ناکۆکییە نێوخۆییەکانی کورد و مەترسییەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان
ناکۆکی نێوخۆیی لایەنە کوردییەکان لە سووریا بە مەترسی لەسەر ئایندەی رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت و نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان دەڵێت: پێدەچێت بەهۆی ناکۆکییەکانەوە کورد نەتوانێت بە یەک شاندی هاوبەش بچێتە دانوستاندنەکانی دیمەشق.
هۆشەنگ دەروێش نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: هیچ نزیکبوونەوەیەک نییە لەنێوان لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێدەچێت کورد بە دوو شاند بچێتە دانوستاندنەکانەوە.
گوتیشی: پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان چاو لە هەرێمی کوردستان بکەن کە هەرکات کورد بە یەکگرتوویی چووبێتە بەغدا دەستکەوتی زیاتری هەبووە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ گوتی: مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان زۆرن و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەک شاند بچنە دیمەشق.
گوتیشی: هەموو لایەنەکان خۆیان بە براوە دەزانن لە سووریا ئەوەش مەترسیدارە و ئەگەر لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا یەکگرتوو نەبن ئەمریکا ناتوانێت بیانپارێزێت.
هاوکات د. پەروێز رەحیم، مامۆستای زانکۆ گوتی: ئەکتەرە هەرێمییەکان بڕیاردەدەن ئایندەی سووریا چی دەبێت و ئیسرائیل براوەی یەکەم و ئێران دۆڕاوی یەکەمی رەوشی سووریان.
گوتیشی: ئێران هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکات بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سووریاوە و نایەوێت لایەنەکانی سووریا بگەنە هیچ رێککەوتنێک، بەڵام هەر هەڵەیەک لە رۆژئاوای کوردستان باجی قورسی دەبێت بۆ کورد.
بهشی بكه لە