سەعد مەعن: 400 بۆ 600 چەکداری داعش لە عێراق ماون
راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگی بەردەوامدان بۆ دۆسیەی پاراستنی سنوورەکان و رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و رادەستکردنی تاوانباران. دەشڵێت، نە هەرێمی کوردستان داڵدەی تاوانبارانی عێراق دەدات و نە عێراقیش داڵدەی ئەو کەسانە دەدات کە لە هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.
لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەت دۆسیەکانی رەگەزنامە و کارتی نیشتمانی و هاتووچۆ و رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانمان وەکو یەک تیم پێکەوە کاردەکەن."
راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەشڵێت ئێستا لە عێراق تاوانی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان لە ریزبەندی یەکەمی تاوانەکانە و دوای ئەویش تاوانی ئەلیکترۆنی زۆرترینە. بە گوتەی ئەو بەراورد بە ساڵانی رابردوو تاوانەکانی رفاندن و دزینی ئۆتومبێل زۆر کەمبوونەتەوە و "تیرۆریستانی داعش"یش لە شارەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون نەماون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق:
رووداو: هەمیشە ئێمە چاودێری راگەیاندنی شانەی ئەمنی دەکەین تاوەکو بزانین چی روودەدات لە عێراق لە پرۆسە ئەمنییەکان، بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر باسی ساڵی رابردوو بکەین رووداوە ئەمنییەکان زیادیان کردووە یان کەمبوونەتەوە؟
سەعد مەعن: شانەی راگەیاندنی ئەمنی رێکخستنێکە وابەستەیە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هاوکات لە رووی هونەرییەوە بەستراوەتەوە بە نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێز سەرۆکوەزیران، سەرپەرشتیاری راگەیاندنی هەموو شانە ئەمنییەکانە، لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری و حەشدی شەعبی، هەروەها هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ برایانی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر چاودێری دۆخی ئەمنی بکەین لە عێراق، دۆخەکە رۆژ دوای رۆژ بەرەو باشتر دەچێت، داتا و ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن دابەزین هەیە لەسەر ئاستی تاوانە رێکخراوەکان و لەسەر ئاستی زۆر لەو تاوانانەی کە پێشتر باسمان لێوەدەکردن، بۆ نموونە لە رابردوودا هەندێک جۆری تاوان هەبوون ئێستا بەرەو نەمان چوون بە جۆرێک لە جۆرەکان، وەکو رفاندن، دەتوانین بڵێین سوپاس بۆ خودا عێراق ئێستا ئەوەی تێدا نەماوە.
رووداو: واتا دەتوانین بڵێین ئێستا عێراق بەتاڵ بووەتەوە لە رفاندن، یان رفاندنی تیرۆریستی؟
سەعد مەعن: بەڵێ، تاوانەکانی دیکە وەکو دزینی ئۆتۆمبێل بۆ نموونە، بە هەمانشێوە بە ئاستێک کەمبووەتەوە بووەتە دەگمەن، ئەمانە ئاماژەن بۆ توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەموو شانەکانەوە، هاوکات ئەم دوو ساڵەی کۆتایی هاوئاهەنگییەکی زۆر بەرز هەبووە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و هەموو شانە ئەمنییەکان و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هەموویان هاوشێوەی یەک تیم کاردەکەن، لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە هەموویان پێکەوە کاردەکەن ئەمە گرنگە، بابەتی هاوئاهەنگی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی تاوانەکانی دیکەش بە دڵنیایی کۆمەڵگە بێ تاوانی لێرە و لەوێ نابێت، ئەمە مرۆڤە و وەکو لە قورئانی پیرۆز هاتووە: "(سوێند بە دەروون و ئەو زاتەی کە بە رێکوپێکی بەدیهێناون، توانای خراپە و چاکە و خوانەناسی و خواناسی تێدا بەدیهێناون)" بەڵام لە کۆتاییدا بەپێی ئامارەکان ئێستا ئاسایشی عێراق زۆر سەقامگیرترە لە زۆر لە وڵاتانی دەوروبەرمان و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش.
رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە رێکخستنەکانی داعش هەیە، ئەو چالاکییانە چین کە ئێستا داعش دەیانکات، چالاکییەکانی پێشتریان دەزانین و بینیومانە، بەڵام ئێستا سەرنجیان زیاتر لەسەر چییە لە چالاکییەکانیان؟
سەعد مەعن: بەدڵنیایی دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، ئەمرۆ توانای ئەمنی عێراق زۆر بەهێزترە لە پێشتر لەرووی پێداویستی و ژمارە و کاروبارە تەکنیکییەکان، چەک، پێداویستی لۆجستی، هەوڵی هەواڵگری و سۆنەر و زۆر وردەکاریی دیکە ئەمانە هەموویان وایانکردووە دۆخەکە بگۆڕێت، شەر لەگەڵ داعش بە تەواوی گۆڕاوە، لەماوەی زیاتر لە ساڵێک هیچ هێرشێکی داعش رووینەداوە بە تەقەکردنی راستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەوە کۆتایی هاتووە، ئەوەی داعش هەوڵی بۆ دەدات جار جار بابەتی بۆمبی چێندراوە لێرە و لەوێ و هێزێکی ئەمنی دەکاتە ئامانج لە ناوچەیەکی چۆڵ، ئەمەش بە هەمانشێوە ئامارەکانی زۆر کەمن بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ ئەوانەی دەستپێشخەری دەکەن هێزە ئەمنییەکانن، هەروەک زۆرجار لە رێگەی کەناڵە بەرێزەکەتانەوە دەیبینن هەندێک هێرشی ئاسمانی هاوبەش هەن، پشت دەبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان جا هەواڵگری سەربازی بێت یان هەواڵگری ناوخۆ و هەوڵی هەواڵگریی شانە ئەمنییەکانمان سوود لە زانیارییەکانیان وەردەگرین و هێرشی ورد دەکرێتە سەر پەناگەکانی تیرۆریستانی داعش، کە ئەوانە لە نێوخۆی شارەکان و تەنانەت لە دەوروبەری شارەکانیش نین بەڵکو لە ناوچە چۆڵ و چیاکانن، لە ماوەی رابردوودا 9 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر تیرۆریستان و بە وردی ئامانجەکان پێکراون و کوژراون، لە جوڵەی خستون، هەندێک لەو ناوچانە کەسانی گرنگی داعشیان تێدا بووە کە کراونەتە ئامانج و سوپاس بۆ خودا هێشتا پرۆسەکە بەردەوامە، بە دڵنیایی شانەی بە ئامانجگرتنی ئاسمانی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە، هاوئاهەنگی هەیە لەنێوان هێزی ئاسمانی و هەواڵگری و هێزە پیادەکان بۆ بەئامانجگرتنی داعش و پەکخستنی جووڵەکانیان.
رووداو: هیچ هەڵسەنگاندنێک هەیە لە بارەی ژمارەی چەکدارانی داعش ئێستا لە عێراق؟
سەعد مەعن: هەندێک ژمارە هەن لێرە و لەوێ زۆر ورد نین، بەڵام بەپێی ئامارەکان بە دڵنیایی لە 400 بۆ 500 تاوەکو 600 کەس دەبن تاوەکو وێنەکە روون بێت، لەنێو شارەکانیش نین وەکو گوتم، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئێستا هیچ ناوچەیەکی پارێزراو نییە بۆ تیرۆریستانی داعش، پێشتر داعش پشتی بە پارێزگاریی دەبەست تاوەکو بمێنێتەوە لە رێگەی میوانخانەی هۆزەکان و پەناگە و حەشارگەکانیان، ئەمڕۆ هەموو شارەکان و هەموو چین و توێژەکان داعش رەتدەکەنەوە، لە چەند ناوچەیەکی چۆڵن و لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانن.
رووداو: باسی جۆرەکانی تاوانت کرد، بۆ نموونە رفاندن بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆتایی هاتووە لە عێراق، دزینی ئۆتۆمبێل کەمبووەتەوە، بەپێی ئامارەکانتان تاوانی ژمارە یەک کامەیە لە رووی جۆرەوە لە عێراق؟
سەعد مەعن: بەڵێ هەڕەشەی ژمارە یەک بابڵێین مادە هۆشبەرەکانە، مادە هۆشبەرەکان کێشەیەکە بە تەنیا لە عێراق نییە و کێشەیەکە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، هەوڵێکی زۆر دەدرێت لەلایەن حکومەتی عێراق، ئەمساڵ دەبینین خواست و خستنەڕوو کەمبووەتەوە بەهۆی ئەو رێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ گرتوونیەتیەبەر، بە دڵنیایی رێکارەکان بە پاڵپشتی راستەوخۆی بەڕێز وەزیری ناوخۆیە، هەروەها گەورەترین پاڵپشتی لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوەیە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە رووی پارە و پێداویستی و هاوکات بۆ سەنتەرەکانی چارەسەر، کە وەکو نەخۆش مامەڵە لەگەڵ ئاڵوودەبووان دەکەن بەراستی دەستکەوتەکان زۆرن، هاوکات ئێمە لە رێگەی کەناڵە بەرێزەکەتانەوە بە گەلی ئازیزمان و بینەرانی کەناڵەکەتان لە هەرێمی کوردستان دەڵێێن هاوکارییەکی زۆر گەورە هەیە بەتایبەتی لەم بابەتە لەنێوان بەغدا و هەولێر، هاوکارییەکە بەجۆرێکە وەکو یەک تیم کاردەکەن و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هاوکاریی برایانی کردووە لە هەرێمی کوردستان لە پێدانی پێداویستی و زانیاری و وردەکارییەکان، هەندێکجار رەزامەندییەکان بە تەلەفۆن وەردەگیرێن، بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارە هاوکات ئەو برایانەی کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکەن، بابەتەکە بە جۆرێکە مامەڵەپێوەکردن و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بە تەواوی گەمارۆدراوە لەنێوان هەردوو ناوچەکە و ئەنجامەکان ئەرێنین بەشێوەیەکی دیار، لەپاڵ ئەوەدا هاوئاهەنگی عێراق هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە دووقۆڵییەکان یان لە رێگەی ئەو کۆنگرە نێودەوڵەتییانەی لە بەغدا دەبەسترێن کە هەموو وڵاتانی چواردەور و ناوچەکە تێیدا بەشدارن و تەنانەت وڵاتان و رێکخراوە کۆمەکبەخشەکان، ئەمانە رۆڵیان زۆر بووە، بەڵام کێشەکە هێشتا بەردەوامە، کار لەسەر هێڵێکی گرنگ دەکەین ئەویش هێڵی هۆشیارکردنەوە و رۆشنبیرکردنە تاوەکو رێگری بکەن لەم دیاردە مەترسیدارە، دوای مادە هۆشبەرەکان رەنگە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان یەکێکبن لەو بابەتانەی کە بەربڵاوە و هەستیارە.
رووداو: چۆن پێناسەی بکەین کە تاوانی ئەلیکترۆنی چییە، ئەو تاوانە ئەلیکترۆنییانە چین، کە زیاتر بەربڵاون لە عێراق؟
سەعد مەعن: ناوەناتۆرە، هەڵخەڵەتاندن، جنێو، ناوزڕاندن و بابەتەکانی دیکە کە پەیوەندییان بەوە هەیە، تەنانەت مادە هۆشبەرەکانیش رەنگە بەجۆرێک لە جۆرەکان بچنە چوارچێوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان یان تیرۆر و تاوانەکانی دیکە رەنگە سوود لەم میکانیزمە وەربگرن بواری تەکنەلۆژیا بەخێرایی پێشدەکەوێت ئەمەش وادەکات ئێمە هەنگاوی گەورە و خێرا بنێین تاوەکو لەگەڵ پێشکەوتنەکە بڕۆین، هەروەها رێگری بکەین لە کەسانی نەفسنزم بۆ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، بە رێگەیەکی نایاسایی.
رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە مادە هۆشبەرەکان هەیە، بیستمان بەتایبەت ساڵی رابردوو لە ناوچەی گەرمیان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەبوو لەنێوان ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان کارگەیەکی نێوخۆیی هەبوو، ئێمە هەمیشە بیستومانە مادە هۆشبەرەکان لە دەرەوە دێنە ناو عێراق، بەڵام ئایا ئێستا کارگەی نێوخۆیی هەیە و لە ناوخۆدا دەچێندرێت؟
سەعد مەعن: تاوەکو ئەم ساتە بەپێی زانیارییەکان من لە دەرەوە دێت، هەندێک هەوڵی شکستخواردوو هەبوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە بابەتی بەرهەمهێنان و چاندن، دوو گەورەترین هەڕەشە 'کریستاڵ و کیپتاگۆن'ن لە کارتێکەرە عەقڵییەکان، برایان لە رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان زانیاری هەواڵگرییان پێدەگات لەبارەی ئەو مادانەی لە دەرەوە دێن و بە راستی دەست بەسەر بڕی زۆردا گیراوە لەرێگەی چاودێری و دانانی سەرچاوە لەنێویان، سەرچاوەی نهێنی و شیکردنەوەی زانیارییەکان، هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ عێراق زۆر گرنگە، پێشتر بەجۆرێک مامەڵە دەکرا وەکو ئەوەی لەنێو سندوقێکدا بین و هەموو وڵاتانی دیکە هەوڵەکانیان جیاوازبوو لە یەکدی، بەڵام هەندێک خاڵی هاوبەش هەن بۆ تاوانکاران لەنێوان دوو وڵاتدا هاوئاهەنگی ئێستا زۆر بە روونی دیارە لەنێوان عێراق و هەموو وڵاتانی دیکە هەر لە رێگری لە گواستنەوە تاوەکو هەڵکوتان و دەستگیرکردنیان، بەجۆرێک لە جۆرەکان عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 وەکو چۆن نووکی رم بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ بە هەمانشێوە لیوایەکی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و قەڵاچۆکردنی هەیە.
رووداو: سووریا سەرچاوەی سەرەکی بوو بۆ کیپتاگۆن، نەک تەنیا بۆ عێراق بەڵکو بۆ زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە، ئوردنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی دەیناڵاند بەدەست کیپتاگۆنی سووریاوە، هەندێک زانیاریش هەن باس لە تێوەگلانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی کیپتاگۆن، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی روویاندا لە سووریا ئایا کیپتاگۆن کەمبووەتەوە لە عێراق، تێبینی شتێکی واتان کردووە؟
سەعد مەعن: ببینە هێزی پۆلیس لە هەر وڵاتێک بەشێوەیەکی پیشەیی کاردەکات، پەیوەندی نییە بە دەسەڵات و گۆڕانی دەسەڵات، هەروەکو چۆن خەڵک هەیە و پۆلیس لە هەموو شوێنێک کاری جێبەجێکردنی یاسایە، لەلایەکی دیکەوە ئێمە پەیوەندیدارین بەوەی سنووری عێراق سنوورێکی پارێزراوە بە رێژەیەکی زۆر، ئەمە دۆخەکەیە. ئێستا سوپاس بۆ خودا سنوورەکانی عێراق جا لە رێگەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور یان لە رێگەی سوپای عێراق و تەنانەت حەشدی شەعبی و شانە ئەمنییەکانی دیکە لە ناوچەی یەکەمەوە کە لە هەولێرەوە دەستپێدەکات تاوەکو هەموو ناوچەکانی دیکە پەرژین کراوە، پەرژینەکان جۆراوجۆرن وەکو سیم و تەلبەند و کامێرا و چەندین وردەکاریی دیکە، لێکەوتەی ئەرێنییان هەبووە بۆ پاراستنی سنوور، هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتان بەردەوامە، لەلایەکی دیکەوە جەنگی مادە هۆشبەرەکان جەنگێکی جیهانییە.
رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە رێکارەکان هەیە لە سنوورەکان، بە تایبەت دوای رووداوەکانی سووریا عێراق راراییەکی هەبوو و هیچ کەس نەیدەزانی چی روودەدات، هاوکات چەند رێکارێک هەبوون لە سنوورەکان و زیادکردنی هێزەکان، رێکارەکانی ئێستا چین لە سنووری سووریا؟
سەعد مەعن: رێکارەکان وەکو گوتم رێکارێکن کە هیچ مەترسییەک نییە لەسەر سنوورەکانی عێراق، سنوورەکان پارێزراون لە رووی سەرچاوەی مرۆیی، رێکارە هونەرییەکان، پێداویستییە لۆجستییەکان، لە هەموو روویەکەوە پارێزراوە، هێزەکانی عێراق بە تەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو، دەبینین هەندێکجار لە سۆشیال میدیا زیادەرۆیی دەکرێت هەندێک هەوڵ هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و هەندێک وردەکاریی دیکە لەنێو گەلی عێراق، بەڵام سوپاس بۆ خودا هیچ مەترسییەک نییە.
رووداو: عێراق لە ساڵانی رابردوو هەنگاوی نا بۆ جێگیرکردنی کامێرای گەرمبین لە سنوورەکان، ئەم کامێرانە لەکوێ دانراون، پێموایە ئێستا لە سنووری سووریا هەن، کاری ئەم کامێرایانە چییە؟
سەعد مەعن: ژوورێکی تایبەت هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم کامێرایانە، کامێراکان نوێن و کامێرای پێشکەوتوون، کامێرا دەتوانین بڵێین 90٪ی ئاسایشە، نموونەیەکت دەدەمێ، زۆر لەو مافیایانەی دەستگیرکراون تەنانەت لەسەر ئاستی ماڵان، ئەو کامێرایەی لە ماڵەوە هەتە پاسەوانی یەکەمە، کاتێک لێکۆڵینەوە لە هەندێک لە ئەندامانی گرووپە مافیاییەکان دەکرێت کاتێک نزیکی ماڵێک یان کارگەیەک، کۆمپانیایەک بووە و بینیویەتی کامێرای چاودێریی هەبووە ئامانجەکەی گۆڕیوە، چونکە بە دڵنیاییەوە هارد هەیە و ئەو کامێرایە پەیوەستە بە کامێراکانی دیکە و سەنتەری داتاکانەوە بۆیە تاوانەکە نەکراوە، کامێرا پاسەوانی یەکەمە بۆ رێگریی لە کردنی تاوان، یان دزەکردن بۆ نموونە ئەگەر باسی سنوورەکان بکەین، بابەتێکی دیکە پێداچوونەوە و چاودێریی کردنە، بۆ نموونە ئەگەر سنووربەزاندنێک هەبێت چاودێریی کردنی کامێراکان دەبێتە هۆکاری دەستگیرکردنیان.
رووداو: کامێراکانی گەرمبین پێموایە تایبەتمەندی زیاتریان تێدایە لە کامێرا ئاساییەکان؟
سەعد مەعن: بەڵێ بە دڵنیایی، کامێراش زانستە ئەمڕۆ ئەگەر باسی تایبەتمەندی کامێرایەک بکەین دوای هەفتەیەکی دیکە کامێرای پێشکەوتووتر پەیدا دەبێت، نەک تەنیا کامێرا بەڵکو لە رێگەی درۆنیشەوە چاودێریی سنوورەکان دەکەین.
رووداو: لەبارەی هاوئاهەنگیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، باست لەوە کرد هاوئاهەنگییەکی زۆر بەرزتان هەیە بەتایبەت لە رووبەڕوو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە رووی ئاسایشەوە بە هەمانشێوە، هاوکات هەندێک بابەتی هاوبەش هەن بۆ نموونە هەندێک لە سنوورەکانی عێراق کە لە هەرێمی کوردستانن دەستوەردانی تورکیایان تێدایە، پەکەکەیان تێدایە، هاوکات رێککەوتنێک هەیە لەگەڵ ئێران، پرۆتۆکۆلێک لەنێوان ئێران و عێراق لە بارەی سنوور کە زۆر پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان، لەم رووانەوە رێژەی هاوئاهەنگیتان چەندە؟
سەعد مەعن: راستییەکەی و بەبێ بانگەشە دەڵێم هاوئاهەنگییەکە لە بەرزترین ئاستە، لەدۆسیەی هاتووچۆ، لە دۆسیەی رەگەزنامە و کارتی نیشتمانی، لە دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان، لە دەستگیرکردن و رادەستکردنی داواکراوان، فەرمانەکانی دەستگیرکردن هاوئاهەنگییەکە لە ئاستێکی بەرزە و لێکتێگەیشتن هەیە، بە دڵنیایی ئاسایش بەش بەش ناکرێت کاتێک باسی دەوڵەت و نیشتمان دەکەین نابێت ئاسایش بەش بەش بکەین ناوچەیەک ئارام بێت و ناوچەیەک ئارام نەبێت، پێویستە هاوکاری و هاوئاهەنگی هەبێت، وەکو گوتم لە دوو ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەی زیاتری هاوئاهەنگییەکەمان بینی لە ئاستی باڵادا.
رووداو: کەواتە بۆ نموونە تاوانبارێک ئەگەر هەڵبێت بۆ هەرێمی کوردستان رزگاری نابێت و تاوانبارێکیش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەڵبێت بۆ پارێزگاکانی عێراق رزگاری نابێت؟
سەعد مەعن: بە دڵنیایی ئێمە بەپێی پێوەرەکانی پۆلیسی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەکەین و رادەستکردن هەیە، دوو دەوڵەتی جیاواز تاوانبار رادەستی یەکتر دەکەن ئیتر چۆن لە یەک وڵاتدا نابێت
رووداو: لە رووی هاتووچۆوە ئاستی هاوئاهەنگییەکەتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
سەعد مەعن: بە هەمانشێوە کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بۆ تابلۆی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆر درا و لێرەوە دەستیپێکرد لە هەولێری ئازیزەوە، هاوئاهەنگیی بەردەوام هەیە و سەردانی بەردەوام هەیە سەردانی بەڕێزان بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ و رەگەزنامە و وەکو بیستوومە بەمنزیکانە بەڕێوەبەری رەگەزنامە و بەڕێوەبەرێکی دیکە سەردان دەکەن، سەردانەکان و پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگییەکان بەردەوامن.
بهشی بكه لە