داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 7 ساڵدا 52 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

16 July 2024
داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 7 ساڵدا 52 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەماوەی کەمتر لە 7 ساڵدا داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 52 ملیار و 552 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی گواستنەوە بووە.
 
یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: سەرچاوەی زانیارییەکانی راپۆرتەکەمان زانیاریی فەرمین و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆکراونەتەوە، سوود لە راپۆرتەکانی وردبینیی نەوتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.
 
گوتیشی: بەپێی داتاکان، زۆرینەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە چووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە نیوەی داهاتی نەوتی بۆ ماوەتەوە.
 
بە گوتەی گەڵاڵی، تێچووی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان زیاترە لە تێچووی گواستنەوەی نەوتەکە لەنێو خاکی تورکیا ئەوەش مایەی سەرنجە.
 
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان باسی لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گرفتی گرێبەستەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان کرد و گوتی: پێویستە چارەسەری راستەقینە بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە.
 
گوتیشی، کۆمپانیاکانی نەوت هیچ گرفتیان لە پێداچوونەوە و گۆڕانکاریی لە گرێبەستەکانی نەوت نییە: "ئامادەین پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانمان بکەین، بەڵام هیچ پێشنیازێکی فەرمی لەبارەی گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە".