کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان

12 September 2024
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان
 
 
سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی لە هەولێر و سلێمانی کۆبووەوە، شارەزایەکی کاروباری ئێران دەڵێت، هەوڵ و دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی رێخۆشکەر بوو بۆ هاتنی پزیشکیان.
 
جەواد قادر، شارەزای کاروباری ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە و ئێران داوای لە عێراق کردووە نێوەندگیری بۆ بکات لەگەڵ سعودیە.
 
گوتیشی: پزیشکیان لە دۆخێکی زۆر تایبەتدا هاتە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵ و دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی رێخۆشکەر بوو بۆ هاتنی پزیشکیان و ئەنجامدانی ئەو سەردانە گرنگە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران لەبارەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ سلێمانی گوتی: سەردانی پزیشکیان بۆ سلێمانی زۆر گرنگ بوو بۆ پارێزگاکە.
 
گوتیشی: سەردانی پزیشکیان بۆ سلێمانی نیشانەی گرنگیی پارێزگاکەیە و هیچ سەرکردەیەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەم پارێزگایە دەستگیرنەکراوە کە ئێران داوای بکات.