باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ 'کۆچبەری لێهاتوو' دەکات
باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا دەڵێت، وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی پێداچوونەوەیان بە سیاسەت و بڕیارەکانی تایبەت بە کۆچبەران کردووە و ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ 'کۆچبەری لێهاتوو' دەکات.
لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەڵمانیا هیچ گرفتێکی ئابووریی نییە و بە پێچەوانەوە پێویستی بە دەستی کارە، بەڵام پێویستی بە کۆچبەری لێهاتوو و شارەزاییە و رێکارەکانیشی وەرگرتنی کۆچبەران بۆ کۆچبەری لێهاتوو ئاسان کردووە."
باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا دەڵێت، عێراق و ئەڵمانیا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە و هەردوولایان پابەندن بەو لێکتێگەیشتنە لەبارەی رێکارەکانی ناردنەوەی کۆچبەری نایاسایی بۆ عێراق. بەپێی تۆمارەکانی ئەوانیش پێشتر ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا کردووە، بەڵام ئێستا ژمارەکە کەمبووەتەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا:
رووداو: سوپاس، گفتوگۆ لەبارەی کۆچ دەکەین، بەڵام وەکو ئەوەی کە باڵیۆزی عێراقیت لە ئەورووپا و ئاگاداری وردەکارییە سیاسییەکانیت، من چاوم بە بەرپرسانی چەند وڵاتێک کەوتووە جگە لە ئەڵمانیا، چەند دەوڵەتێکی وەکو نەرویژ، فینلاند و تەنانەت سوید، تێڕوانینێکی گشتی سیاسی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان، لەرووی سیاسییەوە بە گشتیی هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەو تێڕوانینەیان هەیە، چی روودادات لە ئەورووپا کە وایکردووە هەموو ئەو وڵاتانە بگەنە ئەم بڕوایە؟
لوقمان فەیلی: ئەورووپا ئێستا بە کۆمەڵێک ئاڵنگاری بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، دوای ئەو کێشەیەی سەریهەڵدا لەگەڵ ئۆکراینا، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورەی ئاسایش بووەوە، ئەم ساڵانەی دوایی، لە 10 ساڵی دواییدا بەتایبەت لەگەڵ بەهاری عەرەبی و رووداوەکانی سووریا، کە بوونە هۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتەوە و وڵاتانی نزیکی عێراق، هاوکات لە عێراق و سەرهەڵدانی داعش کە هۆکارێکی بنەڕەتی بوو بۆ ئەورووپا، بە تایبەت بۆ ئەڵمانیا وەکو پەناگەیەکی ئارام، ئەمە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات رەنگدانەوەی هەبوو دوای 10 ساڵ بە تایبەتی و وایکرد وڵاتانی ئەورووپا پێداچوونەوە بکەن بەو گۆڕانکارییانە، کە بەشێکی پەیوەندیدارە بە شوناس، وەکو شوناسی ئەورووپی کە ئەوە ئێستا ئاڵنگاری بنەڕەتییە لە ئەورووپا بە دیاریکراوی، هاوکات دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بەشێکی پەیوەندی بە شوناسەوە هەبوو، بەشێکیشی پەیوەندی بە کارتێکەرە ئابوورییەکانی ناوخۆوە هەبوو وەکو دۆخی تەواوی ئەورووپا لەرووی ئابووری نێوخۆییانەوە، هاوکات بەشێکی پەیوەندی بە ئاڵنگاریی ئاسایشەوە هەبوو و بەشێکی ئاسایشیش بەستراوەتەوە بە کۆچەوە وەکو تیرۆر، هاتنەناوەوەی تیرۆریستان و ئەو تێڕوانینە جیهانییەی ئێستا هەیە لەبارەی بۆچوون و شوناس و ترس لە ئیسلامی، ئیسلامی بووەتە فۆبیا لایان بۆ نموونە، ئەمە هەمووی پێکەوە وابەستەن و دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەو ئاڵنگارییە بنەڕەتییانەی کە پەیوەندیدارن بەو عێراقییانەی کۆچ دەکەن، یان بەو عێراقییانەی لە ئەورووپا نیشتەجێن.
رووداو: واتا بە گشتی دووبارە داڕشتنەوە هەیە بۆ سیاسەتی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەورووپا؟
لوقمان فەیلی: وابەستەیە بە شوناسەوە، بابەتەکە وابەستە نییە بە رەهەندی ئابووری و دەرهاویشتە ئابوورییەکان، ئەڵمانیا هیچ گرفتێکی ئابووریی نییە، بە پێچەوانەوە ئاماژە بەوەدەکەن ساڵانە 400 هەزار کەس دەخەنە سەر کار، واتا بەردەوام دەرفەت هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لێهاتوون.
ئێستا ئەڵمانیا مامەڵە لەگەڵ ئەورووپا دەکات و مامەڵە لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ کردنەوەی لێهاتوویی کار واتا بۆ کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا دەیەوێت دەرگەیەک بکاتەوە لەسەر ئاستی یاسایی و کارگێڕی تاوەکو گرێنتی ئەمنی هەبێت کە ئەم کەسە فێری زمان بووە و خوولیای فێربوونی هەیە ئینجا بگوازرێتەوە، کێشەکەیان ئەوە نییە بۆ نموونە لە رووی ئابوورییەوە نەتوانن وەریبگرن، واتا ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکە ئابووری نییە بەشێکی پەیوەندی بە شوناسەوە هەیە و بەشێکیشی پەیوەندی بە جۆرایەتی ئەو هاوڵاتییانەوە هەیە کە لە ئایندەدا دەبنە بەشێک لە قەوارەکەیان.
رووداو: ئەم ئاڵنگارییە کاردەکات و تەنانەت کاری کردووەتە سەر سیاسەتی بەشێک لە وڵاتان و سەرکەوتنی هێزی نوێ لە ئەورووپا بۆ نموونە؟
لوقمان فەیلی: لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی نێو یەکێتی ئەورووپا لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی سێ ویلایەت لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات و لەو ناوچانەی کە بەشێک بوون لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات، سەرکەوتنی راستڕەوەکان 7٪ و 8٪ بۆ 31٪ و 32٪، سەرکەوتنێکی راستەقینە هەیە و یەکێتیی ئەورووپاش ئەوە ئەنجامەکەی بوو تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا سەرکەوتن و تەنانەت ئێستا دەبینرێت کە لە سوید لەگەڵ ئەوەی کارنامەی حکومەتەکانی پێشوو، یان کارنامەی ئەو حیزبانەی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی حکومەت بەشێکیان تەرخانکراوە بۆ شوناس و لەرێگەی کۆچبەرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکەن.
هاوکێشەی هێز لە نێوخۆدا دەگۆڕێت، بیریشمان نەچێت تۆ لەسەرەتاوە پرسیارت لێکردم و سوپاس بۆ ئەو پرسیارە لەبارەی گۆڕانکاریی ئەورووپا، گۆڕانی ئەورووپا وەکو ئاماژەم پێکرد ئۆکراینا، بەشێکی وابەستەی ئۆکراینا پەیوەندی بە کۆچەوە هەیە، ئەوەش بوونی ملیۆنان ئۆکراینییە لە دەرەوەی ئۆکراینیا نەک ئاوارەی نێوخۆیی، بەشێکیان هاتوونەتە ئەڵمانیا و بەشێکیان چوونەتە وڵاتانی دیکە، پێشوازییان لێکراوە لە بەرئەنجامی دۆخی سیاسی و سیاسەتی نەیاری رووسیا و هۆکاری دیکە، ئەمە بەشێکییەتی، تەنانەت تاوەکو ئێستا ئەو کارئاسانییانەی دەکرێن بۆ پەنابەرانی ئۆکراینی زۆر دانسقە بوون تەنانەت لە ئەڵمانیا.
رووداو: پێش چەند مانگێک چاوم کەوت بە نێردراوی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ ئازادی ئایینەکان لە هەولێر بوو، بە روونی پێیگوتم هیچ دەرفەت و هیوایەک نییە بۆ ئەو عێراقییانە و تەنانەت ئەو سوورییانەی ئێستا کۆچ دەکەن و ئەوانەی دوای ساڵی 2017 هاتوون بۆ ئەڵمانیا، ئەوە زۆر روون بوو، ئێستاش گەڕاندنەوەی عێراقییەکان دەبینین و پێموایە پێش چەند رۆژێک کاروانێکی نوێ، کاروانی دووەمی عێراقییەکان کە 36 کەس بوون کۆچیان کردبوو لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتییەوە گەڕێندرانەوە و زۆرینەیان لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بوون، ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
لوقمان فەیلی: پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە تاوەکو زانیارییەکانمان سوودبەخش بن، یاساکانی کۆچ لە وڵاتان جیاوازن، واتا بۆ وەرگرتنی کۆچبەر پێوەرەکانیان جیاوازە، بەشێکیان وابەستەن بە خێرایی تێکەڵبوون بۆ عێراقی یان بۆ بیانی واتا فێربوونی زمان، پێشێلنەکردنی یاسا، گەڕان بەشوێن کاردا، نەبوونە بارگرانی بەسەر شارەوانی یان پارێزگا و ئەوانی دیکە، ئەمە لەلایەک، لایەنێکی دیکە بڕیاردان لە دۆسیەی کۆچبەران بڕیارێکی سیاسیی گشتگیرە، واتا حیزبە دەسەڵاتدارەکان تاوەکو ئۆپۆزیسیۆن رێککەوتنیان هەیە و رێککەوتنەکە پەیوەندی بە حیزبێکی دیاریکراو یان کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوەوە نییە، واتا بەوشێوەیە نییە پارتی سەوز لەگەڵ مانەوە و حیزبی ئیشتیراکی کە هەردووکیان لە حکومەتن و کۆڵەکەی بنەڕەتی حکومەتەکەن لەگەڵ کۆچ بێت، نا بڕیارێکی پێکەوەیی هەیە لەسەر ئاستی حیزبەکان، لەسەر ئاستی شارەوانییەکان سەرکەوتووە بۆ ئاستی پارێزگاکان و سەرکەوتووە بۆ ئاستی حکومەتی فیدراڵی.
ئەمە تێڕوانینی دەوڵەتە بە تەواوی، بە لایەنە جیاوازەکانییەوە لەرووی هونەری و لەسەر ئاستە جیاوازەکان، پێویستە هەست بەمە بکەین ئەمە پرسێک نییە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبێت، ئێستا لەخۆگرتن هەیە، وەکو چۆن لەخۆگرتن هەیە لە بواری وزە و لەخۆگرتن هەیە لەبواری ئاسایش و گۆڕانکارییەکانی، رێگەنەدان بە رووسیا بۆ تاکڕەوەیی بە وزەوە بۆ نموونە، یان مەترسییان لە بابەتی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا و دۆسیەی ناتۆ و پشتبەستن بە ئاسایش لە رێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ئاڵنگاری بنەڕەتیین، چوونەتە نێو هەموو حیزبەکان، هەموویان ئەو مەترسییەیان هەیە و سیاسەتەکانیان لە نێوەڕۆکدا جیاواز نین، چونکە مەترسییەکە هاوبەشە، تەونی سیاسییان هاوبەشە لەم بابەتە، واتا ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیا یان ئەورووپا لە نێوەڕۆکدا جیاوازییان نییە، ئەمە لەم چوارچێوەیەدایە.
من وەکو باڵیۆز داوام لێدەکرێت پەیوەندییەکان بەهێز بکەم لەگەڵ وڵاتێکی دیکە، چەند دۆسێیەکی ئاسایش هەن لە کۆنسووڵخانەکان و دۆسیەی سیاسی و ئابووریش هەن، لەگەڵ پەرەپێدانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان و پەروەردە و بوارەکانی دیکە، یەکێک لە گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی بوومەوە لە سەرەتاوە جۆرێک لە مامەڵەنەکردنی سیاسی ئەڵمانیا هەبوو بەرامبەر عێراق بەهۆی هاریکارینەکردنیان لە بابەتی کۆچ، کاتێکیش وردبینی داتاکان دەکەین دەبینی دەرهاویشتەی راستەقینە هەیە بۆ ئەم بابەتە بۆ نموونە خەڵک هەبووە پێشێلی یاسای ئەڵمانیای کردووە، وەکو دەستدرێژی و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان، بەکارهێنانی تووندوتیژیی بەرامبەر ئەوانی دیکە، تووندوتیژیی خێزانی، ئەم لە زیندانە و ئەم دەستگیرکراوە و ئەو لە یاسا هەڵاتووە، لە بەرامبەر ئەم شتەدا واقیعێک هەیە کە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، گەیشتە ئاستێک کە ئەڵمانیا و دواتریش یەکێتی ئەورووپا هەموویان بە گشتی گەیشتنە بڕیارێک کە عێراق هاوکاریان نییە لە بابەتی گەڕانەوەی کۆچبەراندا، ئەم واقیعەمان بینی و چەند دۆسێیەکی دیکەش تێکەڵی ئەم بابەتە کران، هاوکاریی ئابووری پەیوەندیدارە بەم بابەتە، هاوکاریی سیاسیی پەیوەندیدارە بەم بابەتەوە.
رووداو: کەواتە وەکو دەوڵەت، تۆ کە نوێنەرایەتیعێراق دەکەیت لە ئەڵمانیا بەربەستت لەبەردەمدایە لە ئەورووپا، تۆ دەتەوێت پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان و وەبەرهێنان بەهێز بکەیت، بەربەستت هەیە؟
لوقمان فەیلی: ئەم بەربەستەش هۆکاری راستەقینەی هەیە، یەکەم من وڵاتەکەم وڵاتێکی سەرکوتکاری سیاسیی نییە، وڵاتەکەم وڵاتێکی دیموکراسییە، ئازادی گەشتکردن هەیە هاووڵاتی دەتوانێت پاسپۆرت وەربگرێت و بەرپرسیارێتی هەڵبگیرێت، لە نێوخۆی عێراق هاووڵاتییە و لە دەرەوەی عێراق پاسپۆرت و وەڵاتینامەی عێراقی هەیە و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، ئەورووپییەکان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە عێراق وڵاتێکی پابەند نییە و پێویستە عێراق بخرێتە لیستی گومان لە گەشتکردن و هاریکاری، ئەمە ئەو دۆخە گشتییە بوو کە من رووبەڕووی بوومەوە وەک باڵیۆز لەکاتێکدا داوام لێکراوە پەیوەندییەکان پەرە پێبدەم، بۆیە گەیشتینە ئەو بڕوایە لەگەڵیان، گوتمان باشە رێگەمان بدەن ئەم بابەتە رێکبخەین رێگریی لە نەخۆشێکی عێراقی مەکەن کە چارەسەر وەربگرێت، رێگری مەکەن لە خوێندکارێکی عێراقی کە دێت بۆ ئەوەی فێرببێت، رێگریی لە بازرگانێکی عێراقی مەکەن کە دەیەوێت مامەڵەتان لەگەڵ بکات، رێگریی لەو عێراقییە مەکەن کە کۆچ دەکات و دەیەوێت ببێتە ئەندازیار لە کارگەیەکی دیاریکراو و توانا و لێهاتوویی هەیە و ئێوە پەسندی بکەن، ئێمە کێشەمان نییە لەوە.
ئێستا با ورد بین، ئەم بابەتانە پێویستیان بە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوانمان هەیە، ئەوەش روویدا، پەیوەندیمان لەگەڵیان رێکخستەوە، لەیادمان نەچێت ئەڵمانیا لە رووی پێگەی جوگرافی و قورسایی لە ئەورووپا زۆر گەورەیە، ئەگەر ئەڵمانیات لەگەڵ بێت واتا تۆ توانا و هێزی زۆرت هەیە لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەگەر ئەڵمانیا دژت بێت لەم سیاسەتانە واتا تۆ لاوازیت لە ناوەندەکانی بڕیار لە یەکێتیی ئەورووپا.
ئەڵمانیا ئابوورییەکەی بەهێزە، بەڵام گرنگتر لەوە ئێمە باس لە ئاستی جیهان ناکەین، بەڵکو باسی قەوارەیەک دەکەین وەکو کیشوەری ئەورووپا ئەم ئاڵنگارییەمان هەبوو، وامانکرد کە عێراق دەیەوێت چارەسەر بێت من هیچ کێشەیەکی ئاسایشم نەبووە لە رابردوو، من چارەسەری بابەتی داعشم کرد، کێشەم لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و پێکەوەژیانی ئاینی نییە، دەوڵەتێکی پۆلیسی نیم، داوا لە هاووڵاتییەکانم ناکەم بچن لە وڵاتێکی دیکە داوای مافی پەنابەری بکەن پێویستە وانەبێت، بنەماکانی جووڵە و گۆڕانکاریمان هەیە لەگەڵ ئەم رابردووە پێویستە پەیوەندییەکی باش و سرووشتیمان هەبێت وەکو هەر دەوڵەتێکی دیکە.
هاوکات رەهەندێکی دیکە ئەوەیە کە پاسپۆرتەکەمان بە قورسی ڤیزا وەردەگرێت، بەشێک لە وڵاتان دەڵێن ئەم کەسە بۆ گەشت نایەت بەڵکو وەکو کۆچبەر دێت کەواتە من بۆچی ڤیزای پێبدەم، پێویستە بەرێکاری هەستیار و توونددا بڕوات بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە داوای لێبووردنەوە کەرامەتی تاکی عێراقی لەکەدار دەکەن، ئەمەش پێویستە چارەسەر بکەین، بابەتەکە لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەیە، لە چوارچێوەی ئەم دۆخەیە، بابەتێک نییە کە وابەستەی دۆسیەیەکی لاوەکی بێت، بەڵکو پەیوەستە بەوەی بەشێک لە پەیوەندییەکان دەبێت بگەڕێنەوە.
رووداو: کەواتە ئەمە ئاڵنگارییەکەیە، چۆن گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئەڵمانیا، ئایا هیچ رێککەوتنێک هەیە لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق؟
لوقمان فەیلی: لێکتێگەیشتنی نووسراو هەیە، مەرج و پابەندی هەیە، لایەنی ئەڵمانی پێویستە پێوەی پابەند بێت و لایەنی عێراقی پێویستە پێوەی پابەند بێت، بنەما هەیە ئەو عێراقییانەی کە وەڵاتینامەی دیکەیان نییە بەشیکن لە لێکتێگەیشتنەکە، میکانیزمی ورد هەن بۆ بابەتەکە، پاراستنی کەرامەتی خێزان و تایبەتمەندی خێزان هەیە بابەتگەلێکی دیکە رەچاوکراون، گفتوگۆ لەبارەی هەموویان کراوە، گفتوگۆی درێژ نەک رۆژ و شەو و تەنانەت چەند مانگێک، زیاتر لەوەی خایاند تاوەکو گەیشتینە لێکتێگەیشتن.
عێراق رێگریی لە گەڕانەوەی هیچ هاووڵاتییەکی ناکات کە بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئێمە ناتوانین بە کەس بڵێین مافت نییە بگەڕێیتەوە بۆ عێراق، ئێمە پاسپۆرتمان داوەتێ و ئەویش هاووڵاتییە و مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە، ناشتوانین بیسەپێنین بەسەر وڵاتانی دیکە و پێیانبڵێین مەرجەکانی مافی مانەوەتان چییە، هەموو وڵاتێک سەروەری هەیە و بابەتی مافی مانەوە بەشێکە لە سەروەری، ئێمە رێز لە سەروەریی وڵاتان دەگرین تاوەکو ئەوانیش رێزی سەروەریمان بگرن.
رووداو: کەواتە بە کورتی عێراق دژی بڕیاری ئەڵمانیا نییە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرە نایاساییەکان تەنانەت ئەگەر بەزۆریش بێت؟
لوقمان فەیلی: رێکی دەخەین، ئێمە ناڵێین ئێوە بیاننێرنەوە و پێشوازییان لێدەکەین، گرتنەبەری رێکار هەیە، سەلماندن هەیە، دڵنیابوونەوە لە دۆسیەکەی هەیە، بەدوادچوونی رابردووی کەسەکە هەیە، چەند لایەنێکی دیکە هەیە، بیرمان نەچێت لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە وەکو وڵاتێک کە نەهامەتیمان بینی بەدەست تیرۆرەوە و هەندێک لە داواکراوانی تیرۆر کە عێراقی بوون یان بەخۆیان دەگوت عێراقی، دەرگایان بۆ واڵا بکەین و هاوشێوەی هەر هاووڵاتییەکی دیکە بگەڕێنەوە، ئێمەش وەکو هەر دەوڵەتێکی دیکە، بیرمان نەچێت ئێستا عێراق لە قۆناخی چارەسەردایە لە تیرۆر چارەسەر لە جەنگ لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کە ناوی داعشە، یان قاعیدە، لە کۆتاییدا ئێمە بەشێک لەوانەی دێنەوە دەبێت دڵنیابین لێیان، خشتە و هەڵسەنگاندنمان هەیە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆسیەیەک دەکەین بە وردی، ژمارەیەک یان دەرگایەکی واڵا نییە، بنەما هەیە بۆ ئەم بابەتە.
رووداو: کەواتە هاوئاهەنگییەکی زۆر هەیە، ئەڵمانیا کۆچبەرانی عێراقی ناگەڕێنێتەوە بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق، وەکو ئاماژەت پێدا کە پێویستە سەرەتا بیسەلمێنێت عێراقییە و داواکراو نییە؟
لوقمان فەیلی: چەند مەرجێک هەن، هەندێک بابەت پەیوەندی بە خێزانەوە هەیە، هەندێکیان پەیوەندییان بە دۆخی تەندروستی هەیە، هەندێکیان پێویستیان بەوەیە پاڵپشتی دارایی بکرێن لەم بابەتە، بەشێکیان وەبەرهێنانیان کردووە یان پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە تاوەکو بگەنە ئەورووپا، بیریشمان نەچێت ئێمە وەکو باڵیۆزخانە چەندین کێشە و دۆسیەمان هەیە ئەم گەنجە مرد لە فڵان دارستان لە ئەنجامی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
ئەو کەسەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکات بازرگانی بە هەموو شتێکەوە دەکات، چەک، مادە هۆشبەرەکان و ئەوانەی دیکە هیچ گرفتێکی نییە، من لە بنەمادا کێشەم لەگەڵ ئەوە هەیە کە یاسایی نییە گواستنەوەیەک ببێتە هۆی مردن یان لەکەدارکردنی کەرامەتی خەڵک، یان گرتنەبەری رێگا بۆ ئەو وڵاتانەی کە جەنگیان تێدایە، یان رێگەی مەترسیداری دەریا و هەندێکیان نقووم دەبن لە دەریای سپی ناوەڕاست، ئێمە لە بنەمادا کێشەی مرۆییمان هەیە و پێویستە چارەسەری بکەین، بەشێکی ئەوەیە کە هەموو عێراقییەک بزانێت ئەڵمانیا پێشوازییان لێناکات وەکو پێشوو، یان ئەوەی کە باس دەکرێت راستی نییە، بەو بۆنەیەوە با وردتر بم بەشێک لەم بابەتە پەیوەندی بەوەوە هەیە بەشێک لە عێراقییەکان کە لە ئەڵمانیا دەژین دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و باسی ئەوە دەکەن بە ئاسانی دەتوانن چێشتخانە دابنێن و تیکتۆک و خۆشگوزەرانی تاوەکو دوایی...، کاتێک هاووڵاتییەکی عێراقی دێتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری دەکات و واقیعەکە دەبینێت دەڵێت ئەو عێراقییانەی لێرەبوون لە تیکتۆک باسی شتێکی دیکەیان دەکرد، پێیاندەڵێین ئێوە ئازادی رادەربڕینتان هەبوو، ئازادی بە خاوەنبوونتان هەبوو لە وڵاتی خۆتان هاتنتان بۆ ئێرە باش نییە، بیرمان نەچێت عێراق دەوڵەتێکی شەفافە نەک دەوڵەتێکی داخراو کە دیواری ئاسنینی هەبێت وەکو سەردەمی سەددام نییە، ئێستا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوونیان هەیە و خەڵک دەتوانێت راستییەکان وەکو خۆیان بزانن لەبارەیەوە.
رووداو: ژمارەی عێراقییەکان چەندە هیچ هەڵسەنگاندنێک هەیە بۆ ژمارەی ئەو عێراقییانەی کۆچیان کردووە کە داواکارییەکەیان بۆ پێدانی پەنابەریی رەتکراوەتەوە یان داوای مافی پەنابەرییان کردووە ئێستا لە ئەڵمانیا؟
لوقمان فەیلی: نازانین چەند کەس ئێستا داوای پەنابەرییان کردووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ژمارەکان بەرز بوون، 10 هەزار کەس لە ساڵێکدا بۆ نموونە، لەم ساڵانەی دوایدا، زیاتریش بوو.
ئەو کەسانەی رەتکراونەتەوە ئێستا ژمارەیان زۆر کەمتر لە رابردووە، بە چەند هۆکارێک، بەشێکیان پەیوەندی بە یاساکانەوە هەیە، ئەو رێکارانەی ئەڵمانیا گرتوویەتییەبەر و گۆڕانکاریی کردووە لەوەی کەسێک دوو وەڵاتینامەی هەبێت، پێشتر مافی ئەوەت نەبوو دوو وەڵاتینامەت هەبێت، کەمکردنەوەی مەرجەکانی پێدانی وەڵاتینامە، کەمکردنەوەی مەرجەکانی مافی پەنابەری، پێشتر زمان مەرجی سەرەکی بوو لە تەمەنێکی دیاریکراودا، بابەتی کارکردن، بۆ نموونە ئێستا تۆ هیچ دۆسێیەکی ئەمنیت لەسەر نەبێت و هیچ کێشەت نەبێت بەڵام کێشەی مافی پەنابەریت هەیە رێگەت پێدەدات ماوەی 18 مانگ، ساڵ و نیوێک دەستەبەر نەکرێیت و چاودێریی ئەنجامەکان دەکات، یان بەشێک لە زمان فێرببیت، دووبارەی دەکەمەوە ئەوان پێویستیان بە دەستی کارە، بەڵام پێویستیان بە کەسانێکە کە لێهاتووییان هەبێت.
رووداو: کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر گوتی ئێمە پێویستمان بە پەنابەرە، بەڵام ئەو پەنابەرانەی لێهاتووییان هەیە، پێویستمان بە لێهاتووییە، پێموایە ئێستا گۆڕانکارییەکیش هەیە و یاسایەکی نوێ بۆ پەنابەران لە پەرلەمانی ئەڵمانیایە؟
لوقمان فەیلی: ئامادەیان کردووە، پێموایە مانگی پێنج بوو، ژمارەکانی کەمکردەوە و ئەو کەسانەی بە نایاسایی هاتبوون بوونێکی یاسایی کاتییان پێبەخشین لانیکەم بۆ ساڵێک و دوو ساڵ، ژمارەکان ئێستا زۆر کەمترن لە پێشتر.
پێموایە ژمارەکان کێشەی بنەڕەتی نین، بەڵکو کێشە سەرەکییەکە بابەتیبوونی گەڕانەوە و کۆچی نایاسایی عێراقییەکان و هاتنیانە بۆ ئەڵمانیا.
رووداو: ئەو کەسەی لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق ئەو هاوکارییانە چین کە پێشکێشی دەکرێت لەلایەن ئەڵمانیا یان یەکێتیی ئەورووپا و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە؟
لوقمان فەیلی: با بڵێین پاکێجێک هەیە، یان چەند رێکار و چارەسەرێک هەن کە ئەڵمانیا پێوەی پابەندە یان زیاتر لە رێکارێک، ئەمە پەیوەندی بە خودی ئەو عێراقییەوە هەیە، ئەگەر خۆبەخش بێت و بڕیاری لەبارەوە درابێت و ناچار نەکرابێت بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و پێداویستی زۆری بۆ دابین دەکرێت بەپێی رێککەوتنەکان کە هەیە، پارە و گرێنتی و چاودێریی تەندروستی پێشکێش دەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بڕە پارەیەکی بۆ گیرفان دەدرێتێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو واتا کارئاسانی بۆ دەکرێت، هاوکات ناوی لە لیستی رەش لادەبرێت تاوەکو لە ئایندەدا بتوانێت گەشت بکاتەوە، بیرت نەچێت بابەتی گەشتکردن تەنیا پەیوەندی بە ئەڵمانیاوە نییە، پەیوەندی بە هەموو وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە لە رێگەی شنگن، ئەمە هەیە، هاوکات کەسانێک هەن پێداگیری دەکەن لەوەی نایانەوێت بگەڕێنەوە بەڵام ئێمە ناتوانین رێگریی بکەین و ئێمە لە کۆتاییدا مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەین و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێک دەکەین، کە رێزمان دەگرێت و ئێمەش رێزی لێدەگرین و سەروەریی هەیە، لە ئەنجامدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
رووداو: راپۆرتێک هەبوو لە میدیای ئەڵمانیا (ئێن دی ئار) و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی دیکە لەبارەی بوونی رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان عێراق و ئەڵمانیا، هیچ رێککەوتنێکی نهێنی هەیە؟
لوقمان فەیلی: نهێنی نییە، بیرت نەچێت دەوڵەت کاتێک رێزی خۆی دەگرێت، پابەند دەبێت بەو بەڵگەنامانەی دەیبێت، کە دەڵێین عێراق چارەسەر دەبێت، چارەسەر دەبێت پشتیوان بە خودا و رێزی ئەم بابەتە دەگرێت.
بهشی بكه لە