تۆماس زایلەر: ئێران هەژموونی لە سووریا لەدەستداوە و کاتی ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان

17 December 2024
تۆماس زایلەر: ئێران هەژموونی لە سووریا لەدەستداوە و کاتی ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان
تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ساڵێکی لە وڵاتەکە بەڕێکرد، دەڵێت: عێراق لە نێوەڕاستی زریانێکدایە کە شتەکان ئارامن، بەڵام هەموو شتێک لە دەوروبەری دەخولێتەوە، بەڵام لە خودی عێراق لەم ساتەدا سەقامگیری هەیە، سەروەری هەیە و بە جۆرێک بێدەنگیی هەیە. 
 
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی ناوچەکە، کۆچ، هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و چەند پرسێکی دیکە دەکات. 
 
زیلەر دەڵێ، ئێران هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا هەروەها وڵاتێکی "زۆر گرنگە" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها وەکو بانگەوازێک داوایان لێدەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.
 
ئەو گوتی، "ئەمە بانگەوازێکە لە ئێمەوە بۆ ئەوان تا بزانین دۆخەکە ئێستا چۆنە. با ئەمە زۆر بە روونی بخەینە سەر مێز، ئێران ئێستا بەشێوەیەکی زۆر گەورە هەژموونی لە سووریا لەدەستداوە، ئێران ئەمەی وەکو پرد بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی چەک و شتی دیکە بۆ لوبنان و حیزبوڵڵا، هەروەها بۆ بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا ئەوە نەما و چوو.. دۆخەکە بۆ ئێران کەمتر باشە، سزای ئێمە لە دژی وڵاتەکە هەیە، ئێمە سزای نوێمان سەپاند پاش ئەوەی مووشەک و درۆنی ئێرانیمان لە ئۆکراینا دۆزییەوە، هەروەها سزای نوێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەر ئێراندا سەپێندرا، بەڵام ئەوە ئەو شێوەیە نییە کە دەخوازین لە درێژخایەندا پێکەوە لەگەڵ ئێران کار بکەین، بۆیە پێموایە لەم ساتەدا ئێران تاڕادەیەک چواردەوری گیراوە، ئەگەر بتوانم بەو شێوەیە بیڵێم. رەنگە ئەمەش ئەو ساتە بێت کە پێویست بکات بیر لەمە بکەینەوە، ئەمە بانگەوازە نەک شتێکی دیکە."
 
نزیکەی دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام حکومەت پێکنەهێندراوە. زیلەر لەوبارەیەوە دەڵێت، مانەوەی حکومەت بەشێوەی کاربەڕێکەر، "جێگەی نیگەرانییە.... چونکە کاربەڕێکەر واتە تەنیا بەڕێکردنی کاری رۆژانە و هیچی دیکە نییە، سیاسەتێک نییە و هیچ دەستپێشخەرییەکی راستەقینە نییە، بۆ نموونە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هەموو شتێک وەکو پەروەردە، پەنابەران، کۆچ، هەموو شتێک بە حکومەتی کاربەڕێکەر بەڕێوەنابرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق
 
رووداو: سوپاس، پێموایە ئەمە چوارەم جارە هەڤپەیڤینت لەگەڵ دەکەم و هەموو جارێک سەرنجڕاکێشە. تۆماس، لەم ساتەدا کە ئێمە قسە دەکەین، زۆر شت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روو دەدەن لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی سووریا، وەکو یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا، چۆن چاودێری دۆخی سووریا دەکەن؟
 
تۆماس زایلەر: پێش هەموو شتێک، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هاوکارانمان لە بەیرووت هەیە و لەوێوە چاودێری سووریا دەکەین چونکە هێشتا نێردەمان لە دیمەشق نییە. ئینجا خاڵی دووەم، لە رێگەی پەیوەندییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر نزیکمان لەگەڵیان هەیە.  ئێمە بە تەواوی لە نیگەرانییەکانیان تێدەگەین، هەروەها دڵەراوکێیان لەبارەی دۆخەکە کە لە شەو و رۆژێکدا گۆڕانی بەسەردا هات، زۆر کەس دەڵێن بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین هۆشداری هەبوون کە رەنگە ئەمە رووبدات. لەگەڵ ئەوەشدا رووداوێکی لەناکاوە بۆ وڵاتەکە و بۆ حکومەتەکەش. ئێمە لە پەیوەندییەکی باشداین لەگەڵیاندا، بەڵام لەم ساتەدا پێش هەموو شتێک هەوڵ دەدەین بزانین بەڕاستی دۆخەکە لە سووریا چۆنە، چونکە پێموایە هێشتا تەمومژەکە بە تەواوی لانەچووە.
 
رووداو: کەواتە بۆ هیچ کەسیک روون نییە، نە دیپلۆماتکاران و نە رۆژنامەڤانان؟.
 
تۆماس زایلەر: بێگومان، پێموایە ئەوە هەڵسەنگاندنێکی باشە. روونە کە حکومەتی عێراق روانینێکی قووڵتری هەیە لەبارەی سووریاوە چونکە ئەوان لە وڵاتەکەدا چالان بوون و هێشتاش لەوێن. بەڕاستی دەبێت ببینین چی دەبێت. پێش هەموو شتێک ببینین ئەمەی پێی دەگوترێت حکومەتی راگوزەر چۆن کار دەکات، گوێمان لە وشەی جوان بوو و کرداریشی بەدواوە دێت. بەڵام ئایە بە راستی روودەدەن؟ ئایا ئەو پابەندییەی دراوە کە کەمینەکان پارێزراو دەبن و تۆڵەکردنەوە روونادات و رێکاری تۆڵەسەندنەوە ناگرێتەبەر جێی خۆی دەگرێت یان نا.  ئایا ئەمانە جێبەجێ دەکرێن یان نا، ئەوە شتێکە دەبێت جارێ چاوەڕێ بکەین. ئینجا روونە لە عێراق، ئەندامانی حکومەتی عێراق و تەنانەت خەڵکی عێراقیش دێژاڤوویان هەبێت و وا هەست بکەن پێشتر ئەمەیان بینیوە و بڵێن ئاای خودا ئەمە جارێکی دیکە روویدا و هەروەها چۆن پێش 10 بۆ 15 ساڵ لە عێراق هەمانبوو. بۆیە ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکەیان تێدەگەین، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگانێکی سیاسیی رۆشن و سارد و لەسەرەخۆ هەیە لەگەڵ هەڵسەنگاندنێکی روون بۆ رەگ و ریشەی ئەوەی روویداوە.  ئایە هەموومان لەناوچەکە پێکەوە بەرەو کوێ دەچین.
 
رووداو: کەواتە بۆ تۆ، ئەو راگەیێندراو و قسانەی لە سووریاوە دێن هەموویان زۆر باش، بەڵام ئێستا پێویستە کرداری بەدواوە بێت؟.
 
تۆماس زایلەر: بەشێوەیەک بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە پێویستیمان بەوەیە کردار ببینین، دەتوانم ئەوەت پێ بڵێم لەم ساتەدا ئێمە زیاتر تەماشا دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین و چاودێری دۆخەکە دەکەین. بەڵام ئەوەی وەکو رێکارێکی کۆنکرێتی کردوومانە...  برۆکسیل زیاتر لە 120 تۆن هاوکاری مرۆیی ناردووە کە هەندێکیان گەیشتوون و هەندێکی دیکەی بەم نزیکانە دەگەن، زۆربەی هاوکارییەکان لە بواری تەندرووستییە بۆ خەڵکانی هەژار لە دەوروبەری شارەکان، لە شارەکانیش بەڵام زیاتر لە دەوروبەری شارەکان، ئەوە شتێکە کە ئێستا دەستمانپێکردووە چونکە پێمان وایە بە هاوکاری مرۆیی یان تەنیا هەر بە هاوکاری مرۆیی دەتوانیت رۆڵت هەبێ لە سەقامگیری، ئەوەش ئەو شتەیە کە دەمانەوێت.
 
رووداو: وەکو یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ساڵێکی سەرقاڵتان بەڕێکرد!، دەزانین چونکە بەردەوام چاودێری کارەکانتان دەکەین. ئێمە لە کۆتایی 2024ین، لە رووی سیاسییەوە لە عێراق هەمووان نیگەران بوون لەبارەی بارودۆخەکە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە بەگشتی، ئەگەر باسی هەرێمی کوردستایش بکەین ئێوە لە بابەتی هەڵبژاردن زۆر تێکەڵ بوون و لەگەڵ هاوکارەکانتان زۆر کارتان کرد بەو ئاراستەیەی کە هەڵبژاردن بکرێت.. بە گشتی ساڵەکە چۆن بوو؟
 
تۆماس زایلەر: ئەمە یەکەم ساڵم بوو لە عێراق کە تەواوم کرد، بەم دواییانە بە ئەندامانی حکومەتم گوت خۆشحاڵم لەبارەی ساڵەکەوە، راستە نەگەیشتین بە هەموو ئەو شتانەی دەمانویست پێی بگەین، بەڵام لە بەرامبەر ئەو کۆسپانەی هەبوون، نەک تەنیا کۆسپی نێوخۆیی لە عێراق. بەڵکو من دەڵێم کە عێراق بە جۆرێک لە نێوەڕاستی زریانێکدایە کە شتەکان ئارامن بەڵام هەموو شتێک لە دەوروبەری دەخوولێتەوە، بەڵام لە خودی عێراق لەم ساتەدا سەقامگیری هەیە، سەروەری هەیە و بە جۆرێک بێدەنگیی هەیە. لەم بارودۆخە توانیمان ژمارەیک کار بکەین، خۆت ئاماژەت بە هەڵبژاردنی کوردستان دا، هەروەها ژمارەیەک پرۆژەی هاوکاریمان بەڕیوەبرد، زۆر چالاکین لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردوویەتی بە کاری لەپێشینەی خۆی. بەڵام هەروەها لە راوێژە سیاسییە راستەوخۆکانمان لەگەڵ حکومەتدا زۆر قسەیان لەگەڵ دەکەین لەبارەی دراوسێکان، لەبارەی ئێران چونکە دەزانیت بۆ ئێمە ئێران هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا هەروەها وڵاتێکی زۆر گرنگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.. بە گەڕانەوە بۆ کوردستان، دەتوانیت ئەمەش بە بارودۆخی سووریاوە ببەستیتەوە، ئێمە باسی کەمینەکان دەکەین، کریستیانەکان، عەلەوییەکان و ئەوانی دیکە، دەبێت ببینین چی روو دەدات. روونە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا خەڵکێکی زۆری کورد دەژین و ئێستا ئەوانیش زۆر دەترسێن لەوەی روودەدات، پێموایە پێویستە خەڵکیش جۆرێک لە دڵنیاییان پێبدات کە هیچی خراپیان بەسەردا نایات.
 
ئینجا لێرەدا دەبینیت لەبەر ئەمە من دەگەڕێمەوە سەر ئێران و تورکیا، ئەمە هەمووی دۆخێکی ئاڵۆزە و بەرژەوەندی جیاجیای وڵاتانی تێدایە. بێگومان ئێمەش وەکو ئەورووپا ئێستا لە عێراق، بە دڵنیاییەوە ئارەزوو ناکەین لەناکاودا لێشاوێکی گەورە لە سووریاوە بۆ نێو عێراق هەبێت، با بڵێین چەکداران یان داعش، چالاکییەکانی داعش... نابێت بیرمان بچێت کە کەمپی هۆل هەیە و ژمارەیەکی زۆری چەکداری پێشووی داعش هەن، هەموو ئەمانە پێکەوە گرێدراون. ئێمە توانیمان زۆر بە باشی ئەجێندایەکی سیاسی باشمان لەگەڵ حکومەتدا هەبێت، دەخوازم تیشک بخەمە سەر خاڵێک کە جێی ئاسوودەییمە، لە شەش مانگی رابردوودا هاوئاهەنگییەکی زۆر زۆر باشمان لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەراندا دروست کرد، چەندین جار بانگهێشت کراین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەندامێکی دیاریکراوی پەرلەمان، هەروەها لەگەڵ لیژنەی کاروباری دەرەوە و لیژنەی وەبەرهێنان، پێویستە بڵێم گفتوگۆکان بەشێوەیەکی پڕ لە متمانە و کرانەوە و راشکاویی بوون، هەروەها بۆ نموونە چەند دانیشتنێکمان لەبارەی یاسای باری کەسێتی هەبوو بەڵام بەشێوەیەکی زۆر ئارام و هێمنانە، باسی نێوەڕۆکمان دەکرد و لە یەکدی تێدەگەیشتین، ئەمەش ئاستێکی نوێی هاوئاهەنگییە کە لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران دروستمان کرد، من شانازی بەمەوە دەکەم، زۆری پێ خۆشحاڵم.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان، دەمەوێت پرسیارێک بکەم، وەکو گوتم دەزانم تۆ زۆر کارت کرد و هانی هەموو لایەنەکانت دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکریت. باشە، هەڵبژاردن کرا، بەڵام ئێستا ئاسۆیەک نابینین کە پەرلەمان کۆببێتەوە یان حکومەتی نوێ پێکبێت، هەروەها باشم لە یادە کە لەم بەرنامەیەی منەوە پەیامت بۆ هەموو لایەنەکان نارد و گوتت "داوای دەستوەردان و گوشارمان لێ مەکەن چونکە ئەو کارە ناکەین، هاوکار دەبین بەڵام دەستوەردان ناکەین"، پێموایە هێشتا هەر هەمان هەڵوێستت هەیە؟
 
تۆماس زایلەر: بەڵێ بێگومان
 
رووداو: باشە، بەڵام ئایا درێژەکێشانی ئەم کێشەیە، کە حکومەت بۆ ماوەیەکی زۆر وەکو کاربەڕێکەر بمێنێتەوە، ئەوە جێی نیگەرانی ئێوە نییە؟
 
تۆماس زایلەر: بێگومان جێی نیگەرانییە، بەڵام من ناتوانم بانگخواز و مامۆستا بم لەکاتێکدا لە ئەورووپا خۆمان دۆخی لەم شێوەیەمان هەیە. رەنگە بیرت بێت لەو کاتەدا گوتم ئەوەی زۆر نیگەرانم دەکات ئەوەبوو کە حکومەتێک هەبوو بەبێ کۆنترۆڵی پەرلەمان، ئێستا لانی کەم پەرلەمانێکمان هەیە، پەرلەمانێکی نوێی کوردستان هەیە . دۆخی ئەوەی کە پەرلەمانت هەبێ بەڵام حکومەت کاربەڕێکەر بێت، ئەمەمان ئێستا لە بەلجیکا هەیە، هەروەها وڵاتی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بۆیە لانی کەم پەرلەمانێک کە دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەوە بکات کە حکومەت چ دەکات، بۆیە ئەوە پێشڤەچوونە. لەلایەکی دیکەوە، بەڵێ بێگومان خۆشحاڵ دەبین ئەگەر حکومەت پێکبهێندرێت، چونکە کاربەڕێکەر واتە تەنیا بەڕێکردنی کاری رۆژانە و هیچی دیکە نییە، سیاسەتێک نییە و هیچ دەستپێشخەرییەکی راستەقینە نییە، بۆ نموونە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هەموو شتێک وەکو پەروەردە، پەنابەران، کۆچ، هەموو شتێک بە حکومەتی کاربەڕێکەر بەڕێوەنابرێت. بۆیە پێموایە هاونیشتمانییانی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە پرسیار لەو سیاسەتڤانانە بکەن کە دەنگیان پێداون، تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان پێ نەدابن، دەکەوێتە سەر کەسەکان، بەڵام پێموایە مافی ئەوەیان هەیە داوا لە سیاسەتڤانان بکەن کە تکایە ئێستا لە بەرژەوەندی ئێمە ئەوە بکەن.
 
رووداو: باشە.. دەمەویت بێمەوە سەر عێراق و پڕۆژەکانتان
 
تۆماس زایلەر: باشە
 
رووداو: یەکێتیی ئەورووپا لە 2024 چەندی لە عێراق خەرج کرد لە هەموو ئەو پڕۆژانەی هەتانە؟
 
تۆماس زایلەر: هێشتا ئەم ساڵ پارەیەکی کاشی زۆرمان خەرج نەکردووە، لەم ساتەدا نزیکەی 45 ملیۆن یۆرۆمان خەرج کردووە؟
 
رووداو: ئەوە زۆر نییە؟!
 
تۆماس زایلەر: نەخێر، ئەگەر تەماشای 2023 بکەیت 160 ملیۆن یۆرۆمان خەرج کرد، هۆکاری ئەم بڕە بچووکترەی ئێستا یەکەم ئەوەیە کە ساڵەکە هێشتا تەواو نەبووە، دووەمیش چەند بەرنامە و پڕۆژەمان راگەیاندووە کە پێویستە سەرەتا دەستپێبکەن، ئێستا وا لە کاردان بەڵام لەم ساتەدا ئێمە هێشتا پارەکەی نادەین، دەبێت سەرەتا کارەکان ببینین کە ئەنجام دەدرێن، ئینجا پارەکە دەدەرێت. ئەو بڕەی هەیە کەمێک ئاڵۆزە بەکارهێنانی، دەتوانیت ئەوە لە دژی ئێمە بەکاربێنیت ئەگەر لە دژمان بیت، بەڵام پێویستە روون بکرێتەوە کە بۆچی لەم ساتەدا کەمە.
 
رووداو: ئەی چی لەبارەی 2025، پلانتان چییە؟
 
تۆماس زایلەر: ئێستا دەبێت ببینین چی لە سووریا روودەدات، لەم کاتەدا هەموو شتێک لە عێراق بەگوێرەی پێشهاتەکانی ئەوێ یەکلادەبێتەوە، ئێمە دەشزانین، من دووبارە دەگەرێمەوە سەر ئەمە، ئێمە دەزانین کە ئێران رۆڵێکی گەورەی هەیە، تەنانەت ئەگەر پێگەی ئێران ئێستا، ئەمەش هەڵسەنگاندنێکە کە تەنیا من نایکەم، تەنانەت ئەگەر پێگەی ئێران لە دوو هەفتەی رابردوودا بە روونی لاوازکراوە، بەڵام ئێران هێشتا یاریکەرێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا و ئێمە زۆر هیوا دەخوازین کە لەو رووەوە، رەنگە سەرکردایەتی لە تاران بتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە بگەڕێتەوە لامان و تاوتوێی ئەوە بکەن کە چۆن بتوانین رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندوو بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی. تۆ دەزانیت سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە سیاسەتێکە بۆ هەوڵدان لەپێناو دۆزینەوەی ئەوەی لە کوێ دەتوانین زیاتر بەرەو سەقامگیری بچین، زیاتر بەرەو ئاشتی، زیاتر بەرەو جۆرێک لە هاوسەنگی. بۆیە تەماشاکردنی ئێران و سووریا خاڵێکی گرنگ دەبێت، تەنانەت کوردستانیش ئێستا رۆڵێکی گەورەتری دەبێت بەهۆی دۆخی سووریاوە، بەڵام جیا لەوە با وا بێنینە پێش چاومان کە دۆخی عێراق بە سەقامگیری دەمێنێتەوە بە هەریمی کوردستانیشەوە، ئەو کاتە هیوادارین بەردەوامبین لە بەرنامەکانمان کە هەندێ جار کەمێک بێزارکەر دەردەکەون چونکە بەرنامەیەکە لەبارەی چاکسازی و دیموکراتیزەکردن و بەرنامەی بونیاتنانی دەوڵەت و بونیاتنانی تواناکان لەنێو دەسەڵاتەکاندا، ئەمانە کاری زۆر تەکنیکیکن، هەروەها بەرنامەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی تەنیا بەشێکی بەرنامەکانمانە. بەڵام ئێمە چەندین شتی دیکەمان هەن کە کار لەسەر پاراستی بەکاربەر دەکەین هەروەها کار لەسەر ستانداردی باشتر دەکەین بۆ بیناسازی، خاڵێکی گەورەش کە دەمانەویت ساڵی داهاتوو چاودێری بکەین ئەوەیە کە عێراق زیاتر بێنینە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هێشتا کۆمەڵێک خاڵ هەن وەکو وەرگرتنی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانیی، لەگەڵ یەکلاکردنەوەی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی زیاتر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ئەوانە وا دەکەن عێراق زیاتر سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەبەرهێنان کە ئەوەش دوایین خاڵە لە بەرنامەکەمان بۆ ساڵی داهاتوو، ئێمە بەپێی پێویست وەبەرهێنانی یەکێتیی ئەورووپامان لە عێراق نییە مەبەستم وەبەرهێنانە لە 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەورووپاوە، وڵاتانی وەکو چین تەنانەت رووسیاش لێرە لە پێشمانەوەن.
 
رووداو: بەڵێ
 
تۆماس زایلەر: بۆیە پێویستە ئەوە بگۆڕێت، من لەگەڵ باڵیۆزانی هەر 27 وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتی ئەورووپا رێککەوتووم کە لەمبارەیەوە بە شێوەیەکی زۆر رێکخراو کار لەسەر ئەمە بکەین، لەسەر ئەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین کە دەکرێت چی بکەین. لە سەرەتای ساڵدا خۆت ئاماژەت پێکرد دۆخەکە لەڕووی ئەمنییەوە هەستیار بوو، بەڵێ، بەڵام چیتر قسەکردن لەسەر ئەوەی دۆخی ئەمنی لە عێراق خراپە جێی خۆی ناگرێت، ئێمە هەموومان دەزانین کە دەتوانین ئازادانە لە شاری بەغدا کار بکەین، رەنگە تەنانەت زیاتریش لە هەولێر. بەڵام چیتر قسەکردن لەسەر خراپی دۆخی ئەمنی دروست نییە و ناتوانین لە ئەورووپا بە خەڵک بڵێین مەیەن بۆ عێراق و دۆخی ئەمنی لەنێو وڵاتەکەدا خراپە، نەخێر، بە راستی دەمەوێت لەمبارەیەوە بە روونی ستایشی حکومەتی عێراق بکەم، چونکە دۆخەکە بە گەورەیی بەرەو ئەرێنی گۆڕاوە. بەڵام ئایە کۆسپەکان چین؟ کۆسپەکان هێشتا دۆخ و رێکاری یاسایی ناڕوونن، چوارچێوەی رێکارەکان، تەنانەت ئەگەر وەبەرهێنەرێک لە یەکێتیی ئەورووپاوە، لە ئەڵمانیاوە یان فەڕەنسا یان هەر شوێنێکی دیکە، ئەگەر بیانەوێت بێن لێرە کارگەیەک دروست بکەن، نازانن بچنە لای کێ، چۆن کارەکە بکەن و چۆن مامەڵەکە بکەن، نازانن ئایا ئەو قازانجەی لێرە دەیکەن دەتوانن بیبەنەوە بۆ ئەورووپا یان نا، یان ئاخۆ رێکارەکان چین، بۆشاییەکی گەورە و کەمیی زانیاری و ئاگایی هەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کارەکان دەکرێن.  پێموایە ئەمە شتێکە دەتوانین بیکەین و رێکیبخەین، بەڵێ، بەڵام جارێ دۆخەکە بەو شێوەیەیە کە هەیە. ئەمانە ئەو خاڵانەن کە بۆ ساڵی داهاتوو لە لەبەرنامەماندایە .
 
رووداو: کەواتە وەکو مەتەڵێک وایە بۆ وەبەرهێنەرانی ئەورووپی کە بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن، کەسی گونجاو بدۆزنەوە و کارەکانیان رایی بکەن.
 
تۆماس زایلەر: مەتەڵە، وەکو گوتم پەیوەندی بە چوارچێوەی رێکارەکانەوە هەیە. رێکارەکان رەنگە هەبن بەڵام هەموو کەس نایانزانێت. ئەو کەسانەشی کە بڕیار دەدەن دەبێت خۆیان بڕیار بدەن کە ئایا ئەم ناوچەیە بۆ کارگەی ئۆتۆمبێل باشە یان کارگەی شووشە، ئێستا بۆ نموونە وەبەرهێنانێکی نوێی ئەڵمانی هەیە لە کارگەی شووشە لە نەجەف. بۆیە دەبێت روون بێت کە بچنە کوێ و چۆن کارەکان رایی بکەن.
 
رووداو: باشە، بەڵام یەک پرسیار لێرەدا هەیە، بۆچی چینییەکان ئەوە دەکەن و ئەو مەتەڵە دەدۆزنەوە و بۆچی 27 وڵاتی ئەورووپی ناتوانن بیکەن؟ بۆچی رووسەکان کە رەنگە سەرقاڵی زۆر شتی دیکە بن لە جیهان و ئەو هەموو سزایەش لەسەریانە، ئەوان دەتوانن ئەو مەتەڵە لە بەغدا بدۆزنەوە و دەزانن بچنە کوێ، بەڵام ئێوە ناتوانن؟
 
تۆماس زایلەر: لێرەدا رەهەندێکی دیکە هەیە کە لە دژی ئێمەیە، بەڵام من خۆشحاڵم لە دژی ئێمەیە، ئێمە وەکو ئەورووپییەکان، نەک تەنیا حکومەتەکان بەڵکو کۆمپانیاکانیشمان، زۆر لایەنگری سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ستاندارد و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانین، ئەگەر ئەوان بێنە ئێرە داواکاری خۆیانیان هەیە، بۆ نموونە نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی کرێکاران، ئەوان دەیانەوێت بە هەمان شێوەی کە لە ئەورووپا کار دەکەن لە عێراقیش هەر وا بیکەن، ئێمەش لە راستیدا بۆ ئەوە هانیان دەدەین . بۆیە بۆ نموونە دەبێت نوێنەرایەتییەکی کۆمەڵایەتی روونی کارمەندان و کرێکاران لە کارگەیەکی پیشەسازیدا هەبێت کە رەنگدانەوەی کۆمەڵگە بێت. هەموو ئەم داواکاری و پێداویستییانەش کۆمەڵێک خاڵن کە ئەو وڵاتانەی ئاماژەت پێدان لەپێشی خۆیانی دانانێن، ئەوان بە سادەیی دێن وەبەرهێنانەکە دەکەن و دەڕۆن، بەڵام ئەمە بیرۆکەی ئێمە نییە و وا ناکەین، ئەو بیرۆکەیەی ئێمە هەمانە ئەوەیە کە بەم ئاراستەیە کار بکەین، تەنیا پرسی مافەکانی مرۆڤ نییە بەڵکو پرسی ستانداردیشە، دەزانیت کە چەندین ستانداردی بەرهەمی پیشەسازی هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن. ئێمە دەزانین کە عێراقییەکان ئێمەیان دەوێت، پرسەکە ئەوە نییە کە دوودڵییەک هەبێت، بەڵام وا دەکات وەبەرهێنان زیاتر زەحمەت بێت.. بەڵام هێشتا من دەڵێم کە ئەمە شتێکە دەتوانین بەسەریدا زاڵبین، پێویستە زیاتر بە رێکخراوی بیکەین و رەنگە پێویستیش بکات ئێمەش لای خۆمانەوە وەکو ئەورووپییەکان تووندتر بین.
 
رووداو: یەک پرسیار، کاتێک باسی ئێران و رێککەوتنەکەت کرد، ئێرانییەکان پێی دەڵێن بەرجام. کاتێک گوتت رەنگە ئێستا کاتی ئەوە بێت ئێرانییەکان بێن و داوا بکەن بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە. ئایا تۆ وا دەڵێیت لەسەر بنەمای ئەوەی تۆ یان ئەورووپییەکان ئاماژەیەکتان لە ئێرانییەکانەوە وەرگرتووە لەمبارەیەوە، یان پێتوایە دۆخی ئێستا و هەلومەرجی ناوچەکە، با ئەوەشمان بیرنەچێت کە ترەمپ دەگەڕێتەوە، هەلومەرجێکی گونجاوە بۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە؟
 
تۆماس زایلەر: نەخێر بۆ ئەمە هیچ ئاماژەیەکم وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەمە زیاتر وەکو بانگەوازە، من دەیخەمە چوارچێوەی بانگەوازەوە.
 
رووداو: بانگەواز؟
 
تۆماس زایلەر: بانگەوازێک لە ئێمەوە بۆ ئەوان تا بزانین دۆخەکە ئێستا چۆنە. با ئەمە زۆر بە روونی بخەینە سەر مێز، ئێران ئێستا بەشێوەیەکی زۆر گەورە هەژموونی لە سووریا لەدەستداوە، ئێران ئەمەی وەکو پرد بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی چەک و شتی دیکە بۆ لوبنان و حیزبوڵڵا، هەروەها بۆ بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا ئەوە نەما و چوو..  دۆخەکە بۆ ئێران کەمتر باشە، سزای ئێمە لە دژی وڵاتەکە هەیە، ئێمە سزای نوێمان سەپاند پاش ئەوەی مووشەک و درۆنی ئێرانیمان لە ئۆکراینا دۆزییەوە، هەروەها سزای نوێ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەر ئێراندا سەپێندرا. بەڵام ئەوە ئەو شێوەیە نییە کە دەخوازین لە درێژخایەندا پێکەوە لەگەڵ ئێران کار بکەین، بۆیە پێموایە لەم ساتەدا ئێران تاڕادەیەک چواردەوری گیراوە، ئەگەر بتوانم بەو شێوەیە بیڵێم. رەنگە ئەمەش ئەو ساتە بێت کە پێویست بکات بیر لەمە بکەینەوە، ئەمە بانگەوازە نەک شتێکی دیکە، هیچ ئاماژەیک نییە، نەخێر.
 
رووداو: باشە، دەگەڕێمەوە سەر عێراق، بەم دواییانە، لانی کەم لە دوو ساڵی رابردوو، من خۆم دەبینم کە وڵاتانی ئەورووپا دەستیانکردووە بە تیشک خستنەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی کۆچکردنەوە، چونکە کۆچ کێشەیەکی زۆر گەورەیە لە ئەورووپا، وا سیاسەتەکان لە یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپا دەگۆڕێت، حکومەتەکان دەگۆڕێت، هەندێک پارتی سیاسی سەردەخات و هەندێکی دیکەش دەخات، دەشزانم ئێوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆچی نایاسایی کار دەکەن، دەتوانیت لەمبارەیەوە زانیاریم پێبدەیت؟ لەسەر پرسی کۆچی نایاسایی ئێستا چ بەرنامە و پلانێکتان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێرە لەسەر زەوی؟
 
تۆماس زایلەر: لە راستیدا دەمانەوێت بەردەوامبین لەوەی کە ساڵی رابردوو رامانگەیاند و دەستمانپێکرد. هەندێک هەواڵی باشیش هەن، من زۆر سوپاسگوزارم بۆ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، دکتۆر تەمیم، کە دوو رۆژ پێش ئێستا قۆناخی دووەمی بەرنامەیەکی گەورەی بۆ بەگژداچوونەوەی کۆچ بە قەبارەی 40 ملیۆن یۆرۆ واژۆ کرد...  ئەو پارەیە ئێستا بەردەستە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەوە و ساڵی داهاتوو بخرێتە کارەوە. ئایە ئەو پارەیە بۆچی بەکاردێنین؟ پێش هەموو شتێک بۆ هاوکاریکردنی ئەو عێراقییانەی لە ئەورووپا دەگەڕینەوە، ئیتر ئەگەر بە ئارەزوومەندانە بێت یان نا، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەین دووبارە تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە و پاڵپشتییان پێبدەین کاتێک دەگەنەوە ئێرە، ئەوان هەمووان لە بەغداوە دەگەنەوە، رەنگە تەنانەت بیانێرینە نەخۆشخانەش ئەگەر نەخۆش بن، چونکە ئەوان لە دۆخێکی ئاساندا نین کاتێک دەگەڕێنەوە، ئینجا بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەی سڤیلیش، شوێنێکی نوێییان پێبدەین لە کۆمەڵگەی عێراق، رەنگە بتوانن بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی پێشتر لێی بوون، بەڵام دەزانین هەمیشە وا نابێت، بۆیە خاڵێکمان هەیە لەبارەی دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگە، بەشێکی گەورەی ئەم پارەیە بۆ ئەو خاڵە تەرخان کراوە. بەڵام دەمانەوێت شەڕی رەگوریشەی کۆچیش بکەین، بەشێکی گەورەی ئەمەش هەڵگیراوە بۆ کوردستان، ئەگەر بکرێت بەم شێوەیە بیڵێم، هەڵگیراوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمە دەزانین کە هەڵەبجە بە شێوەیەک کێشەیەکە لەمبارەیەوە، بە گشتی خەڵکی کورد زیاتر کۆچ دەکەن، ئەوان زیاتر بیرۆکەی کۆچکردنیان بۆ ئەورووپا هەیە زیاتر لە بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵام دەبێت ببینین چۆن دەبێت، من پێم گوتی تەنیا دوو رۆژە واژۆ کراوە و دەزانین ئەو پارەیەمان هەیە، پێویستە، وەکو دەزانن، ئەو ئامرازە بدۆزینەوە کە رێگری لە کۆچکردنی خەڵک دەکات و لەبەرامبەریشدا چ شتێک هیوا و روانین بە خەڵک دەدات تاوەکو لێرە بمێننەوە و ئەو رێگە زۆر مەترسیدارە نەگرنەبەر کە خەڵک بە قاچاخ دەبرێت، زۆر کەس هەن کە هەرگیز لەو رێگەیە ناگەڕێنەوە و کەس نازانێت چییان بەسەردێت، بۆیە بۆ هێشتنەوەیان لێرە لەگەڵ خێزانەکانیان و شیرازەی کۆمەڵایەتییان، بۆیە بەشێکی گەورەی ئەو 40 ملیۆن یۆرۆیە تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی هەلی کار، بۆ پەروەردە و پەروەردەی پیشەیی، بۆ یارمەتیدانی پیشەگەرەکان تاوەکو باشتر بن و داهاتوویەکیان هەبێت. مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر باوکی خێزانێک یان دایکی خێزانێک پارە پەیدا بکات، ئیتر هۆکاری کۆچکردن چییە؟ بۆیە لەو رووەوە ئێستا هەموو ئەوانەمان لەبەردەستدایە و لە چەند مانگی داهاتوودا رێکی دەخەین تاوەکو بزانین چی دەکەین.
 
رووداو: تۆماس، هیچ هۆکارێکت هەیە یان هیچ لێکۆڵینەوەیەکتان هەیە تاوەکو بزانن بۆچی خەڵک، خەڵکی زیاتر بە دیارکراوی خەڵکی کورد زیاتر کۆچ دەکەن بەراورد بە بەسرە و بەغدا، لە کاتێکدا ئەگەر راپۆرت و هەڵسەنگداندنە نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو بگرین، لانی کەم لە رووی ئەمنییەوە، هەروەها داراییش، دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق، یان ئەگەر زۆریش باشتر نەبێت، کەمێک باشترە؟
 
تۆماس زایلەر: دەتوانم دەرئەنجامی سەرنجڕاکێشی هەندی هەڵسەنگداندنت پێبڵێم. دەزانیت، ئەو خەڵکانەی زۆر هەژارن کۆچ ناکەن، ئەو خەڵکانەشی پارەی پێویستیان نییە تاوەکو ئەو رێگەیە بگرنەبەر کۆچ ناکەن، زیاتر جۆرێک لە خەڵکی چینی مامناوەندن کە ئاسوودە نین بە دۆخی ژیانی خۆیان، بڕە پارەیەکیان هەیە و دەبینن کە لەگەڵ دۆخە گشتییەکەدا ئاسوودە نین، وەکو ئازادییە دیموکراسییەکان، ئازادییەکان بە گشتی، دۆخی دیموکراسی، ئازادی رادەربڕین و مافە سیاسییەکان.. ئەوان زیاتر هەوڵ دەدەن کۆچ بکەن بەراورد بە کەسانی دیکە.. ئەوەشی کە دەیزانین ئەوەیە کە پێکهاتەی خێزان و شیرازەی کۆمەڵایەتی لە باشووری عێراق زۆر بەهێزترە لەگەڵ هەبوونی هۆز و شێخەکان، هەروەها ئەو کۆمەڵگانەی هەیانە، ئەوە زیاتر خەڵک پێکەوە گرێ دەدات و ئەو دۆخە خێزانییە یارمەتیدەریش دەبێت بۆ هەر ئەندامێکی خێزانەکە ئەگەر لەناکاودا خۆی لە دۆخێکی ناهەمواردا ببینێتەوە.. ئێمە ئەنجامی سەرنجڕاکێشی لێکۆڵینەوەمان هەیە کە پێمان دەڵێت ئەوە هەژارەکان نین کە کۆچ دەکەن بەڵکو ئەوانن کە دەتوانن خەرجی کۆچکردن بدەن، هەروەها کۆچ ناکەن تەنیا لەبەر ئەوەی کە دۆخی ئابووریان خراپە، بەڵکو هەروەها لەبەر هۆکاری دیکە، بۆیە بە سادەیی تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، خەڵکێکی زۆر هەن کە لە رووی ئابوورییەوە ئاسوودە نین و لەبەر ئەو هۆکارە کۆچ دەکەن. بەڵام کەسانی دیکەش هەن کە بە هۆکاری سیاسی کۆچ دەکەن.
 
رووداو: سوپاس تۆماس زایلەر بۆ ئەم دەرفەتە، خۆشحاڵم جارێکی دیکە پێکەوە گفتوگۆمان کرد. هیوادارم بتوانین جاری دیکەش بیکەینەوە.
 
تۆماس زایلەر: بە خۆشحاڵییەوە، هەروەها جارێکی دیکە سوپاس کە هاتیتە بەغدا و توانیمان لێرە ئەم گفتوگۆیە بکەین، زۆر سوپاس.
 
رووداو: بە خۆشحاڵییەوە، زۆر سوپاس.