رووداوی ئەمڕۆ 29/08/2024

29 August 2024
رووداوی ئەمڕۆ 29/08/2024

جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاریی هەڵبژاردن کە ئێستا سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە لە عێراق بە وەکالەت، دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بە وردی چاوەڕێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن، هەروەها "هەموو ئەو لایەنانەی کە بینیومانن دەڵێن بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن".
 
کڵاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاوکاری هەڵبژاردن کە ئێستا سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە لە عێراق بە وەکالەت، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداو دا گوتی، هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەییان بۆ هەڵبژاردن دەربڕیوە و ئێستا 1193 بەربژێر هەن کە 350یان ژنن، ئەمەش بۆ ئێمە وەکو ئەرکێکی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گرنگە".
 
کڵاودیۆ کۆردۆنی باس لەوە دەکات، ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و ئەگەر شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە نوێ نەکرێنەوە ئەوا "دەکرێت کەسێک بچێتە دادگەی فیدراڵی و بڵێت دەمەوێت هەموو ئەو بڕیارانەی حکومەت داویەتی هەڵبووەشێنەوە".