سوپای ئیسرائیل نزیکەی 20 کیلۆمەتر چووەتە خاکی سووریاوە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، بزووتنەوە جیهادییەکان لە بەرامبەر هزری ئیخوانی دروستبوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستا زۆر کارایە و بەرامبەر ئیسرائیل لە شکستدا نین.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بزووتنەوەی ئیسلامی بەرامبەر ئیسرائیل لە شکستدا نییە و دەستەی تەحریری شام بە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی وەرگرتووە.
گوتیشی: تاڵیبان کە رەتێکی زۆر تووندڕەوە، بە رێککەوتنی نێودەوڵەتی گەڕایەوە دەسەڵات، ئیسلام رێگە بە نەرمی نوواندن دەدات، بەڵام رێگە بە سازشکردن نادات و جیهاد هەمیشە بە مانای شەڕ نایەت.
دوای کەوتنی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل دەستی بە پێشڕەوی کرد بۆ نێو خاکی سووریا، تاوەکو ئێستا 20 کیلۆمەتر چووەتە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتەوە.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی سبەی بۆ توێژینەوە گوتی: دوای کەوتنی ئەسەد، نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕاوە و ناوچەکە لەبەردەم پاشەکشێی هەژموونی شیعەدایە. گوتیشی: ئیسرائیل ناخوازێت چیتر دراوسێی جیهادی هەبێت و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەمی پڕۆژەی هەڵوەشانەوە و دوورکەوتنەوەی دەوڵەتەکانە.
بە گوتەی رابەر تەڵعەت، هاتنەوەی ترەمپ گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراوی ئابووری و سیاسی لە جیهان لێدەکەوێتەوە و دەشڵێت: تەحریری شام ناتوانێت بە تەنیا سووریا کۆنترۆل بکات، ئیسرائیل بڕیاریداوە سنوورەکانی خۆی لە دوژمنەکانی پاک بکاتەوە و ئێستاش تورکیا خاوەندارێتی پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەکات