دژی هەمواری یاسای باری کەسی پەنا بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبرێت

27 August 2024
دژی هەمواری یاسای باری کەسی پەنا بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەبرێت
 
 
هاوپەیمانیی 188 کە بۆ دژایەتی هەمواری یاسای باری کەسی پێکهێنراوە؛ یاداشتنامەیەکی لەبارەی رەتکردنەوەی هەمواری ئەو یاسایە دەرکرد. رێزان شێخ دلێر کە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەیە دەڵێت: رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، باڵیۆز و کۆنسووڵی وڵاتان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر دامەزراوەکانی عێراق و نەهێڵن ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە.
 
رێزان شێخ دلێر، ئەندامی هاوپەیمانیی 188ـی دژ بە هەمواری یاسای باری کەسی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئێمە وەک ژمارەیەک داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵان و ژنان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە دۆخی ژنان و منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەداخەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە هەر کات زیاتر هەوڵی جیدی دراوە بۆ پاشەکشەی ماف و ئازادییەکانی خەڵكی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسەکانی ژنان.
 
گوتیشی: ئەم هەموارەی بۆ یاسای باری کەسی لە عێراق ئامادەکراوە رۆڵی دادگەکان لاواز دەکات و رێگە بە هاوسەرگیرییەکانی سیغە و موتعە و مسیار و بەشوودانی منداڵان لەسەر بێشکە دەدات.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رێبین سەباح، پارێزەری راوێژکار گوتی: ئەگەر ئەم هەموارەی بۆ یاسای باری کەسی لە عێراق ئامادەکراوە پەسند بکرێت ئەوا دادگە هێزی بڕیاردان لەدەستدەدات و دەبێتە دامەزراوەیەکی جێبەجێکاری بڕیارەکانی دەرەوەی دادگە لە پرسی باری کەسیدا.
 
گوتیشی: هەموارەکە جگە لە بەشوودانی منداڵان چەندین گرفتی دیکەی لێدەکەوێتەوە بەتایبەت لەکاتی جیابوونەوەی هاوژینەکان و پرسی دابینکردنی خەرجی و لەخۆگرتن و ئایندەی منداڵ.
Edited