سادق عوسمان: خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە یاسای خانەنشینی عێراق سوودمەند دەبن

18 September 2024
سادق عوسمان: خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە یاسای خانەنشینی عێراق سوودمەند دەبن
 
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئەگەر یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەشێوەیەکی گشتی خانەنشینان سوودمەند دەبن و مووچەکانیان زیاد دەکات.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 یاسا هەبوون بۆ خانەنشینی، بەڵام عێراق سەرجەم یاسا و بڕیارەکانی خانەنشینی لای خۆی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو رێکخستووە و ئەگەر هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا خانەنشینان رێکبخاتەوە، گرفتەکان چارەسەر دەبن.
 
ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان کەمترە لە 500 هەزار دینار لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مووچەکانیان زیاد دەکرێت و خانەنشینانی شارستانیش بە هەمان شێوە ئاستی مووچەی خانەنشینییەکەیان بەرزدەبێتەوە.
 
ئەو گوتانەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان لە کاتێکدایە بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بڕیاریانداوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی پرسی خانەنشینان و گفتوگۆیەکی سەرەکى لەنێوان بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەى پرسی یەکخستنى مووچەى خانەنشینان.