپێکردنی بانگەشە 200 سەرپێچی تۆمارکراون و پێشێلکارییەکانیش هەڵواسینی وێنە و پۆستەری لیست و بەربژێر بوون پێش وادەی دەستپێکردنی بانگەشە.
گوتیشی: لەماوەی 6 رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن 40 سەرپێچی تۆمارکراون و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە فەرمی 16 سکاڵای لەبارەی پێشێلکارییەکان تۆمارکردووە.
" گوتاری تووند و زمانی زبری سەرکردەکان وەکو سەرپێچی تۆمارکراون، کە ئەم بانگەشەیە بەراورد بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی رابردوو زمانی زبر و ناوزڕاندن زیاتر بەدیدەکرێن" هۆگر چەتۆ وای گوت.
گوتیشی: مزگەوت و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراون، کە ئەوە سەرپێچییە، هاوکات دانانی فلێکسی بانگەشە لەسەر شۆستە و سەوزایی و دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ بەهەمانشێوە سەرپێچییە و لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراون.
"ئیدی قۆناخی ئاگەدارکردنەوەی بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان لە سەرپێچییەکانیان کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سزای دارایی ئەو لایەن و بەربژێرانە دەدات کە پێشێلکاریی ئەنجام دەدەن" رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان وای گوت.
هەر لەبارەی سزادانی دارایی لایەنە سیاسییەکان لە ئەگەری ئەنجامدانی پێشێلکاری، هەڵشۆ عەبدولفەتاح دەڵێت: بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان گوێ بە سزادان و پێبژاردن نادەن و بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی لە بانگەشەی هەڵبژاردن.
بە گوتەی ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن، چەندین سەرپێچی بانگەشە تۆمارکراون، کە مەترسییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروستکردووە، بەتایبەت لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران و سەرنشینانی ئۆتۆمبێل و پیادەڕۆی سەر شەقامەکان.
گوتیشی: گوتاری زۆر تووند و ئاست نزم لەم بانگەشەیەدا هەن، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە پێشێلکارییە زەق و گەورەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.