ئاری رەفیق: لە 2009وە نزیکەی 140 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاونەتەوە

25 March 2025
لە رۆژانی رابردوودا کۆمەڵێک رووداوی کوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران؛ بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تەنیا لە ماوەی 11 رۆژدا 20 کەس لە باشووری کوردستان کوژراون، کە زۆرینەیان تووندوتیژیی خێزانی بوون.
 
ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "تاوانی کوشتن لەنێو کۆمەڵگەی کوردی ریشەیەکی مێژوویی هەیە، کۆمەڵگە بەگشتی تەنیا تاوانەکان دەبینێت و پاڵنەرە شاراوەکان نابیندرێن."
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی گوتیشی، "چاکسازی هەیە لە هەرێمی کوردستان 5 برای تێدا بەند کراوە بەهۆی ئەنجامدانی تاوان، پێویستە خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر تۆڵەنەکردنەوەی کۆمەڵایەتی رابهێنن و پەنا بۆ تۆڵەکردنەوەی تاکەکەسی نەبەن لە کاتی کێشەکاندا."
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، بەشێک لەو کەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن، خێزانەکانیان پێشتر هەڵوەشاونەتەوە، "لە 2009 تاوەکو ئێستا نزیکەی 140 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاونەتەوە،" وەکو باس لەوەش دەکات، بەراورد بە گەشەی دانیشتووان 40% تاوانەکانی کوشتن بەراورد بە 2007 لە هەرێمی کوردستان کەم بوونەتەوە.
 
هاوکات رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوایان کرد، چەک لە ماڵان کۆبکرێتەوە تاوەکو رێژەی تاوانەکانی کوشتن کەم بکرێنەوە.
 
بەهار عەلی، بەرپرسی "رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدان" لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەوبارەیەوە گوتی، "کوشتن لە کوردستان لە کوشتنی تاکەکەسی دەرچووە و بووەتە کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەوەش زۆر مەترسیدارە."
 
گوتیشی، "بوونی چەک لە ماڵان، مەترسیی گەورەی لێکەوتووەتەوە. جگە لەوەش، بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە هۆکارێکن بۆ پەرەسەندنی تووندوتیژییەکان."