د. محەممەد ئیحسان: حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات غەززە کۆتایی دێت

18 March 2025
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە، 413 کەس گیانیان لەدەستدا، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵان، سەتان برینداریش هەن.
 
زەید ئەیوبی، لێکۆڵینڤانی سیاسی کە لە رامەڵڵاوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کرد، گوتی: نەتەنیاهوو شەڕ دەکات بۆ شاردنەوەی قەیرانە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل و ئێستا دۆخی سیاسیی نەتەنیاهوو باش نییە هەر بۆیە بۆ مانەوە لە دەسەڵات شەڕ لە غەززە دەکات.
 
گوتیشی: دۆخی غەززە ئاڵۆزتر دەبێت و رۆژانی داهاتوو هێرشەکانی سەر غەززە زیاتر دەکرێن.
 
بە گوتەی ئەیوبی، غەززە ئەو هێزە سەربازییە گەورەیەی نییە کە ئیسرائیل باسی دەکات و دەڵێت، ئەو شەڕەی ئێستا هەیە شەڕی دەوڵەتێکە لەگەڵ ژمارەیەک جەنگاوەر نەک شەڕی دوو سوپا، بەڵام نەتەنیاهوو بۆ شەرعییەتدان بە شەڕەکە قەبارەی حەماس لەوە گەورەتر نیشاندەدات کە هەیە.
 
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. محەممەد ئیحسان، لێکۆڵینڤان و مامۆستای زانکۆ گوتی: ئەوەی ئێستا روودەدات دروشمەکانی هەڵبژاردنی ترەمپە و ئەمریکا کار بە هێزی نەرم ناکات لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران.
 
گوتیشی: ئەگەر حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکات ئەوا غەززە کۆتایی دێت و بە تەواوی وێران و خاپوور دەکرێت.