قوتابییە یەکەمەکانی عێراق چیرۆکی سەرکەوتنیان بۆ رووداو باس دەکەن

22 July 2024
قوتابییە یەکەمەکانی عێراق چیرۆکی سەرکەوتنیان بۆ رووداو باس دەکەن

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی 6ی ئامادەیی راگەیاند، قوتابییەکی کورد لە کەرکووک بە بەدەستهێنانی کۆنمرەی 100% لە هەموو وانەکاندا، یەکێکە لە یەکەمەکان لەسەر ئاستی عێراق.

کاردۆ فەرحان کە لە سەرجەم وانەکاندا نمرەی 100ی بەدەستهێناوە، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "قۆناخی 6ی ئامادەیی ئەو ترسناکە نییە کە قوتابی لێی بترسێت. رۆژانە 10 کاژێر کۆششم کرد تاوەکو ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنم."

ئەو قوتابییە کوردە یەکەمە گوتیشی، "هاوینی رابردووم بە خوێندنی وانەی ئینگلیزی بەڕێکرد، سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم داخست و مۆبایلم بەکارنەدەهێنا."

کاردۆ یەکێکە لەو 76 کەسەی نمرەی تەواویان لە سەرانسەری عێراق بەدەستهێناوە، باسی لەوە کرد، رۆژانە کاژێر 05:00ی بەیانی دەستیکردووە بە کۆششکردن و خوێندنی وانەکانی.

هەر لە کەرکووک قوتابییەکی دیکەی کورد بەناوی محەممەد سامان بە بەدەستهێنانی کۆنمرەی 99.7% لە پلەی دووەمی عێراقدایە، ئەویش بە هەمان شێوە لە رووداوی ئەمڕۆ باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی کرد و گوتی، "لە سەرەتای وەرزی هاوینی پارەوە دەستم بە خوێندنی وانەکان کرد، لە وەرزی خوێندنیشدا رۆژانە 12 کاژێر کۆششم دەکرد."

محەممەد گوتیشی، "لەکاتی کۆششکردن، پەیوەندیم لەگەڵ هاوڕێکانم پچڕاند و لە 24 کاژێردا تەنیا 15 خوولەک مۆبایلم بەکاردەهێنا."