هیومەن رایتس وۆچ: عێراق خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات

22 August 2024
هیومەن رایتس وۆچ: عێراق خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات
لێکۆڵینڤانێکی عێراق لە رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، هەمواری یاسای باری کەسی مافی ژنان و منداڵان لە عێراق پێشێل دەکات و پێویستە بنەماکانی یاسا لەسەر بنەما ستانداردەکانی جیهان بن نەک بنەما مەزهەبییەکان.
 
سارا سەنبەر، لێکۆڵینڤانی عێراق لە رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: نیگەرانی گەورەمان هەیە بەرامبەر بەشوودانی منداڵان لە عێراق و هەمواری یاسای باری کەسێتی مافی ژنان پێشێل دەکات.
 
گوتیشی: پێویستە بنەماکانی یاسا لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بن و تەمەنی هاوسەرگیری پێویستە لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، چونکە هاوسەرگیریی منداڵان زۆر زیان بە کۆمەڵگەی عێراقی دەگەیێنێت.
 
بە گوتەی سەنبەر هەمواری یاسای باری کەسی عێراق بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە و باس لەوەشدەکات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق بەرەو خراپی دەڕوات و ئازادیی رادەربڕین لە دۆخێکدایە کە مایەی نیگەرانییە.