سەرۆکی کۆمپانیای هیلال: بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بۆ 800 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەکەینەوە

13 November 2024
سەرۆکی کۆمپانیای هیلال: بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بۆ 800 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی 550 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنن و پلانیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 800 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە.
 
عەبدوڵڵا قازی، سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی (پرۆژەی کەی ئێم 250) پشت دەبەستێت بە زیادکردنی بەرهەم لە تێکڕای ئێستاوە کە 520 – 530 ملیۆن پێ سێجایە بۆ نزیکەی 770 – 780 ملیۆن پێ سێجا، واتا نزیکەی 800 ملیۆن پێ سێجا.
 
عەبدوڵڵا قازی باسی لەوەش کرد "جگە لە بەرهەمهێنانی 75٪ـی وزەی کارەبا لە رێگەی گازەوە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا کۆرمۆر توانیویەتی تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە گازی ئێل پی جی (گازی ماڵان) پڕبکاتەوە و گاز هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بکات."