زریان رۆژهەڵاتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکە متمانەی هەیە لە ناوچەکە

16 October 2024
زریان رۆژهەڵاتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکە متمانەی هەیە لە ناوچەکە
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێت، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هاوکاتە لەگەڵ چەند رووداوێکی گرنگی ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی کەسایتییەکە کە متمانەی هەیە لە ناوچەکەدا.
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ چەند رووداوێکی گرنگی ناوچەکە و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رەهەندی ناوچەیی هەیە.
 
گوتیشی: تورکیا سەرمایەگوزارییەکی زۆری لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەنجامی هەڵبژاردنی بۆ گرنگە بەتایبەت کە ئێستا تورکیا لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پەراوێزخراوە و خوازیارە بەرەی تورکمانی لە کابینەی داهاتووی حکومەت وەزارەت وەربگرن.
 
بە گوتەی رۆژهەڵاتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ناوبژیکار بێت لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و گوتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتریش رۆڵی زۆری هەبوو لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا وسەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکە متمانەی هەیە لە ناوچەکە و رۆڵی گرێنتی دەبینێت لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا.