رووداوی ئەمڕۆ؛ بڕیاری کشانەوە لە حکومەت بەرپرسانی گۆڕان دەکات بە دوو بەشەوە

12 October 2024
رووداوی ئەمڕۆ؛ بڕیاری کشانەوە لە حکومەت بەرپرسانی گۆڕان دەکات بە دوو بەشەوە

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی: بەشێکی بەرپرسانی گۆڕان پابەندی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت نابن

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکەیان پابەندی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت نابن و هۆکاری کشانەوەکەشیان ئەوەیە رێگەیان نەدراوە بەرنامەی چاکسازی نە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی جێبەجێ بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پابەندنەبوونی رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکات.

د. موحسین ئەدیب، بەڕیوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی پابەندنەبوونی پارتی و یەکێتی بە رێککەوتنەکان و رێگری لە بەرنامەی چاکسازی، بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت داوە نەوەک بەهۆی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە.

گوتیشی: بەشێک لە بەرپرسانی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی، پابەندی بڕیاری کشانەوە نابن و ئەوەش چاوەڕوانکراو بووە، بەڵام زۆرینە پابەندن.

"من ئێستا مۆڵەتم بەهۆی ئەوەی بەربژێری بزووتنەوەکەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەرکات مۆڵەتەکەم تەواو بوو بەدڵنیاییەوە رێکارە کارگێڕییەکانی دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی دەگرمەبەر و، ئامادەشم بۆ هەر رێکار و لێپێچینەوەیەکی یاسایی." موحسین ئەدیب وای گوت.

لەبارەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دابەشبوونیشیان بەسەر دوو بەرە و دوو مەکۆی جیاواز، ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەڵێت: بوونی کێشە لە نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان ئاساییە، دانا ئەحمەد مەجید بە رێکاری ئاسایی بووەتە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە و ماوەی شەش مانگی بۆ دەستنیشانکراوە تاوەکو هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت.