بەرپرسێکی خوێندنی باڵا: ئەم ساڵ دەتوانین 60 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرین

23 September 2024
بەرپرسێکی خوێندنی باڵا: ئەم ساڵ دەتوانین 60 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرین
سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە دەرچووانی 12ی ئامادەیی دەکات خۆیان فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە نەک لە سەنتەرە بازرگانییەکان.
 
د. خەتاب ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ هۆکاری پڕنەکردنەوەی فۆڕمەکە لە سەنتەرە بازرگانییەکەی باس کرد و رایگەیاند، "بەشێک لەو سەنتەرانە چەند نموونەیەکی ئامادەکراویان هەیە، ئەوەش هەم گرفت بۆ خوێندکارەکە دروست دەکات و هەمیش کاریگەریی هەیە لەسەر رێژەی خواست لەسەر کۆلێژەکان."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئێستا سیستمی زانکۆلاین کاراکراوە و دەرچووانی 12ی ئامادەیی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەتوانن داواکاری فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە.
 
سەرۆکی لیژنەی وەرگرتن گوتی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هیچ جۆرێک هانی دەرچووانی 12ی ئامادەیی نادات بۆ پڕکردنەوەی سیستمی خوێندنی پارالێڵ و ئەم ساڵ دەتوانین کورسیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بێ بەرامبەر بۆ هەموو دەرچووانی ئامادەیی دابین بکەین."
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ وەزارەتەکەیان دەتوانێت زیاتر لە 60 هەزار کورسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دابین بکات، لەکاتێکدا بەپێی داتاکان ژمارەی دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ ئەم ساڵی خوێندن 55 هەزار و 720 دەرچووە، واتا کورسی خوێندن لە ژمارەی دەرچووان زیاترە.
 
د. خەتاب ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، جگە لە دەرچووانی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چەند کەناڵێکی دیکەشەوە خوێندکاری بۆ دێت و پێویستە کورسی خوێندنیان بۆ دابین بکات، بەتایبەت لە خوێندنی پیشەیی و وەزارەتەکان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
گوتیشی: "ئێستا نزیکەی سێ هەزار داواکاریی خوێندنمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشکراوە."
 
بەپێی داتاکان ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 55 هەزار و 720 قوتابی لە قۆناخی 12ی ئامادەیی دەرچوون، لەو ژمارەیە 41 هەزار و 277 خوێندکاریان لە بەشی زانستی و 13 هەزار و 541 خوێندکاریشیان لە بەشی وێژەیی دەرچوون.
 
هاوکات هەر ئەم ساڵ 902 قوتابی لە ئامادەییە پیشەییەکان دەرچوون و بۆ یەکەمجاریش ئەم ساڵ دەرچووانی ئامادەییە پیشەییەکان دەتوانن لەرێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە داواکاریی خوێندن پێشکێشی زانکۆ و پەیمانگەکان بکەن.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە بە گرێبەستکردنی وانەبێژان کرد و گوتی: "ناوی تەواوی وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگەکان بە دوو لیست لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بە داتا و زانیاریی تەواوەوە و کارەکە لە وەزارەت تێپەڕیوە و ئێستا لای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەوان بڕیاری لەبارەوە دەدەن."
 
بە گوێرەی بڕیارێکی رۆژی 16ـی ئەیلوول کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بڕیار دراوە ئەو مامۆستایانەی خوێندنی باڵا کە ناویان لە لیستی 2023-2024ـی وەزارەتی داراییدا هەبووە بە گرێبەست بکرێن.
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.