پارێزگاری نەینەوا: جگە لە شنگال ژیان لە موسڵ و هەموو قەزاکانی نەینەوا ئاسایی بووەتەوە

14 November 2024
پارێزگاری نەینەوا: جگە لە شنگال ژیان لە موسڵ و هەموو قەزاکانی نەینەوا ئاسایی بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: نەینەوا قوڵاییە بۆ هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش قوڵاییە بۆ نەینەوا. ئاشکراشی دەکات، پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە بۆ ئاشتەوایی سیاسی و کۆکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەنجوومەنی پارێزگاکە.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: ئێستا بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە لە موسڵ و سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و فڕۆکەخانە و چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەمنزیکانە دەکرێنەوە، لە هەموو قەزاکانی نەینەوا ژیان ئاسایی بووەتەوە جگە لە شنگال کە بەهۆی دۆخی سیاسی و ئەمنی و بوونی گرووپێکی چەکدار کە عێراق بڕیاریداوە مامەڵەیان لەگەڵ نەکات، هێشتا ژیان تێیدا ئاسایی نەبووەتەوە و خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، پارێزگاری نەینەوا باس لە دۆخی سیاسیی پارێزگاکە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کێشەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات و دەڵێت: پڕۆژەیەکی ئاشتەواییان دەستپێکردووە تاوەکو هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کۆبکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن و رەوشی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئاسایی بکەنەوە.