هەڤاڵ ئەبوبەکر هەموو شتێک لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی باس دەکات

24 September 2024
هەڤاڵ ئەبوبەکر هەموو شتێک لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی باس دەکات

پارێزگاری سلێمانی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ژمارەیەک داواکاریمان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد و ئەویش بەڵێنی جێبەجێکردنی پێداین و راستەوخۆش بەشێک لە داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ کردین.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی گرنگییەکی زۆری هەیە و لە کۆبوونەوەکەشمان باسمان لە چەند دۆسێیەک کرد لە سەروو هەمووشیانەوە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شار و رێگەنەدان بە تێکچوونی ئاسایش و ئارامی بەهۆی هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردنەکەنەوە.
 
"بڕوامان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: بڕوامان بە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێوەندیمان کردووە بە یار و نەیارەوە و هەموویان کۆکن لەسەر دید و بۆچوونەکان و ستراتیژ و شێوازی کارکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆیە توانا و قودرەتی کۆکردنەوەی هەیە، توانای گەڵاڵەکردنی گوتارێکی هاوبەش و و ستراتیژێکی هاوبەشی هەیە بۆ ئامانجی هاوبەش، داوامان لێکرد ئەو رۆڵە کارایەی خۆی بگێڕێت.
 
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "داوامان لێکرد سلێمانی بە پشتیوانی خۆی بزانێت و کۆبوونەوەی خوولی و بەردەوامی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەبێت".
 
"فڕۆکەخانەی سلێمانی و رێڕەوی"
 
هەر لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی باسی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و گوتی: ئێمە دەزانین بەڕێزیان (نێچیرڤان بارزانی) لە رابردوودا داکۆکی زۆری لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کردووە و لە کۆبوونەوەکەش داوامان لێکرد کە بە حوکمی پێگە و بەرپرسیارێتییەکەی، بە دوو ئاراستە هەوڵ بدرێت، یەکەم بۆ چارەسەری گەمارۆی فڕۆکەخانەکە و دووەم بۆ بەرفراوانکردنی زیاتری فڕۆکەخانەی سلێمانی، چونکە فڕۆکەخانەکە نزیکترین خاڵی پێکگەیاندنی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیایە بە ئەورووپا و پێگەکەی لە قەرەباڵخترین و کاراترین رێڕەوی بازرگانیی ئاسمانی و گەشتیاریی ئاسمانی نێودەوڵەتییە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوە کرد: داوامان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە هاوکارمان بێت لە پەرەپێدانی رێرەی بازرگانیی وشکانیی پارێزگای سلێمانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بیانی لە پارێزگاکە.
 
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بووە بە هێرش و بۆردوومانە ئاسمانییەکانی سەر پارێزگای سلێمانی و داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە رۆڵی هەبێت لە چارەسەری ئەو گرفتانە و چارەسەرکردنیان بە دیالۆگ و گفتوگۆ.
 
"هەڵمەتی چەواشەکاری و ئیرهابی فیکری"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، لەبارەی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئیداری پارێزگاکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەکرد، داوایان کردووە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هەبێت لە راگرتنی ئەو "هەڵمەتی چەواشەکارییانە"ی بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراوە دەکرێتە سەر سلێمانی و گوتی: "ئێستا بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو شەر خراوتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵەکانمانەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی دەروونی و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئیرهابی فیکرییە".
 
"پێویستە هەموو لایەک بە هیممەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم جۆرە بوختان و ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی شار و رابردوو و مێژوو کاریزما و کەسایەتییەکانی یەکتر رابگیرێن و داب و نەریتی یەکتر بپارێزرێت" پارێزگاری سلێمانی وای گوت.
 
گوتیشی: لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش داوامان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بە رۆڵی خۆیان زەمینەیەکی یەکسان بۆ هەموو لایەنەکان بڕەخسێنن و بەلامانەوە گرنگە کوردستان و قەوارەکەی سەربکەوێت و یەکتر قبووڵکردن هەبێت و حکومەتێکی بەهێزی خزمەتگوزاری سەرتاسەری بێتە سەرکار و پێویستە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین بە هەموومان.
 
هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوایکرد، بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت و لایەنەکان بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانيی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: بانگه‌شه‌يه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژيى ‌نێوان لايه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌، زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سياسه‌ت و به‌رنامه‌كانيان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.
 
"بەڵێن و جێبەجێکردن"
 
پارێزگاری سلێمانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی دوو خاڵی دیکەی کرد کە نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی چارەسەرکردنی یەکێکیانی پێداون و داواکارییەکیشی راستەوخۆ بۆ جێبەجێکردوون.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت: ئێمە سێ قوتانجانەی بەهرەدارانمان هەیە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، ئەمانە خەڵکی زانا و لێهاتوویان لە کایە زانستییەکان لەسەر ئاستی نێودەڵەتی پێدەگەیەنن، ئەم کەسە لێهاتووانە لە وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێن بۆ نموونە لە ئوردن شا عەبدوڵڵا و لە سعودیە محەممەد بن سەلمان پاڵپشتییان دەکات، چونکە ئەمانە خەڵکی ئاسایی نین و تواناکانیان زۆر بەهێزە، هەربۆیە داوامان کرد لە هەرێمی کوردستانیش بەڕێز نیچیرڤان بارزانی لەخۆیان بگرێت و پشتیوانییان بکات و بەڕێزیان بەڵێنیدا هاوکارییان بکات.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی، "خوێندنگەی ئەزمەڕی بەهرەدارانی سلێمانی داواکارییەکیان هەبوو و پیویستیان بە پڕەپارەیەک بوو، داواکەیانم خستە بەردەستی بەڕێز نیچیرڤان بارزانی و بە سوپاسەوە هەر لەوێ پارەکەی بۆ خەرج کردن".
 
ئەو گوتانەی پارێزگاری سلێمانی لەکاتێکدایە رۆژی سێشه‌ممه‌ 24.9.2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ردانێكدا بۆ پارێزگای سلێمانى، له‌ ته‌لارى پارێزگا له‌گه‌ڵ پارێزگار و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى پارێزگاكه‌ كۆبووه‌وه‌.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، له‌ كۆبوونه‌وەکەدا دۆخى گشتيى پارێزگاى سلێمانی، به‌تايبه‌تى لەڕووى كارگێڕى و خزمه‌تگوزارييه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌كارييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن تاوتوێ كران.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە "نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرد و جه‌ختى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌يه‌كى شارستانيى هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانى و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، وێڕاى ده‌ربڕينى پشتگيريى خۆى بۆ كارگێڕيى پارێزگاكه و بڕيارى جێبه‌جێكردنى ژماره‌يه‌ك له‌ داواكارييه‌كانيانی دا."