بەرەی تورکمانی لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە هەولێر دەڵێت: بەهۆی کەمکردنەوەی کورسی کۆتا و ستەمکردن لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، چاوەڕێن کورد و سریانی و ئاشووری دەنگیان پێبدەن نەک تەنیا تورکمان.
ئایدن مەعرووف، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی لە بازنەی هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "بەلامانەوە گرنگە پڕۆسەی هەڵبژاردن سەرکەوتوو بێت و سەقامگیری بەردەوام بێت و ئەم جارە وەکو لیستێکی ئاسایی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین نەک کۆتا."
گوتیشی: "لە هەولێر نزیکەی 400 هەزار تورکمان دەژین، دەستنیشانکردنی یەک کورسی بۆ تورکمان ستەم بوو، هەر بۆیە بەهۆی کەمی کورسی تورکمانەوە لە هەولێر لە دەرەوەی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین."
ئایدن مەعرووف باسی لەوەشکرد: "ئێمە تەنیا پشتمان بە دەنگدەرانی تورکمان نەبەستووە و چاوەڕێین کورد و سریانی و ئاشووری دەنگمان پێبدەن و بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتیی هەموو هەولێر دەکات نەک تەنیا تورکمان."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە بازنەی هەولێر باسی لە دەستوەردان لە کاروباری کۆتاکان دەکات و دەڵێت، پرسی کۆتا کرا بە باتێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دەستوەردانی تێداکرا و لایەنێکی سیاسی کە پێشتر بە کۆتاکانی دەگوت "پاشکۆ" ئێستا خۆی کۆتای کردووەتە پاشکۆی خۆی لە کەرکووک.