بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە
ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.
یەحیا نەوزەر، ئەندامی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاشکراشی دەکات؛ هەموارێک بۆ پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە ئامادەکراوە و بەپێی هەموارە نوێیەکە، رێگە بە ئەمینداری گشتی دەدرێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستەکەی بەربژێر بکاتەوە.
بەپێی پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی پێشووی ئەو حیزبە، ئەمینداری گشتی تەنیا بۆ دوو خول دەیتوانی ئەمیندار بێت، لەکاتێکدا سەڵاحەدین بەهائەدین 7 خولە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامییە.
بڕیارە رۆژی هەینی (27-12-2024) کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەولێر ببەسترێت.
یەحیا نەوزەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە رووداو گوتی، "بە چڕی، کاردەکرێت بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکگرتوو بەسەرکەوتوویی و پەیڕەو رێگریی لە خۆبەربژێرکردنەوەی ئەمینداری یەکگرتوو ناکات."
گوتیشی "پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتوو هەموارکراوەتەوە و کۆدەنگی هەیە بۆ بەردەوامبوونی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستی ئەمینداری، بەپێی ئەو هەموارەی ئامادەکراوە؛ ئەگەر دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەوا هیچ رێگرییەک نییە لەوەی ئەمینداری گشتی جارێکی دیکە پۆستەکەی وەربگرێتەوە."
"تاوەکو ئێستا لە هیچ یەکێک لە کۆنفرانسەکان و لە ئۆرگانەکانیشدا هیچ کەسێک کەمترین تێبینی لەسەر جارێکی دیکە وەرگرتنەوەی پۆستی ئەمیندار لەلایەن سەڵاحەدین بەهائەدین نەبووە، هیچ کەسێکیش خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە" نەوزەر وای گوت.