هاوڕێ تۆفیق: دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە مشتومڕی (تەوتین) و (هەژماری من) هێنا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق، لەسەر نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای لە دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردبوو. رۆژی چوارشەممە 19-03-2025 دادگەی فیدراڵی کۆنووسى بڕیارەکەی لەبارەى مووچەى فەمانبەرانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و رێگەپێدراوی یاسایی سەرۆککۆمار دەڵێت، "ئەم بڕیارە خواستی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدیهێنا بۆ بەجێکردنی مووچە و پاڵپشتییەکی یاسایی گرنگە بۆ چارەسەری گرفتی مووچە."
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار، کە هاوکات رێگەپێدراوی یاسایی سەرۆککۆمارە، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "سەرۆککۆمار وەکو قەڵخانی دەستووری و پارێزەری مافی گەلی عێراق سکاڵای لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرد و لە سکاڵاکەش جەختمان لەوە کردبوو کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵییە و پێویستە رێزی لێبگیرێت."
گوتیشی، "رۆژی سێشەممە 18ى شوباتى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەبارەى سکاڵای د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار کۆبووەوە و هەر لەو کۆبوونەوەیە دادگەکە بڕیاری دا جێبەجێکردنى پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى رێکارەکانى بەجێکردن بێت، کە لە بانکى ناوەندی دەرکراوە؛ پێویستە بەجێکردنەکە لە رێگەى ئەو بانکانە بێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە، ئەویش بەگوێرەى رێکارە پیادەکراوەکان بێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، بەڵام ئەوکات تەنیا کرۆکی بڕیارەکەیان پێگوتین و ئەمڕۆ بە فەرمی بڕیارەکەمان وەرگرت."
"لەبارەی بەجێکردنی مووچە ئەم سکاڵایەی سەرۆککۆمار و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی خواستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدیهێنا و کۆتایی بە مشتومڕی (تەوتین) و (هەژماری من) هێنا، چونکە لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەرمانبەران ئازادن لە بانکە حکومی و ناحکومییە رێگەپێداوەکان لەلایەن بانکی ناوەندی مووچەکانیان بەجێ بکەن،" هاوڕێ تۆفیق وای گوت.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار گوتیشی، "پێشتر هەندێک لێکدانەوەی سیاسی بۆ پرۆسەی بەجێکردنی مووچە دەکرا و باس لەوە دەکرا کە ئەم پرۆسەیە سەروەریی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، هاوکات ئەگەرچی کۆدەنگی لەبارەوە نەبوو بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پێداگریی لە پرۆژەی هەژماری من دەکرد، ئێستا دادگەی فیدراڵی هەم رێگەی بە بەجێکردن داوە لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکان و هەمیش هەژماری من لە رێگەی بانکە نا حکومییەکان و ئازادی هەڵبژاردنی بانکەکانیشی داوە بە فەرمانبەرن و مووچەخۆران و خواستی هەمووانی تێدا بەدیهێندراوە."
بهشی بكه لە