باڵیۆزی هۆڵەندا هانی لایەنە براوەکانی هەرێمی کوردستان دەدات 'زوو' کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن
باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق داوا لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هەوڵ بدەن بە سازان و سازش "زوو کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن."
جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ )دا گوتی، "پێویستە هانی حیزبەکان بدەین بەر لە هەڵبژاردنی عێراق حکومەت پێکبهێنن، چونکە پێموایە ئەوە دەبێتە پێگەیەکی زۆر بەهێزتر کە بەو جۆرە بچنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە."
باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر حکومەتێک پێکبهێنیت، هەمیشە پێویستت بە سازشە. پێموایە پێویستی و ئاڵنگارییەکان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییش زۆر گەورەن. بەڕاستی خەڵک پێویستی بە حکومەتێکە رێبەرایەتیی بکات و دەست بە دانانی سیاسەتی کار بکات و جێبەجێی بکات."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق:
رووداو: لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن کرا و ئێستا ئەنجام دەزانین. بۆچوونی تۆ لەسەر ئەنجامەکە چییە؟
جانێت ئەلبێرتا: زۆر خۆشحاڵم کە هەڵبژاردن کرا. پێم وایە لەسەر حیزبەکانی کوردستان بوو کە ئەم هەڵبژاردنە بکەن کە دوو ساڵێک بوو دواکەوتبوو. بە راستی خۆشحاڵم هەڵبژاردنەکە کرا، دەزانم کە بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنییانە کرا و گەلێک لە خەڵک بە جۆش و خرۆشەوە چوون بۆ دەنگدان و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە دەنگیاندا. پێم وایە ئەوە گرنگترین پەیامە کە بە ڕاستی دەمەوێت بەو هۆیەوە پیرۆزبایی لە دەسەڵاتداران و حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە ئەم هەڵبژاردنەیان کرد.
رووداو: پەیامت بۆ حیزبە سەرەکییەکان چییە کە ئێستا دەزانین یەکێتی و پارتی گەورەترین دوو براوەن؟
جانێت ئەلبێرتا: ماوەیەک لەمەوبەر قسەم لەگەڵ چەند حیزبێکدا کرد، بە تایبەتی پشتیوانیم کردن و هانمدان تاوەکو هەڵبژاردن بکەن. ئێستا هێشتا نەمتوانیوە قسە لەگەڵ حیزبەکاندا بکەمەوە، بەڵام پێم وایە پەیامەکەم لەگەڵ پەیامی هاوکارە ئەورووپییەکانی دیکەم دا یەکدەگرێتەوە کە زۆر یارمەتیدەر دەبێت و پێمانخۆشە هانی حیزبەکان بدەین بەر لە هەڵبژاردنی عێراق حکومەت پێکبهێنن، چونکە پێم وایە ئەوە دەبێتە پێگەیەکی زۆر بەهێزتر کە بەو جۆرە بچنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە.
رووداو: تۆ بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاشنایت. پێتوایە پێکهێنانی حکومەت کاتێکی زۆر بخایەنێت، بۆ نموونە وەک ئەوەی لە هۆڵەندا روویدا؟
جانێت ئەلبێرتا: هیوادارم چاو لەوەی هۆڵەندا نەکەن (لەوەدا)، چونکە هەمیشە زانیومانە هەڵبژاردن دەکرێت و پاشان حکومەتی سازان پێکدەهێنرێت. ئێستا ئێمە حکومەتێکمان هەیە کە لەلایەن چوار حیزبەوە پێکهێنراوە؛ بۆیە ئەگەر حکومەتێک پێکبهێنیت، هەمیشە پێویستت بە سازشە. پێم وایە پێویستی و ئاڵنگارییەکان لە هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییش زۆر گەورەن و بە راستی خەڵک پێویستی بە حکومەتێکە رێبەرایەتی بکات و دەست بە دانانی سیاسەتی کار بکات و جێبەجێی بکات، بۆیە دەڵێم چاو لەوەی هۆڵەندا مەکەن و هەوڵ بدەن بزانن ئایا دەتوانن بەسەر ئەجێنداکانی خۆتاندا سەربکەون و بەدوای ئەو سازشەوە بن و هەوڵ بۆ حکومەتی سازان بدەن.
رووداو: وا دیارە کە دەڵێیت لە هەموو شتێکدا چاومان لێ بکەن لەمەدا نەبێت؟
جانێت ئەلبێرتا: بەڵێ، پێم وایە ئێمە هەردوو لامان دیموکراسیەتی پەرلەمانیمان هەیە، ئەوەش هەمیشە کاتی دەوێت، بەڵام ئەگەر هەر بە راستی بتەوێت حکومەتێک پێکبهێنیت، هەندێکجار پێویستە لە کارە لەپێشینە سیاسییەکانی خۆت لابدەیت و پێویستە بیر لە سوودی خەڵکەکەت بکەیتەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگارییەکان کە مانای وایە هەر زۆر گرنگە بۆ پێشەوە بڕۆیت و پلانت هەبێت.
رووداو: ئایا پێتوایە کە ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان لەم پەرلەمانە تازەیەدا پێگەیەکی لاوازی هەیە؟
جانێت ئەلبێرتا: پێم وایە هەندێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەو ژمارە کورسییەیان بە دەستنەهێنا کە حەزیان دەکرد، ئەوەش مانای وایە کە لایەنی براوە نین و ناتوانن حکومەت پێکبهێنن مەگەر ئەوەی بانگهێشت بکرێن یان ئەوەی کە خۆت داوای بکەیت، بەڵام پێموایە کە وەک ئۆپۆزیسیۆنیش دەتوانن کار و بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن، زۆریش باشە کە ئۆپۆزیسیۆن هەبێت.
رووداو: لە بارەی ئافرەتانیشەوە، ئێستا ئافرەتی زیاتر لە پەرلەماندان. بۆچوونی تۆ لەم بارەیەوە چییە؟
جانێت ئەلبێرتا: ئەوە شتێکی جوانە کە ژنان لە پەرلەماندان، بە دڵنیاییەوە ئێمە هاندەر دەبین تاوەکو کۆمەڵگەیەکی گشتگیر هەبێت و ئەمە ئەو شتەیە کە حەز دەکەین لە هەموو وڵاتێکدا و لە ئەنجوومەنی هەر پارێزگە و شارەوانییەکدا بیبینین، بەوجۆرە زیاتر گشتگیر دەبیت. پێمان وایە ئەوە رێژەیەکی باشترە بۆ سەرکەوتن.
رووداو: دەمەوێت لەبارەی ئەو پشتیوانییانەوە بپرسم کە هۆڵەندا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابینیان دەکات، بە تایبەتی لە بواری کەشوهەوا و کشتوکاڵ. لە بواری کشتوکاڵ چۆن پشتیوانیی عێراق دەکەن؟ هۆڵەندا یەکێکە لە پێشکەوتووترین ئەو وڵاتانەی سەروکاریان لەگەڵ ئاودێری هەیە، پرۆژەکانی ئێستاتان چین؟
جانێت ئەلبێرتا: پرۆژەی زۆرمان هەیە و پێموایە زۆرێک لەوانەی پێش من و تیمە راوێژکارییەکەیشم بە درێژایی ساڵانی رابردوو تەواو بە وردی تیشکیان خستووەتە سەر ئەمە. لێرە لە هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکمان کردەوە بۆ ئاشنابوون بە بازرگانی و دەرفەتە ئابوورییەکان و بزانین ئێستا چیمان هەیە. ئێمە کۆنسووڵخانەیەکی گشتیی زۆر گەورەمان هەیە و شانازی دەکەم کە لەنێوان ساڵانی 2016 و 2018دا کۆنسووڵی گشتی بووم کە بە دڵنیاییەوە سەردەمێکی جیاواز بوو، بەڵام ئەگەر سەیر بکەم کە لە 2018وە بە کوێ گەیشتوون بە تایبەتی چ جۆرە بەرنامەیەکمان بۆ پشتیوانیی ئابووریی کشتوکاڵی و پشتیوانیی بواری شیرەمەنی و هەر شتێکی سەوزی هەرێمی کوردستان هەبووە، هەروەها لە بواری هەناردەی بەرهەمیشدا رۆڵمان هەبووە کە ئێستا پەتاتە هەناردە دەکرێت. پێموایە ئەوەش زیاتر بۆ شارەزایانی ئێمە دەگەڕێتەوە؛ هەروەها ئێوەش لە سیاسەتی کشتوکاڵیتاندا هەندێک لەو راوێژ و ئامۆژگارییانەی ئێمەتان وەک خۆیان جێبەجێ کرد کە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا دەیانکەین، بۆیە زۆر شانازی دەکەم بەو کارەی پێکەوە دەیکەین. پشتیوانییەکە تەنیا حکومەت بۆ حکومەت نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سەرەکی کەرتی تایبەت بۆ کەرتی تایبەتیشە، هەروەها دامەزراوەی زانیاریمان هەیە کە زانیاری و شارەزا بۆ دامەزراوە زانیارییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. ئێستا خەریکین هەمان شت لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین، چونکە عێراقیش گەلێک دەرفەتی کشتوکاڵیی زۆری هەیە و ئەجێندایەکی چاکسازیی ئابووریی هەیە و لەلایەن سەرۆکوەزیران سوودانییەوە پشتیوانی دەکرێت. دەبینم کە دەرفەتی زۆر هەن بۆ ئەوەی زیاتر تێکەڵاو بین، هەربۆیە زۆر شانازی دەکەم بەو شێوازی کارەوەی لە هەموو ئەم بوارانەدا لەگەڵ هەردوو حکومەتدا دەیکەین، چونکە ئێوە پێویستتان بەوەیە ئابوورییەکەتان هەمەچەشن بکەن بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و بازرگانی و بەڕێوەبردنی ئاودا؛ هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا، عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. ئێمە ئاڵنگارییەکی هاوبەشمان لە بەردەمدایە کە پێمان خۆشە یارمەتیتان بدەین، هەروەها پێویستە بیرت بهێنمەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بۆ وڵاتێکی وەک هۆڵەندا کە ئاو کاریگەریی زۆری لەسەری هەیە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو کاریگەریی لەسەرمان دادەنێت، بۆیە ئێمە ئاڵنگاریی هاوبەشمان هەیە لەم لایەنەوە.
رووداو: دوایین پرسیارم لەبارەی دۆخی ئاسایش دەبێت. ئایا پێتوایە داعش هەڕەشە بێت؟ هەروەها ئایا پێت وایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ هەنگاوێکی وەک کشاندنەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق؟
جانێت ئەلبێرتا: پێم وایە ئەگەر هێزە بیانییەکان لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێویستی بە راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی هەیە. هەمیشە دەبێت ئەو ماوەیە بیر خۆم بهێنمەوە کە لە 2016 تاکو 2018 لێرە بووم، ئەو کاتە دۆخی ئاسایش تەواو جودا بوو، پێویستە بڵێم دوایین جار کە لە بەغدا بووم شەش ساڵ لەمەوپێش بوو و دۆخەکە بە تەواوەتی جیاواز بوو. پێم وایە هێشتا شوێن هەیە کە تاوانبارانی داعشی تێیدان. پێم وایە ئێستا هێزە عێراقییەکان زیاتر لە سەرووی هەموو ئەوانەوەن کە دەبێت لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندابن تا پێکەوە بتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن و دۆخی ئاسایش زیاتر پارێزراو بکەن، بۆیە تەواو دڵخۆشم بەو شێوازی ئاسایشەی ئێستا لەم وڵاتەدا هەیە. ئێمە ئێستا لەنێو ئەرکی راوێژکاریی ناتۆداین و ئەرکی راوێژکاریی ناتۆش شتێکی جیاوازە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئێمە لەوێش خەڵکمان هەیە. لەوە تێدەگەم کە لەگەڵ کشاندنەوەی هێزەکاندا رێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی و ئاسایش دەبێت، پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی تێیدایە، ئەوە هەنگاوێکی راستە کە بنرێت، ئێمە وەک خۆمان ئامادەین بەشدار بین و ئامادەین لە بواری ئاسایشدا هاوکاری بکەین.
بهشی بكه لە