دیاردەیەکی گەردوونی لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت

19 August 2024
دیاردەیەکی گەردوونی لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت
 

رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕێکی فیزیا و گەردوونناسی دەڵێت، دەرکەوتنی مانگی تابان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەیە کە مانگ لە نزمترین و نزیکترین خاڵیدایە لە خولگەی زەوییەوە و لە دووریی 340 هەزار کیلۆمەتر بەدەوری زەویدا دەخولێتەوە.
 
د. حوسێن رابی، پسپۆڕی فیزیا و فەلەکناس لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی دەرکەوتنی مانگی تابان (سووپەرموون) لە هەرێمی کوردستان گوتی: "مانگ گەیشتووەتە نزیکترین خاڵ لە زەوییەوە بۆیە بە درەوشاوەیی دەرکەوتووە کە ناوە جیهانییەکەی (سووپەر موون)ـە و لە زمانی کوردی بە (مانگی تابان) ناودەبرێت."
 
گوتیشی: "لێکۆڵینەوە زانیستییەکان دەیسەلمێنن کە مرۆڤ چووەتە سەر مانگ و ئەو رووداوە سیناریۆ نییە وەکو ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو ئێستاش مرۆڤ دەتوانێت بچێت بۆ سەر مانگ."
 
بە گوتەی ئەو فەلەکناسە، مانگ لە بنەمادا بەشێک بووە لە زەوی، بەهۆی بەرکەوتنی تەنێکەوە لە زەوی جیابووەتەوە و دوورکەوتووەتەوە بەڵام خولگەی زەوی جێنەهێشتووە و هێزی کێشکردنی مانگیش هۆکارە بۆ شەپۆلی دەریا و زەریاکان لەسەر زەوی.