پارێزگاری دهۆک: کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا بە پێویست نازانین

20 December 2020
پارێزگاری دهۆک: کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا بە پێویست نازانین
پارێزگاری دهۆک لەبارەی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ وڵاتی تورکیا بە رووداوی راگەیاند، "لەم کاتەدا کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا بە پێویست نازانین و ناکرێت دوو دەروازە بەرامبەر بە یەکدی بن." دەشڵێت "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەروازەیەکی زۆر گەورەیە و دەتوانرێت رۆژانە 10 هەزار شاحینەی گەورە لەو دەروازەیە هاتووچۆ بکات."
 
"گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا کاریگەری نەرێنی بۆ هەردوو وڵات دەبێت"
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند، "سەردانەکەمان زیاتر عێراقی بوو و بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی بوو، کۆمەڵێک بابەتی جیاواز باسکران، بەتایبەت ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوەی عێراق. هەردوو وڵاتیش داواکاری خۆیان و ئەجێندای تایبەت بە خۆیان هەبوو. بەشێک لە بابەتەکانیش پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو."
 
سەبارەت بەوەی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووریی لەگەڵ تورکیا، پارێزگاری دهۆک گوتی " دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەروازەیەکی زۆر گەورەیە و دەتوانێت رۆژانە 10 هەزار شاحینەی گەورە تێیدا هاتووچۆ بکات. بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی ئێمەدان، هەزار و 300 بۆ هەزار و 500 شاحینە هاتووچۆ دەکەن. کێشەی ئەوەمان نییە کە ئەو دەروازەیە نەتوانێت پێشوازیی لەو بارهەڵگرانە بکات. بۆیە 12 خەتی هاتن و چوون هەن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان."
 
پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە "سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە حەزدەکەن ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئەوان و عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە، بۆیە زیادکردنی دەروازەکان نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا."
 
سەبارەت بەوەی کە داهاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل چەندە؟ عەلی تەتەر گوتی "نازانم داهاتەکەی چەندە، بەڵام رۆژانە هەزار و 300 بۆ 1500 بارهەڵگر دێنە نێو هەرێمی کوردستان."
 
"کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لەم کاتەدا بە پێویست نازانین"
 
لەبارەی مەرجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی دیکە، پارێزگاری دهۆک گوتی "هەر دەروازەیەک بکرێتەوە دەبێت پارێزگای دهۆک ئاگاداربکرێتەوە، لەبەرئەوە بەرژەوەندی خەڵکی زاخۆ و دهۆک لە پێش هەمووشتێکەوەیە." دەشڵێت "بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵێک ناوچەی شوێنەواری لەوێ هەن کە بڕیارە دەروازەیەکی دیکەی لێ بکرێتەوە، بۆیە ئەو شوێنە رەنگە زۆر باش نەبێت بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە، بەڵام دەکرێ لە رۆژئاوای ئیبراهیم خەلیل باشتربێت بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە. بۆیە دەکرێ شاحینەی تورکی لەوێوە زیاتر سوودیان هەبێت بۆ هاتنەناوەوەی هەرێمی کوردستان. هەر لەبەرئەوەشە پێمانوایە کە ئێستا کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ و لەم کاتەدا بە پێویست نازانین."
 
پارێزگاری دهۆک دەشڵێت |داهاتی ئیبراهیم خەلیل زیاتربووە لە جاران، بەڵام نازانین کە داهاتی رۆژانە چەندە." دەشڵێت "داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە و لە سنووری پارێزگای دهۆک خەرجناکرێت، بەڵام دواتر لە خەزێنەی حکومەتەوە بۆ دهۆک و ناوچەکانی دیکە خەرج دەکرێت."
 
لەبارەی بوونی قاچاخی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و دەروازەکانی دیکەی دهۆک، عەلی تەتەر گوتی " کاتێک مستەفا کازمی سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی کرد، دەرکەوت کە هیچ قاچاخچییەک لەو سنوورە بوونی نییە و هیچ پەرلەمانتارێکیش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەک بدۆزنەوە لەسەر بوونی قاچاخی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل. بەڵام رەنگە قاچاخیش لە شوێنی دیکە هەبن، بەڵام وەکو دەروازە هیچ جۆرێکی قاچاخی نییە."
 
"کازمی دوایکرد کە تورکیا و عێراق دەستوەردان لە کاری یەکدی نەکەن"
 
لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پەکەکە و پێشمەرگە لە سنووری دهۆک و سەردانیان بۆ تورکیا، عەلی تەتەر گوتی " چەند تەوەرێک هەبوو کە باسمان کرد، یەکێک لەو تەوەرانە بابەتی ئاو بوو، کە پشکی حکومەتی عێراق لە ئاوی دیجلە و فورات پارێزراوبێت. هەروەها مستەفا کازمی بە تورکیای گوت کە رێگەنادەن خاکی ئێمە ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو چەکدارانەی کە ببنە هەڕەشە لەسەر خاکی تورکیا و ئەمنیەتی تورکیا. هەروەها داوایکرد دەستوەردان لە کاروباری یەکدی نەکرێت، کە مەبەستی ئەوە بوو کە دەستووەردان لە کاروباری عێراقدا نەکرێت. هەروەها پێیگوتن کە رێز لە سەروەری ئاسمانیی عێراق بگیرێت و نابێت کە بۆردوومانی گوندنشینەکان بکرێت. تورکیاش داوایکرد رێگری لە گرووپی چەکدار بگرن و رێگەنەدەن ئەو چەکدارانە ببنە زەرەر بۆ تورکیا، کە مەبەستی پەکەکە بوو." دەشڵێت " باسی رێککەوتنی شنگال کرا و تورکیاش داوایکرد کە رێککەوتن لەبارەی مەخموور و شوێنی دیکەش بکرێت."
 
لەبارەی زیانە ماددی و گیانەکانی بۆردوومانەکان و کشانەوەی پەکەکە و هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ نێوخاکی کوردستان، عەلی تەتەر گوتی "ناتوانین باسی زەرەری ماددی بکەین، بەڵام زەوی و زاری خەڵکی زیانیان بەرکەوتووە. پەکەکە و تورکیا زیانی چەندین ملیار دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان داوە بەهۆی ئەوەی شەڕی خۆیان لەنێو خاکی کوردستان دەکەن. هەروەها جۆرێک لە ئاوارەبوونی دەیان هەزار خەڵکی ناوخۆ دروستبووە. حکومەتی تورکیاش زیاتر هاتووەتە پێش و داگیری کردوون. بۆیە ئەو شوێنانەی ئەوانی لێن باخ و باخاتی خەڵکی دەبڕن و شوێنەکان ناپارێزن."
 
"داوا دەکەین پەکەکە باشووری کوردستان چۆڵبکات"
 
پارێزگاری دهۆک لەبارەی بوونی "پێشمەرگەی رۆژ" کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بردبنیە ناوچەکانی ئەوان، گوتی " هەرێمی کوردستان سنووری دەسەڵاتی پێشمەرگەیە و هەر شوێنێکیش پێویستی بە پێشمەرگە بێت پێشمەرگە دەچێت و ئازادە لە ژێر هەر ناوێک دابمەزرێنێت، بەڵام دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە هەبوونی پەکەکە لەنێو گوندەکانی کوردستان چ سوودێکی هەیە؟ بۆیە پێشمەرگە زۆر ئاساییە لە هەر شوێنێک بێت و داوا دەکەین کە پەکەکە سنووری باشووری کوردستان چۆڵبکات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پرۆژەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگاکە و پلانی حکومەت، پارێزگاری دهۆک گوتی "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند سەردانێکی سنووری پارێزگای دهۆکی کردووە و چەندین پرۆژەی نوێ دەستیان بە کار کردووە. 18 ملیار دۆلاریش بۆ پرۆژەی ئاوی ئاکرێ دابینکراوە و چەند پرۆژەیەکی دیکەش هەن کە لە داهاتوودا بۆ بەردەڕەش و ئاکرێ دەکرێن و بۆ گوندەکانیش لە هەوڵداین کە خزمەتگوزارییان بۆ بکرێت."
 
"ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بووەتە بەرەڵایی"
 
لەبارەی ئەوەی کە رەخنە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە دهۆک و ناوچەکانی ئەو سنوورە دەگیرێت، عەلی تەتەر لەبارەی ئەو رەخنانەوە دەڵێت " 300 کەس لە دهۆک دەستگیرنەکراوە و ئازادی رادەربڕینیش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەرەڵاییە و وەکو ناوزڕاندنی لێهاتووە و گوماناوییە. چەند قسەیەک لەبارەی منەوە دەکرێت دوورن لە راستییەوە. راستە خۆپێشاندان هەبووە و خەڵک دەستگیرکراوە، بەڵام سەرجەمیان ئازادکراون. لەگەڵ ئەوەش خەڵکانێکی زۆر هێزی ئەمنییان ئازاردا و دامودەزگای حکومی و حیزبیان سووتاند. ئەوانەیشی دەستگیرکراون لەسەر بابەتی دیکە بووە کە ئامانجیان تێکدانی هەرێمی کوردستان هەبووە."
 
"بەدڵنیاییەوە چاودێری بازاڕ دەکەین"
 
لەبارەی دابەزینی نرخی دینار و ئەگەری گرانبوونی بازاڕ، پارێزگاری دهۆک گوتی " بە دڵنیاییەوە چاودێریی بازاڕ دەکەین و ناهێڵین بازرگاکان کەلوپەل و خۆراک بە نرخی گران بفرۆشن."