سۆران عومەر باسی هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەکات

13 August 2024
سۆران عومەر باسی هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەکات
 
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت بەهۆی بەجێنەکردنی مووچە و رادەستنەکردنی لیستی تەواوی مووچەخۆران کێشەی مووچە بەردەوامە و ئاشکراشی دەکات لەکۆی زیاتر لە 320 هەزار ناوی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەنیا ناوی 8 هەزار کەسیان رادەستی بەغدا کراون و لەنێو لیستی خانەنشینانیش ئاشکرابووە کە بەخێوکاری ئەسپی وەزیر بە پلەی راوێژکار خانەنشین کراوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: وەزیری دارایی عێراق ناڕەزایی دەربڕیوە لەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەخۆرانیان بە تەواوی رادەست ناکات.
 
گوتیشی: ئێستا لەکۆی زیاتر لە 320 هەزار ناوی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەنیا ناوی 8 هەزار کەس رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە بۆیە کێشەی مووچەکانیان بۆ ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە گرفتی لیستی خانەنشینان کرد و گوتی: وەزیری دارایی عێراق بە راشکاوانە بە پەرلەمانتارانی گوتووە هیچ وردەکارییەکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیان بەدەست نەگەیشتووە.
 
"بەخێوکاری ئەسپی وەزیرێک لە هەرێمی کوردستان بە پلەی راوێژکار خانەنشین کراوە، عێراق چەندین کەموکوڕیی لە لیستی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردووە" سۆران عومەر وای گوت.