د. ئەحمەد سەفار: پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان بە دەستی بەتاڵ نەچێتە بەغدا

28 August 2024
د. ئەحمەد سەفار: پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان بە دەستی بەتاڵ نەچێتە بەغدا

بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان بە لیستی ناوی مووچەخۆرانەوە بچێتە بەغدا و نەگەڕێتەوە تاوەکو وردبینی تەواو دەکرێت و کێشەکان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێن.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند: "کێشەی مووچە پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتییە و بە یاسا چارەسەر دەکرێت نەک بە رێککەوتنی سیاسی."

گوتیشی: ئەگەر کار بە یاسای بودجە نەکرێت ساڵی 2025یش کێشەی مووچە بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان پێویستە بەشەبودجە لە حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت نەک تەنیا مووچە.

بە گوتەی سەفار، کێشەی لیستەکانی مووچەی بە ئاسانی دەتوانرێت چارەسەر بکرێن و باس لەوەش دەکات، کە شاندی هەرێمی کوردستان پێویستە "لیستی ناوی تەواوی مووچەخۆران لەگەڵ خۆی بەرێتە بەغدا و نەگەڕێنەوە تاوەکو وردبینییان تەواو دەبێت و ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت."