رووداوی ئەمڕۆ؛ ئەو پرسیارانەی رۆژی سەرژمێری لە هاونیشتمانییان دەکرێن
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە سبەی شەممە 16-11-2024ەوە تیمەکانی سەرژمێری سەردانی ماڵان دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، پرۆسەی سەرژمێری و سەردانی ماڵان تاوەکو رۆژی 10ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
د. دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی، سبەی قۆناخێکی نوێی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەستپێدەکات، ئەویش قۆناخی سەردانی بژمێرەکانی پرۆسەکەیە بۆ ماڵان و تۆمارکردنی زانیاریی خێزانەکانە.
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر گوتیشی، "لە رۆژی 16-11-2024 قۆناخی تۆمارکردنی زانیارییەکان دەستپێدەکات و تاوەکو 19-11-2024 بەردەوام دەبێت، دواتر لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆ لە 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024 بژمێرەکان سەردانی ماڵان دەکەنەوە و تەنیا زانیارییەکان نوێ دەکەنەوە، بۆئەوەی بزانن ئایا لەو هەفتەیەدا هیچ گۆڕانکارییەک لەو ماڵە روویداوە یان نا، وەکو لەدایکبوونی منداڵی نوێ یان گیانلەدەستدانی ئەندامێکی خێزانەکە."
"رۆژانی 20 و 21-11-2024 تەنیا پرسیاری سادە و ئاسان لە هاونیشتمانییان دەکرێت وەک ناو، تەمەن و ئاستی خوێندەواری، بەڵام رۆژانی دواتر فۆرمێکی وردی زانیاری بۆ هاونیشتمانییان پڕدەکرێتەوە،" بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر وای گوت.
"سەرژمێری تاوەکو 10-12-2024 بەردەوام دەبێت"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر باسی لەوە کرد، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە رۆژانی 20 و 21-11-2024 کۆتایی نایەت، بەڵکو دوای ئەو رۆژانەش بژمێر و تیمەکانی سەرژمێری سەردانی ماڵان و باڵەخانەکان دەکەنەوە و فۆرمێکی 77 پرسیاری پڕدەکەنەوە کە ژمارەیەکی زۆر پرسیار و وردەکاریی تێدایە.
"لەو فۆرمە 77 پرسیارییەدا بژمێرەکان پرسیاری زۆر ورد دەکەن لەبارەی ژیان و ئاستی بژێویی هاووڵاتییان. بۆ نموونە دەپرسن، سپلیت بەکاردەهێنن یان موبەریدە؟ دەپرسن، ئایا ئامێری جلشۆرتان هەیە؟ هۆکاری ئەم پرسیارە وردانەش بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی بژێوی ژیانی خەڵک، پێداویستییەکان و بەکارهێنانی کارەبا،" ئەمەش وەکو د. دڵزار حەمەساڵح لە (رووداوی ئەمڕۆ)دا باسی کرد.
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر گوتیشی، "هاونیشتمانییان جگە لە پرسیارە سەرەکییەکان لەبارەی ناو، تەمەن و ئاستی خوێندەواری، ئازادن لەوەی وەڵامی هەر پرسیارێک کە نەیانەوێت زانیاری لەبارەیەوە بدەن، نەدەنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە تاوەکو رۆژی 10/12/2024 بەردەوام دەبێت.
"تۆمارکردنی ئاوارە و بیانییەکان"
لەبارەی شێوازی تۆمارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوارە و بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سەرژمێری، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر گوتی، ئاوارەکان لە هەرشوێنێک بن تۆمار دەکرێن، بەڵام زانیارییەکانیان دەنێردرێتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان.
"هەر کەسێکی بیانی 6 مانگ بێت لە هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێت، چونکە ئەو کەسە بیانییە خزمەتگوزارییەکانی ئەو پارێزگایە بەکاردەهێنێت کە تێیدا دەژی. هەر کەسێکیش 3 مانگ بێت هاتبێتە هەرێمی کوردستان لەلایەن بژمێرەکانەوە پرسیاری لێدەکرێت کە ئایا پلانی هەیە بۆ زیاتر لە 3 مانگی دیکە بمێنێتەوە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بوو، بە هەمان شێوە لە سەرژمێری تۆماردەکرێت"، ئەوەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر.