نەخشەی سیاسی و قەبارەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان
لە هەشت حیزبی سیاسیی سەرەکیی هەرێمی کوردستان 5 حیزبیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان رەتدەکەنەوە و پێیانوایە ساختەکاریی لە پرۆسەکەدا کراوە، لێکۆڵینڤانێکێش دەڵێت: بەهۆی هەڵمەتی چڕی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگی خۆڵەمێشی لە هەرێمی کوردستان لە 40٪ بۆ 21٪ دابەزی.
رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لە رووداوی ئەمڕۆ گوتی: پێوانەکردنی دەنگ ستانداردی تایبەتی خۆی هەیە و نازانرێت رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل پشتیان بە چی بەستووە کە دەڵێن دەنگەکانیان کەمە.
گوتیشی: دەنگی خۆڵەمێشی بەهۆی زۆری لیستەکانەوە سەری لێ شێوابوو، بەراورد بە راپرسییەکان، لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەنگی خۆڵەمێشی لە 40% کەمبووەوە بۆ 21% بەهۆی چڕیی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها یەکێتی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بینی و بانگەشەکەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی داپۆشی.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، شیروان زرار، شارەزای هەڵبژاردن گوتی: ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات تێڕوانینیان جیاوازە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئێستا دۆخێک دروستبووە لە 8 حیزب 5 حیزبیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
گوتیشی: کۆمیسیۆن نەرمیی نواند لە جێبەجێنەکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و هیچ دوور نییە بەهۆی تێبینی و ناڕەزایی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان، ناچاربێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بداتەوە هاوشێوەی ساڵی 2018 لە عێراق.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، مەحمود بابان، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی: لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوند بە گوند و شار بە شار داتا و ئامارمان کۆکردووەتەوە. گوتیشی: ساڵی 2023 راپرسیمان لەبارەی ئەنجامی حیزبەکان ئەنجامدا و نزیکبوو لەم ئەنجامانە.
بە گوتەی مەحموود بابان، لە ساڵی 2021 – 2022 لە عێراق زیاتر لە هەشت ملیۆن ئەکاونتی ساختەی فەیسبووک هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر رای گشتی دروستکردووە
بهشی بكه لە