یەکێک لە 'گەورەترین پڕۆژەکانی جیهان' لە دهۆک؛ 'تێچووی گواستنەوە بۆ ئەورووپا لێیەوە کەمترینە'
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، تێچووی ژێرخانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان 18 ملیار دۆلارە و خاڵی پەڕینەوەی رێگەکەش لە عێراقەوە بۆ تورکیا لە پارێزگای دهۆک دەبێت.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و گەیاندن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "توێژینەوەکان رێچکەی رێگەی گەشەپێدانیان دەستنیشان کردووە. رێچکەکەش سیاسی نییە، بەڵکو رێچکەیەکی هونەریی تەواوە بۆ پرۆژەیەکی زیندوو کە گەورەترین پرۆژەی عێراقە و یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکان لە جیهان و لە هەموو رێگە ستراتیژی و بازرگانییەکانی ناوچەکە کورتترە و تێچوویشی لەسەر بازرگانان کەمترە. هەر وڵاتێکیش بیەوێت وەکو دەوڵەت یان کەرتی تایبەت دەتوانێت وەبەرهێنانی تێدا بکات."
بە گوتەی ئەسەدی، رێگەی گەشەپێدان کە لە بەندەری فاو دەستپێدەکات و هێڵی ئاسنینە بۆ گواستنەوەی کاڵا لە بەندەرەکەوە راستەوخۆ بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەهۆی جوگرافیای ناوچەکە و قەرەباڵخییەوە نەتوانراوە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بۆ پەڕینەوەی بەرەو تورکیا دەستنیشان بکرێت، "ئەگەر بە ئیبراهیم خەلیلدا تێبپەڕیایە، خنکانی هاتووچۆ دروست دەبوو، بەهۆی کەمیی رووبەر و جوگرافیا و قەرەباڵخیی ناوچەکەوە، بەڵام هەر لە پارێزگای دهۆکەوە رێگەکە دەپەڕێتەوە نێو تورکیا، هیچ مەبەستێکی سیاسیی لەپشت گۆڕینی ئاراستەکەی نییە."
بهشی بكه لە