بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن و شەڕی میدیایی لە هەرێمی کوردستان

30 August 2024
بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن و شەڕی میدیایی لە هەرێمی کوردستان

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، زمانی زبر و راگەیێندراوی تووندی لایانە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕدەبێتەوە.

ئەبوبەکر عەلی، نووسەر و سیاسەتڤان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن چڕدەکرێنەوە و نەیارانی هەرێمی کوردستان رۆڵیان هەیە لە زەقکردنەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکاندا.

گوتیشی: بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو کەس هەیە و شکاندنی یەکتر لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.

بە گوتەی ئەبوبەکر عەلی، نەبوونی دەستوور وای کردووە هەرێمی کوردستان بە دامەزراوەیی نەبێت و حیزبەکان تەنانەت دامەزراوەکانیش بۆ بانگەشەی خۆیان بەکاربهێنن.

هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان گوتی: پڕوپاگەندەی پێشوەختەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و، قەیران و دابەشبوونی سیاسیی قووڵ هەیە.

گوتیشی: هەڵبژاردن پێویستی بە کەشێکی ئارامە، بەڵام هەر لەئێستاوە رۆژانە پێشێلکاریی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، لەکاتێکدا بەپێی یاسا؛ بڵاوکردنەوەی رق و کینە لە بانگەشەدا قەدەخەکراوە.

بەگوتەی هۆگر چەتۆ، کڕینی دەنگ لەلایەن هەر لایەنێکەوە پشتڕاستبکرێتەوە، لایەنە سیاسییەکە لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە.

هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی دامەزراوەی پەی دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە بۆ دروستکردنەوەی پەرلەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان گرنگە، بەڵام لە ئێستاوە دۆخێک دروستکراوە دەرفەتی کاری پێکەوەیی نەماوە.

گوتیشی: بەم دۆخەوە ناتوانرێت کابینەی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت و حیزبەکان لەبری تۆمەت پێویستە کارنامەی خۆیان بخەنەڕوو.

بە گوتەی د. سەروەر عەبدولڕەحمان، نزیکەی 700 بەربژێر دەرناچن بۆ پەرلەمانی کوردستان و هاونیشتمانییان متمانەیان بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن نەماوە.