CPT: ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران و تورکیا مەترسین بۆ چۆڵکرانی 602 گوندی دیکەی هەرێمی کوردستان

14 August 2024
CPT: ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران و تورکیا مەترسین بۆ چۆڵکرانی 602 گوندی دیکەی هەرێمی کوردستان
 
 
رووداو دیجیتاڵ

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 1991ـەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێران، 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون، تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە مەترسیی چۆڵکردن لەسەر 602 گوندی دیکەی سنوورەکە هەیە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، کە کاریان دۆکیۆمێنتکردنی بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان،  لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو حوزەیرانی ئەم ساڵ، 845 هاووڵاتی و هاونیشتمانیی سڤیل بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێرانەوە، لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.
 
تاوەکو ئێستا لەو ژمارەیە 46٪ـیان ''بە هیچ شێوەیەک'' قەرەبوو نەکراونەتەوە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئامارەکە رایگەیاند: ''ئەو 54٪ـەی کە قەرەبوو کراونەتەوە، بەشێکیان سەر بە حیزبە سیاسییەکان بوون و بەشێکی دیکەیان هاووڵاتیی عەرەب بوون کە حکومەتی عێراق قەرەبووی کردوونەتەوە."
 
کامەران عوسمان گوتی: ''نزیکەی 93٪ـی بریندارانی ئۆپەراسیۆنەکان بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو نەکراونەتەوە کە زیاتر لە 35٪ـیان پێویستیان بە چارەسەری پزیشکیی زیاترە.''