سیروان بارزانی: ئەو فیلمەی ئێران بڵاویکردووەتەوە سووکایەتییە بە سەرکردایەتیی کورد

23 January 2021
سیروان بارزانی: ئەو فیلمەی ئێران بڵاویکردووەتەوە سووکایەتییە بە سەرکردایەتیی کورد

سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو فیلمەی ئێران لەسەر هێرشی داعش بۆ سەر مەخموور بەرهەمیهێناوە "سووکایەتییە بە سەرکردایەتیی کورد، ئەوە کارێکی نەشیاوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. پێویستە بە فەرمی داوا لە ئێران بکرێت کە ئامانجیان لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە روونبکەنەوە. " هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات "ئەوەی مەخموور و گوێڕی رزگار کرد هێزی پێشمەرگە بوو، هێزی هیچ لایەنێک نەبوو."
 
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کرد کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات، لەسەر هێرشی داعش بۆسەر مەخموور و زیادبوونی جوڵەی داعش لە عێراق قسەی کرد، هەروەها سەرنجەکانی لەسەر بەرهەمهێنانی کورتەفیلمێک لە وڵاتی ئێران لەبارەی شەڕی مەخموور خستەڕوو، کە تێیدا "بەشێوەیەکی نەشیاو باس لە هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی کورد دەکرێت."
 

 
سیروان بارزانی، لەبارەی چۆنێتی رزگارکردنی مەخموور و گوێڕ لە دەستی داعش ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی مەخموور و گوێڕی رزگارکردەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هێزی هیچ لایەنێکی سیاسی نەبوو، هیچ هێزێکیش پێش پێشمەرگە نەچووەتەوە مەخموور."
 
هەروەها دەشڵێت، "ئەو فڕۆکەیەی بۆردوومانی داعشی کرد لە شەوی هێرشەکەدا فڕۆکەی ئەمریکی بوو" تیشکی خستەسەر هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی مەخموور و گوتی، "یەکەم وڵات کە بە چەک هاوکاریکردین ئێران بوو."
 

 
لە بارەی رۆڵی ئێران لە رزگارکردنەوەی مەخوومر، سیروان بارزانی گوتی "ئێران هاوکاری چەکی کردووین، دوای رزگارکردنەوەی مەخمووریش هێزێکی ئێران کە 14 کەس دەبوون لەگەڵ قاسم سولەیمانی سەردانی میحوەری مەخمووریان کرد و نزیکەی 20 رۆژێک مانەوە و بەشداری چەند شەڕێکیان کرد." دەشڵێت، "ئێران زیاتر لەڕووی چەکەوە هاوکاری پێشمەرگەی کردووە."
 
لەبارەی ئەو فیلمەی ئێران لەسەر شەڕی مەخموور بەرهەمیهێناوە، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە نیگەران بوو لە زانیارییە نادروستەکانی ناو فیلمەکە و گوتی: "پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و ئێران لە هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کردووە لە شەڕی دژی رژێمی عێراق، هەروەها زۆرجار کە ئاوارەبووین روومان لە ئێران کردووە، ئێستا کارێکی راست نییە ئێران ئەو پەیوەندییە مێژوویەی نێوانمان بهێنێتە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمێکی بەو جۆرە."
 

 
سیروان بارزانی، پێی وابوو، زانیارییەکانی ناو فیلمەکە راستنین و دەشڵێت، "لە فیلەمەکەدا سوکایەتی بە سەرکردایەتیی کورد دەکەن، بەتایبەت هێرشدەکەنە سەر سەرۆک بارزانی و وا نیشانی دەدەن کە ورەی رووخاوە لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر مەخموور، سەرۆک بارزانی 50 ساڵە سەرکردایەتیی پێشمەرگە و شۆڕش دەکات، چەندین رووبەڕووبوونەوەی بینیوە و داستانی تۆمارکردووە، چۆن بە هێرشی داعش ورەی دەڕوخێت، پێوستە بە فەرمی داوا لە ئێران بکرێت روونکردنەوە بدات لەبارەی ئەوەی ئامانجیان چییە لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە، هەروەها پێویستە هەڵەکانی ناو فیلمەکە راستبکەنەوە." 
 
دەشڵێت "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئینجا پارتی وەڵامی ئێران بداتەوە و ئەوەش هیچ بە هانەیەک نییە، کە ئایا بۆچی ئێران ئەو کارەیان کردووە و ئامانجیان چییە لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە."
 

 
سیروان بارزانی، لەبارەی رۆڵی هێزەکانی یەکێتی لە رزگارکردنەوەی مەخمووردا رایگەیاند، "هێزێکی داعش بە 30 هەمەرەوە لە سنووری مەخموور هێرشیان دەکرد، لەوکاتەدا کاک لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار هاتن، من لەگەڵیاندا کۆبوومەوە گوتیان بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەین، منیش گوتم باشە ئەوە داعش هێرشدەکات با بچین رێگرییان لێبکەین، ئەویش گوتی 'وەڵا ئەوە ئیشی ئێمە نییە، ئیشی ئێمە هەڵکوتانە سەرە'، منیش گوتم یانی ئێوە ناتوانن ناوچەیەک رزگار بکەن؟ گوتی 'نەوەڵڵا' ، ئیدی منیش سوپاسم کردن، گوتم ئەگەر ئێمەش هەر ئیشەمان ئەوەبێت، هەموو ناوچەکە بە سێ رۆژ تاوەکو موسڵ رزگار دەکەین، ئیدی ئەوان گەڕانەوە هەولێر و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ شەڕەکە."
 
هەروەها لەبارەی بەشداریکردنی پەکەکە لە شەڕی مەخمووردا ئاماژەی بەوەکرد، "لەکاتی گەڕانەوە بۆ مەخموور چەند کەسێکمان لە دانیشتووانی کەمپی مەخموور بەشدارییان لەگەڵ کردین بۆ رزگارکردنەوەی مەخموور، چەند کچێکیشیان لەگەڵ بوو، لەگەڵ مەفرەزەیەک."
 

 
سیروان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "قاسم سولەیمانی هاتبووە مەخموور و لەگەڵ کاک عەلی حسێن و کاک نەجات دانیشتبوون. بەڵام نەچووبوونە مەخموور، ئەوان دوای ئازادکردنی مەخموور چوونە شارەکە، بەڵام پێش پێشمەرگە کەس نەچووەتە نێو مەخموور."
 
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر قاسم سولەیمانی نەهاتبا مەخموور، مەترسی لەسەر هەولێر دروست دەبوو؟ سیروان بارزانی ئاماژەی بەوەدا "ئێمە سوپاسیان دەکەین، بەڵام بەڕێز قاسم سولەیمانی هاتباو و نەهاتبا مەترسی هەر هەبوو. بەڵام پێشمەرگە خەتەریاتەکەی تەواوکرد."
 

 
لەبارەی داعش لە قەرەچووخ و رۆڵی هاوپەیمانان، سیروان بارزانی گوتی "لە 24 کاژێری رابردوودا 5 جار داعش لەلایەن فەرەنسا و ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆردوومانکراوە و بەردەوامیش دەبن لە هاوئاهەنگییەکانیان، بۆیە دوو چەکدار کوژراون و توونێلیش بۆردوومانکراوە. قەرەچووخ توونێل و ئەشکەوتی زۆری تێدایە. ئەو داعشانە لە نەینەوا و دیجلە و قەراخ و حەمرین و کەرکووک دێنە قەرەچووخ و خەڵکی بیانیش لە سووریاوە هاتوون بۆ نێو داعش، بەڵام نازانین ژمارەیان چەندە."
 

 
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت "بەگوێرەی ئەوەی کە چەکدارانی داعش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان شەڕ دەکەن و لێیان دیارە چەکی پێشکەوتووی وەکو قەناس و دووربینی شەوانەیان پێیە. بەڵام لە سووریا دەیهێنن یان هی کۆنە شاردوویانەتەوە نازانین. دیاریشە کە خەڵکێک هەیە هاوکارییان دەکات، هەندێک گوندی کوردنشین هەن کە ئەوان داوای پارە و سەرانەیان لێدەکەن."
 

 
سیروان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش و کورد لەنێو ئەو رێکخراوە گوتی "ژمارەی چەکدارانی داعش لە قەرەچووخ دیاریکراو نییە، بەڵام جار هەبووە ژمارەیان گەیشتووەتە 400 داعش، هەروەها 100 بۆ 75 داعشیان هەبووە. بەڵام ژمارەی کورد زۆر کەمە لەنێو داعش و پێشتریش ئەوەمان زانیوە کە بیانییەکان زۆرتربوون لە کورد. رەنگە 1%ی کورد لەنێو داعش بن. بەڵام داعش وەکو جاران نییە و ئەو هێزیان نەماوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەکو تیرۆر مەترسین لەسەر کوردستان هەموو جیهان. مانگ و نیوێک پێش ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانان شەڕی داعشمان کرد و 7 چەکداری داعش کوژران."
 

 
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت "2020 لە قەرەچووخ و لە سنووری ئێمە 149 داعش کوژران. لە 24 کاژێری رابردووشدا 5 جار داعش بۆردوومانکراوە."
 
 
سەبارەت بە دوایین کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە بەغدا کە بەهۆیەوە 32 کەس کوژراون و 110 کەسیش برینداربوون، سیروان بارزانی گوتی "بۆ داعش ئاسانە بگاتە بەغدا، لە ئەمنییەتی هەر وڵاتێکیش دەبێت خەڵک دژی ئەوە بێت کە تیرۆر هەبێت. بەڵام لەوێ ئەوە بە کەمی دەبینرێت. بەڵام هەڵبژاردن پەیوەندی بە کارەکانی داعش و تەقینەوەکان نییە و لەو باوەڕەدانیم. ئەوان دەیانەوێت بیسەلمێنن کە هەر ماون."
 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە "ئەوەی دەیبیستم رێککەوتنەکە زۆر خاوە، ئەگەر نیەتەکە سافە و دەیانەوێت رێککەوتن بکەن کارێکی باشە بە تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی و ئەوانەی ئاوارەبوون."