لیرەی سووری مەترسی لەسەر بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات
ناجێگیریی بەهای لیرەی سووری بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان تووشی شۆک دەکات، لە ماوەی چەند رۆژێکدا بەهاکەی بەراورد بە دیناری عێراقی 800٪ بەرزدەبێتەوە و لە ماوەی چەند کاژێرێکیشدا 50٪ دادەبەزێتەوە و زیانێکی زۆر بە سەوداکاران و بازرگانانی دراو لە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت.
حاجی غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: (دووشەممە 16/12/2024) بەهای لیرەی سووری بۆ 200 دینار دابەزیوە و یەک ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەر بە 200 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکراوە، لەکاتێکدا تەنیا سێ رۆژ لەمەوبەر بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری لە هەرێمی کوردستان گەیشتە نزیکەی 800 هەزار دیناری عێراقی و پێش رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا و هەڵاتنی بەشار ئەسەدیش بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان تەنیا 80 هەزار دیناری عێراقی بوو، واتا لە چەند رۆژێکدا 800٪ بەهاکەی بەرزبووەوە و دواتریش زۆر بە خێرایی دووبارە هەرەسی هێنایەوە.
"لیرەی سووری لە کوردستان گرانترە لە دیمەشق"
دابەزینی بەهای لیرەی سووری لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ دیمەشق لە بەدواداچوونێکی میدیاییدا ئاشکرای کرد کە لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەو وڵاتە، بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری 100 دۆلارە، کە دەکاتە 150 هەزار دیناری عێراقی، هاوکات هەر (دووشەممە – 16/12/2024) بانکی ناوەندی سووریا، بە فەرمیی نرخی دراوە بیانییەکانی بەرامبەر لیرەی سووری دیاری کرد، کە یەک دۆلار (فرۆشتن) بە 12 هەزار و 500 لیرەیە، (کڕین)یش بە 12 هەزار و 650 لیرەیە، بەڵام لە بازاڕەکانی دراوی هەولێر و سلێمانی لە نزمترین ئاستیشیدا هێشتا بەهای لیرەی سووری گرانترە تەنانەت لە بەهای ئەو دراوە لە وڵاتەکەی خۆی و لە بازاڕی دراوی دیمەشق.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانییەوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ-ی کرد گوتی: بەپێی پێشبینییەکان بەهای لیرەی سووری بە تەواوی پاشەکشێ دەکات و سووریا دراوێکی نوێ چاپ دەکات و ئەم لیرەیەی ئێستا رەتدەکرێتەوە و ئەگەری زۆرە ئەم لیرەیەی ئێستا بە دەردی ئەو 25 دینارییە عێراقییە بچێت کە سەردمی بەعس لە عێراق رەتکرایەوە و خەڵکێکی زۆر زیانمەند بوون.
گوتیشی: ئێستا هەرکەسێک لیرەی سووری لە هەولێرەوە بباتەوە بۆ سووریا 300٪ زیان دەکات، کەواتە بەپێی هەموو پێوەرە ئابووری و دارایی و بازاڕگەرییەکان ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن بە لیرەی سووری لە هەرێمی کوردستان نەشیاو و نادروستە.
" لە 12 ساڵدا ئابووری سووریا 600 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە و بەهای دراوکەی تاوەکو دێت زیاتر دادەبەزێت، مامەڵەکردن بە لیرەی سووری لە هەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارە و بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان" گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی وای گوت.
"بازاڕی ئازاد و نەبوونی چاودێری"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ حاجی غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر گوتی: لە هەرێمی کوردستان بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ئازادە و کۆنترۆڵ ناکرێت.
گوتیشی: تەنانەت بە شەوانیش خەڵک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە دراو دەکەن و گرووپ هەن کە رۆڵیان هەیە لە یاریپێکردن و بەرز و نزمکردنەوەی بەهای دراوە بیانییەکان بەراورد بە دیناری عێراقی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
هەڵکشان و داکشانی چاوەڕوان نەکراوی بەهای لیرەی سووری لەکاتێکدایە ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند: کە باردۆخی سووریا جێگیر بوو دراوی وڵاتەکە دەگۆڕن.
بهشی بكه لە