د. عەبدوللەتیف ئەحمەد: لایەنگری هەر بڕیارێکم خزمەت بە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بکات

22 June 2023
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد: لایەنگری هەر بڕیارێکم خزمەت بە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بکات
رێبەری سەلەفییەکان دەڵێت، هەرێمی کوردستان وڵاتێکی موسڵمانە و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیش وەلیی ئەمرن کە "لە چاکەدا گوێڕایەڵییان دەکەین." ئاماژە بەوەش دەکات، ''لایەنگری هەر بڕیارێکی راست و دروستم کە خزمەت بە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بکات.''
 
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، رێبەری سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''لە کوردستان کەسانێک هەن کە دەمارگرژییانە ئایەتی قورئان و فەرموودەی پەیامبەر دەستکاری دەکەن و ئێمەشیان [سەلەفی] پێ کافرە.''
 
ماوەیەکە ناکۆکیی نێوان سەلەفی و ئەشعەرییەکان قووڵتر بووەتەوە تا ئەو جێگەیەی کە یەکدی بە "کافر" دەناسێنن، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لەوبارەوە گوتی، ''من کارم بە ئەشعەری و ماتوریدی نییە، بەڵکو کارم بە چوارچێوەی قورئانە، هەر کەسێک دەست بە قورئان و حەدیسەوە بگرێت، ئەوە ئەهلی هیدایەتە، بەپێچەوانەکەشی ئەوە گومڕاییە.''
 
بەگوتەی رێبەری سەلەفییەکانی هەرێمی کوردستان، گومڕایی لەگەڵ کافربوون جیاوازە و ''هەموو بیدعەیەک (داهێنان) لە دیندا گومڕاییە، چونکە گومڕا یانی ئەو کەسەی کە لە رێگەی راست لایداوە.''
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە چەند رۆژی رابردوودا، لەڕێی وتاری هەینی و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن چەند کەسێک گوایە خۆیان بە سەلەفی لە قەڵەم داوە، هێرشی ناڕەوایان کردە سەر گەورە زانایانی ئیسلام و سووکایەتی زۆریان بەرامبەر هەردوو رێڕەو و پەیڕەوانی ئیمامی ئەشعەری و ماتوریدی بە تایبەت ئیمام ئەبوو حەسەنی ئەشعەری هەڵڕشت".
 
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت، ''ئەگەر مەبەستیان من بووبێت بە هەڵەدا چوون، چونکە ئەوەی سووکایەتی بە ئیمام ئەبوو حەسەنی ئەشعەری کردووە من نیم، بەڵکو کەسێکی دیکەیە کە هەڵگری بیری سوننە و سەلەفیی راسەقینە نییە و ئەو بێڕێزییە بۆ ئێمەش قبووڵکراو نییە.''