ئازاد دۆسکی: دادگەی فیدراڵیی عێراق نادەستوورییە

22 April 2025
ئازاد دۆسکی: دادگەی فیدراڵیی عێراق نادەستوورییە
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکی لەبارەی رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و ناردنى پشکەکەى لە بودجە رەتکردەوە و سکاڵاکارەکەش دەڵێت، دادگەی فیدراڵی خۆی دامەزراوەیەکی نادەستوورییە و پابەندنەبوون بە دەستوور هۆکاری کێشەکانە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە تێیدا داواکراوە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیوەست بکرێن بە مادەکانى یەک و 11 و 13ـى یاسای بودجەى گشتى، کە تایبەتن بە خەمڵاندنى داهاتى بودجە و پارەى هەناردەى نەوت و دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان و رادەستکردنى نەوتەکەى.
 
ئازاد دۆسکی، پارێزەری راوێژکار کە سکاڵاکەی لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکردبوو دەڵێت: عێراق رێز لە دەستوور ناگرێت، بەپێی دەستوور هەموو هاووڵاتییەک لە عێراق دەتوانێت تانە لە یاسای بودجە بدات، بەڵام دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی منیان رەتکردووەتەوە بە پاساوی ئەوەی وەکو سکاڵاکار خاوەنی بەرژەوەندی نیم لەو دۆسێیە.
 
گوتیشی: وادەی یاسایی بۆ رێککەوتن لەبارەی هەمواری بودجە کۆتایی هاتووە و دوو سکاڵام دژی هەمواری یاسای بودجە تۆمارکردووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لە عێراق دەستوور جێبەجێ ناکرێت و خودی دادگەی فیدراڵیی عێراق دادگەیەکی نادەستوورییە، بەڵام ئێمە لە هەوڵە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆمان بەردەوام دەبین.