کێ بەرپرسە لە رەفتاری سەربازەکانی کۆماندۆ لە سلێمانی؟
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک رووداوی کوشتن و تەقەکردن لە سلێمانی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و هێزێکی ئەمنی بە نانەوەی پشێوی تۆمەتبار دەکرێت، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێویستە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان چەکەکانیان لێوەربگیرێت و رێگەنەدرێت لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ ماڵەوە تاوەکو لە کێشەی خێزانیی و کۆمەڵایەتی، چەکی دەوڵەت بەکارنەهێنرێت.
شاخەوان رەئووف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئەگەرچی هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا رێکخراوە، بەڵام هێشتا چەک بە نایاسایی هەڵدەگیرێت و لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێنرێت.
گوتیشی: بەپێی یاسای هەموارکراوی مۆڵەتی چەک، پێویستە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لەکاتی ئەرکدا چەکیان پێبێت و لەکاتی پشوو و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە چەکەکانیان لێوەربگیرێت چونکە ئەوان چەکی دەوڵەتیان پێیە و ناکرێت لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا چەکی دەوڵەت بەکاربهێنرێت.
هاوکات، شاڵاو مەحموود، عەقیدی سەربازی لەبارەی تۆمەتبارکردنی هێزێکی سەربازی بەناوی "کۆماندۆ" لە سلێمانی بە نانەوەی پشێوی و ئەنجامدانی چەند تاوانێکی کوشتن و تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل گوتی: ئەو کردەوانە کردەوەی کەسین نەک بڕیارێکی سەربازیی و پێویستە ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەکاتی مەشق و راهێنان مەشق و راهێنانی ئەوەشیان پێبکرێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییان بکەن.
گوتیشی: لە بنەمادا نابێت هێزی سەربازی بێتە نێو شارەکان و لە ئەگەر کارەساتێکی سروشتی یان رووداوێکی زۆر گەورە پێویستە لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆ هێزی سەربازی بهێنرێنە شارەکان ئەویش بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ناوخ و دواتر ببرێنەوە دەرەوە.
بهشی بكه لە