لەتیف رەشید: پشتگیرییەکی زۆرم لە لایەنە کوردستانی و عێراقییەکانەوە هەیە

14 January 2022
لەتیف رەشید: پشتگیرییەکی زۆرم لە لایەنە کوردستانی و عێراقییەکانەوە هەیە
بەربژێریکی سەرۆککۆمار رایگەیاند، پشتگیریی حیزبە کوردستانییەکان و عێراقییەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەدەستهێناوە. 
 
لەتیف رەشید، بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق رێککەوتی 14-01-2022 میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات. لەتیف رەشید لەبارەی کشانەوەی لە کێبرکێی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار گوتی، " نیازی کشانەوەم نییە." 
 
لەتیف رەشید ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندیی بەردەوامە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی عێراق. 
 
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، لەتیف رەشید گوتی، " زۆربەی یەکێتی لەگەڵمن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی باسی خۆبەربژێرکردنمم کردووە." هەروەها گوتیشی، "یەکێتی رێگرییان لێنەکردووم بۆ خۆبەربژێرکردن."
 
لەبارەی جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 لەتیف رەشید ئاشکرای کرد کە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو بڕگەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی کۆمەڵێک وەزیری کورد و عەرەب. هەروەها بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە لەتیف رەشید گوتیشی، دەبووایە هەرێمی کوردستان گوشاری زیاتری بکردایە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140. 
 
لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا ریپۆرتێکی تایبەت لەسەر قەیرانی کازاخستان پەخشکرا کە لەلایەن دێسکی ئینتەرنەشناڵی رووداوەوە ئامادە کرابوو. هەروها پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ بەشداریی بەرنامەکە کرد و گوتی، تاوەکو 19ـی ئەم مانگە رووسیا سەربازەکانی لە کازاخستان دەکشێنیتەوە. 
 
ئەم بەرنامەیە لە رێککەوتی 14/1/2022 بە شێوازێکی راستەوخۆ بەخش کرا و لەتیف رەشید، بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق میوانی بەرنامەکە بوو.