چی لە دەستەی تەحریری شام چاوەڕوان دەکرێت؟
گفتوگۆی سەرەکیی ئێستا، داهاتووی سووریایە، ئایە دەستەی تەحریری شام چۆن دەبێت، ئەو ئاماژانەی تاوەکو ئێستا داویەتی کە بە گوێرەی شەریعە حوکم نەکات، ئایە وا دەمێنێتەوە یان نا؟
هەموو جیهان چاوی لەسەر ئەوەیە، نیگەرانییەکەش لەسەر ئەو پاشخانەی دەستەی تەحریری شام و سەرۆکەکەیەتی، ئەبو محەممەد جۆلانی، ناوی سەردەمی جیهادیی بوو، ئێستاش ئەحمەد شەرع.
دەستەی تەحریری شام، لە قاعیدەوە بۆ داعش و بۆ بەڕێوەبردنی سووریا و خۆنیشاندان وەکو هێزێکی حوکمڕان؟ ئەم گۆڕانانە چۆن روویاندا؟
هەر لەم بەرنامەیەدا کوردانی نێو دەستەی تەحریری شام دەناسن کە ژمارەیان نزیکەی 300 کەس دەبن. عەبدولڕەحمان فەتاحی کە موفتی شەرعییە، دیارترین کەسیانە.
لەلایەکی دیکەوە، کەوتنی دیمەشق بە دەستی تەحریری شام، گوتنەوەی هوتافی سوننە لە مزگەوتی ئەمەوی گەورەوە لە دیمەشق، چ واتا و پەیامێکی تێدایە بۆ بەرەی مقاوەمە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر نیگەرانی ئەم دۆخەیە، ئەمڕۆ بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق رایگەیاند، ئەو پلانەی لە سووریا جێبەجێ کرا، بۆ عێراقیش داندراوە لە بەغداوە بەڕێوەدەبرێت.
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق نەخشەڕێگەیەکی 11 خاڵی راگەیاند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سووریای نوێ، تێیدا جەخت لە دۆستایەتی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی سووریا و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سووریا دەکاتەوە و سەروەری ئەو وڵاتە دەکاتەوە. دەشڵێت، بڕیاری سووریا بۆ سوورییەکانە، لە کاتێکدا عێراق 13 ساڵە پشتیوانی ئەسەدە، ئەمڕۆ ئەسەد رووخاوە و ئەوانەی عێراق بە تیرۆری ناودەبردن، بوونەتە دراوسێی.
د. یاسین تەها، لێکۆڵینڤان میوانی ئەم بەرنامەیەیە
بهشی بكه لە